رووداو دیجیتاڵ
لە سەردەشتی سەر بە چیای شنگال، مامۆستایان و زیاتر لە 400 قوتابی چارەنووسی خوێندنیان نادیارە، دوای ئەوەی تاکە قوتابخانەکەی ناوچەکەیان دەرگاکەی داخرا.
قوتابخانەی سەردەشت، کە پۆلەکانی یەکی سەرەتایی تاوەکو شەشی ناوەندی لەخۆدەگرت، لەسەر زەویی هاووڵاتییەک بەشێوەی کاتی دروستکرابوو. ئێستا خاوەنەکەی زەوییەکەی وەرگرتووەتەوە و دەرگای قوتابخانەکە بەڕووی قوتابییاندا داخراوە.
موراد کەکا، یەکێک لە مامۆستایانی قوتابخانەکە، بە رووداوی گوت، "خاوەن زەوییەکە پێویستی بە زەوییەکەی بووە و وەریگرتووەتەوە. ئێستا داوا لە لایەنە پەیوەندیدار و پەرلەمانتاران و رێکخراوە مرۆییەکان دەکەین یارمەتیمان بدەن و چارەسەرێک بۆ ئەم منداڵانە بدۆزنەوە."
ئەگەر دەرگای قوتابخانەکە نەکرێتەوە، قوتابییان ناچارن رۆژانە چەندین کیلۆمەتر ببڕن بۆ ئەوەی بگەنە قوتابخانەکانی دیکەی ناوچەکە، ئەمەش نیگەرانیی لای قوتابییان و کەسوکارەکانیان دروستکردووە.
دڵمان کاکۆ، یەکێک لە قوتابییەکان، دەڵێت "ئەگەر دەرگای قوتابخانەکەمان نەکرێتەوە، ناتوانین کرێی پاس بدەین و ناچارین بچینە قوتابخانەیەکی دوور لە سنوونێ."
کەسوکاری قوتابییان دەڵێن، چەندین جار داوایان لە بەرپرسانی نەینەوا کردووە کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکیان نەبووە و نیگەرانن لەوەی "ماندووبوونی منداڵەکانیان بەهەدەر بچێت."

