رێکخراوێکی ئەمریکی: تورکیا 300 تانکی بردووەتە شەش گوندی دهۆک و ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆن دەکات

27-06-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی ئاشتی جیهانیی ئەمریکی ناسراو بە (CPT) رایگەیاند، هێزەکانی تورکیا لە 10 رۆژی رابردوودا زیاتر لە 300 تانکیان بردووەتە سنوورەکانی شەش گوندی هەرێمی کوردستان و ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دەکات.
 
تیمی کوردستانی رێکخراوی (CPT)ـیی ئەمریکی، لە راپۆرتێکدا راگەیاند "10 رۆژە سوپای تورکیا بە 300 تانکی سەربازییەوە مانۆڕێکی دیکەی سەربازیی لە خاکی هەرێمی کوردستاندا دەستپێکردووە، سوپاکە لە بەرواری باڵا جموجۆڵی زەوینی هەیە و چوونەتە نێو چەندین گوندی ناوچەکە."
 
بەپێی راپۆرتەکە "سەربازانی تورکیا لەنێو گوندەکانی کێستە، ئارادنا، چەلکێ، بابیرێ، ئورە، سەرەڕۆ لە ناحیەی کانی ماسێ بینراون کە بە پیادە لەنێو گوندەکاندا هاتووچۆ دەکەن."
 
CPT، بایەخ بە تۆمارکردنی پێشێلکارییەکانی تورکیا و ئێران دەدات و قوربانیان و زیانەکان دەژمێرێ، لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە "ئەو جموجۆڵەی هێزەکانی تورکیا، ترسی خستووەتە نێو گوندنشینانی ئەو ناوچانە و ناتوانن ئاژەڵداری و کشتوکاڵ بکەن." 
 
کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لە 28ـی کانوونی دووەمی 2024 سوپای تورکیا دەستی کرد بە دروستکردنی رێگەیەکی سەربازی لەنێوان ئەو بنکە و بارەگا سەربازییانەی لە ساڵی 2021 لە بەرواری باڵای ناحیەی کانی ماسێ لە دهۆک دروستی کردبوون، رێگەکە بە قووڵایی 9 کیلۆمەتر لە خاکی کوردستان دروستکرا، لە 10ـی نیسانی 2024  هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق، دوو بارەگای سەربازییان لە گوندەکانی سنوری قەزای باتیفا، لەسەر ملی سیارە و چەپەری ئینگلیز لە رۆژئاوای ناحیەی کانی ماسێ جێگیرکرد. لە وەڵامدا سوپای تورکیا لە خۆرهەڵاتی قەزای باتیفا و لە گوندەکانی بەرواری باڵا لە سنووری ناحیەی کانی ماسێ، دەستیان بە جموجۆڵی سەربازی کرد بۆ نێو گوندەکان."
 
ئەندامەکەی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (CPT)ـیی ئەمریکی پێیوایە دروستکردنی دوو بارەگا سەربازییەکەی عێراق "تورکیای نیگەران کرد"، ئەگەرچی بە سەدان خانەوادەی گوندەکانی کەشان و شیلان و بانکێ و دەیان گوندی دیکە لە قەزای باتیفا، لەدوای 13 ساڵ لە ئاوارەبوون، توانیان بگەڕێنەوە گوندەکانیان و گوندەکان ئاوەدان بکەنەوە."
 
کامەران عوسمان لەبارەی جموجۆڵە نوێیەکانی چەند رۆژی رابردووی هێزەکانی تورکیا، دەڵێت "لە 10 رۆژی رابردوودا و لە رێگەی ئەو رێگە سەربازییانەی تورکیا لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا بونیادی ناون، 300 تانک و زریپۆشی هێناوەتە گوندەکانی، ئورە، سەرەڕۆ، ئەرادنا، کێستە، چەلکێ و بابیرێ. لە سێ رۆژی رابردوودا، نزیکەی هەزار سەربازی تورکیا لەنێوان بارەگای سەربازیی گرێ باروخ (کە گەورەترین بارەگای سەربازیی تورکیایە و لە ساڵی 1997ـەوە لەنێو خاکی هەرێمدا دروستکراوە) و چیای مەتین لە پشتی ناحیەی بامەڕنێ هاتووچۆ دەکەن."
 
بەپێی رێکخراوە ئەمریکییەکە "سوپای تورکیا لە بەرەبەیانیی 25ـی حوزەیرانی ئەمساڵەوە، خاڵێکی پشکنینی لەنێوان گوندەکانی بابیرێ و کانی بەلاڤێ جێگیرکردووە، هەر هاووڵاتییەکی مەدەنی لەو ناوچەیادا هاتووچۆ بکات، ناسنامەی عێراقی لێوەردەگیرێت و دوای پشکنینی ناسنامەکەی رێگەی پێدەدرێت بڕوات."
 
رێکخراوەکە پێیوایە "ئامانجێکی دیکەی تورکیا لەم مانۆڕە سەربازییە، گەیشتنە بە چیای حەوت تەبەق لە ناحیەی شیلادزێ و دواتریش داگیرکردنی زنجیرە چیای گارا کە بەمە حکومەتی هەرێمی کوردستان 70 بۆ 75٪ـی سنووری دەسەڵاتی خۆی لە پارێزگای دهۆک لەدەستدەدات."
 
کامەران عوسمان دەڵێت "ئەگەر ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا سەربگرێت، بە دەیان گوند و شارەدێ رووبەڕووی مەترسی دەبنەوە و بە سەدان گوندنشین و هاووڵاتی مەدەنی ئاوارەدەبن. بەشێکی گرنگی خاکی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە دەستی سوپای تورکیاوە و ئەستەم دەبێت جارێکی دیکە ئەم ناوچانە بخرێنەوە ژێر رکێفی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق."
 
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو ئایاری 2024، سوپای تورکیا 833 هێرش و بۆردوومانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان کردووە، لە ئەنجامدا هەشت هاونیشتمانی شەهید بوون.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پیسبوونی ژینگەی هەولێر.

زیاتر لە 190 پاڵاوگەی نایاسایی ژینگەی هەرێمی کوردستان پیس دەکەن

مادە پیسکەرەکانی زەوی، ئاسمانی شارەکانی هەرێمی کوردستانیان دادەپۆشیوە. بەتایبەت لە هەولێر. تاوەکو ئێستا وێستگەی پێویست بۆ پێوانەکردنی رێژەی پیسیی هەوا لە هەرێمی کوردستان دانەنراوە، بۆیە رێژەکەی نازاندرێت.