بۆ خوانی جەژن، برنجی کوردی خواستی زۆری لەسەرە

27-06-2023
لەمیا رەسوول
خواست لەسەر برنجی کوردی بۆ خوانی جەژن
خواست لەسەر برنجی کوردی بۆ خوانی جەژن
نیشانەکردن جەژن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سبەی، یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە و ئامادەکردنی ژەمی بەیانیی جەژنیش لەنێو کورددا کولتوورێکی دێرینە، بەشێکی زۆری هاونیشتمانیان بۆ بەیانیی جەژن، برنجی کوردی پەسن دەکەن و خواستی زۆریان لەسەری هەیە، ئەوان دەڵێن برنجی کوردی هەم تامی خۆشترە و هەم تەندروستترە.
 
شلێر، کابانی ماڵە و دەستی بە ئامادەکاری کردووە بۆ ژەمی جەژن، ئەو دەڵێ "برنجی کوردی تامی خۆشترە و خەڵک خواستی لەسەری زیاترە، بۆ سەلامەتیش برنجی کوردی سەلامەتترە، چونکە نیشاستەی کەمترە لە برنجەکانی دیکە".
 
بازاڕەکانی هەولێر پڕن لە جۆرە جیاوازەکانی برنج، شەمسەدین دووکاندەرە و باسی جۆرەکانی برنج و سەرچاوەکانیان دەکات، دەڵێ لە بازاڕ "برنجی هیندی، پاکستانی، تایلەندی (زۆرن) و زیاتر خواست لەسەر برنجی هیندی هەیە، هەروەها برنجی کوردیش بازاڕی باشە".
 
ئەو فرۆشیارە ئاماژە بەوەش دەدات خەڵکی هەولێر زیاتر حەزیان لە برنجی کوردییە، دەڵێ "هەولێرییە کۆنەکان دەیکڕن، ئەوان زیاتر برنجی کوردی بەکاردێنن".
 
بازاڕەکانی هەولێر قەرەباڵخ بوون و هاونیشتمانیان ئامادەکاری دەکەن بۆ کڕینی ئەو شتوومەکانەی بۆ جەژن پێویستن.
 
عەبدولستار مەحموود هاونیشتمانیەکە کە روویکردووەتە بازاڕ بۆ کڕینی کەرەستەی جەژن و یەکەم شتیش لەسەر لیستەکەی، برنجی کوردییە.
 
عەبدولستار پێی وایە، برنجی کوردی لەڕووی تەندروستییەوە باشترە و وەک برنجەکانی دیکە نییە چونکە وەک خۆی دەڵێ "برنجەکانی دیکە نازانرێت لە چ وڵاتێکەوە دەهێنرێن یان چ جۆرە برنجێکن، بۆیە برنجی کوردی باشترە".
 
هیندستان، پاکستان، چین، تایلاند، ئێران، ڤیێتنام، رووسیا و ئەمریکا ئەو وڵاتانەن، کە زۆرترین بڕ و جۆری برنجییان لێوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.  

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە