رووداو دیجیتاڵ
نیلوفەری تەمەن 27 ساڵان، دوای ئەوەی لەلایەن پیاوێکەوە لە شاری پیرانشار بە ناوی (سەید عیزەت تاهیری) بە بیانووی هاوسەرگیری هەڵدەخەڵەتێندرێت، بۆ ماوەی هەفتەیەک دەستبەسەر دەکرێت و ئەشکەنجە دەدرێت. بەهۆی سەختیی برینەکانییەوە، نیلوفەر لە نەخۆشخانە گیان لەدەست دەدات، بەڵام چیرۆکە تراژیدییەکەی، دەرگا لەسەر زنجیرەیەک تاوانی دیکەی بکوژەکە دەکاتەوە. برای بکوژەکە دەڵێت: "پێشتر ژنێکی دیکەی کوشتووە و هاوسەرگیریی لەگەڵ 13 ژن کردووە."
تۆمەتبارەکە بۆ ماوەی چوار رۆژ نیلوفەری بێ نان و ئاو هێشتووەتەوە، دەست و قاچی بەستووەتەوە و دواتر لە سەربانی ماڵەکەی فڕێی داوەتە خوارەوە. هەرچەندە سەرەتا لە نەخۆشخانە گوتبووی بە رووداوی ئۆتۆمبێل وایلێهاتووە، بەڵام دواتر دانی بە راستییەکاندا ناوە.
هیوا بابەک، خاڵی نیلوفەر، لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکەشی دەکات گوتی، تۆمەتبارەکە لە دادگە دانی بە هەموو تاوانەکانیدا ناوە. بە گوتەی هیوا، "تۆمەتبار دانی بە دەستدرێژی، برسیکردن، ئەشکەنجەدان و کوشتنی نیلوفەردا ناوە." ئەو هەروەها ئاشکرای کرد کە بکوژەکە "گوارەی گوێی نیلوفەری فرۆشتووە و گوێی بڕیوە."
خێزانی نیلوفەر داوایان کردووە کە بکوژەکە "هەرچی زووە لە پیرانشار لە سێدارە بدرێت" و رایانگەیاندووە کە سکاڵا لەسەر ئەو مەلایە و ئەو کەسانەش تۆماردەکەن کە ئامادەی گرێبەستی هاوسەرگیرییەکە بوون. هیوا بابەک دەڵێت، "هیچ پەشیمانییەک بە رووخساری بکوژەکەوە دیار نەبوو."
سەید ئەنوەر، برای تۆمەتبارەکە، لە (بەرپرسیار) دانی بە تاوانەکانی براکەیدا نا و زانیاریی حەپەسێنەری ئاشکرا کرد. ئەو دەڵێت، "براکەم 12 ساڵ لەمەوپێش ژنێکی دیکەی بە ناوی زارا بە ئەشکەنجە کوشت، بەڵام تەنیا پێنج ساڵ زیندانی کرا."
ئەو هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە براکەی "ناتەواوە، سەرخۆشە و کێشەی دەروونیی هەیە" و تاوەکو ئێستا 13 ژنی هێناوە. سەید ئەنوەر دەڵێت، "زیاتر لە 300 کەس لە بنەماڵەکەمان بەدەست براکەمەوە دەناڵێنن و لە شەرمی کارەکانی ئەو ناتوانین بچینە دەرەوە."
سەبارەت بە کەیسی نیلوفەر، برای تۆمەتبارەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ئەوان پێشتر دایکی نیلوفەریان ئاگادارکردبووەوە لەبارەی رابردووی براکەیانەوە. ئەو هەروەها دەڵێت، براکەی لە کاتی هەوڵدان بۆ راکردن بەرەو باشووری کوردستان دەستگیرکراوە، کە لەوێش بە تۆمەتێکی دیکە داواکراوە.
سوهەیلا مەهدی زادە، پووری نیلوفەر، لە (بەرپرسیار) ئاشکرای کرد، بکوژەکە بۆ رازیکردنی مەلا بۆ مارەبڕینی نیلوفەر، درۆیەکی گەورەی کردووە. "بە مەلاکەی گوتبوو دایک و باوکی نیلوفەر داعش کوشتوونی و خەڵکی گوندی شێنێی باشووری کوردستانە و کەسی نییە."
ئەو هەروەها باسی نیلوفەری کرد و گوتی، "پەراسووی شکابوو، هەموو گیانی رەش و شین ببوو، ئەو کچانەی تەرمەکەیان شۆردبوو، بینیبوویان مێشکی پژاوە."
خێزانی نیلوفەر جەخت لەوە دەکەنەوە کە سکاڵا لەسەر ئەو مەلایە تۆماردەکەن و دەپرسن، "چۆن دەکرێت کچێک بەبێ ئامادەبوونی دایک و باوکی مارە بکرێت؟"
کەیسەکە ئێستا لە قۆناخی لێکۆڵینەوەدایە و خێزانی نیلوفەر و رای گشتی چاوەڕێی بڕیاری دادگەن، لە کاتێکدا کەسوکاری تۆمەتبارەکەش دەڵێن ئەوان بەرگری لە تاوانبار ناکەن و دەبێت بە سزای خۆی بگات.
