لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە دەشتی کۆیەی سنووری پارێزگای هەولێر، سێ هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا کە دوویان بران. رووداو دیجیتاڵ ئەمڕۆ 31ی مانگ لە رێگەی نێوان ناحیەی ئاشتی و قەزای کۆیە کە بە دەشتی کۆیە ناسراوە، نزیکەی کاژێر 16:00، رووداوێکی هاتووچۆ لە نێوان بارهەڵگرێک (پەمپی چیمەنتۆ) و ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا هایلۆکس روویدا و بووە هۆی گیان لەدەستدانی سێ کەسی ناو تۆیۆتا هایلۆکسەکە کە دوویان برا بوون. زانیار شەریف، شایەتحاڵی رووداوەکە بووە، چیرۆکەکە بۆ رووداو دەگێرێتەوە و دەڵێت:" سەیارەکان بە خێراییەکی زۆر لێکیان داو نزیکەی 40 خولەک بە سێ سەیارە خەریک بووین بۆمان لێک نەدەبوونەوە." بەهزاد و رێبوار مورادی برای کە تەمەنیان 47 و 49 ساڵان و دیاری دڵپاکی تەمەن 25 ساڵانیش کە زاوایان بووە، لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە. سامان مەغدید، کەسوکاری قوربانییەکان کە لە مزگەوتی خێرخوازانی قەزای کۆیە چاوەرێی وەرگرتنەوە تەرمەکان بوو، سەبارەت بە رێگەی دەشتی کۆیە بە رووداوی گوت:" جێگای ئەو قەرەباڵخیەی نییە، ئەو هەموو تڕێلە لە کەلار، سلێمانی و سنووری ئێران دێتەوە ئەو رێیە." رێگەی دەشتی کۆیە یەک سایدە و پێچی زۆرە، شارێی نێوان پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانییە و زۆربەی تانکەر و بارهەڵگرەکان لەو رێگەیە هاتووچۆ دەکەن.