رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق دەڵێت، بەبێ هەڵبژاردن دەسەڵاتەکان لە هەرێمی کوردستان "رەوایەتیی دیموکراتییانەیان نابێت.. چاکسازی بەبێ پەرلەمانێکی یاسایی ناکرێت." لەبارەی عێراقەوە دەڵێت، بەرەو کەرتی تایبەت هەنگاو دەنێت.
تۆماس سیلەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو تاوتوێی چەند پرسێکی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان و عێراق و کرد، لەوانە: هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەمریکا.
تۆماس سیلەر باسی لە گرژییەکانی نێوخۆی عێراق کرد و گوتی کە ئاڵۆزییە نێوخۆییەکان زۆرن.
رۆژی 13ـی نیسانی ئەم ساڵ، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەمریکا و تا 20ـی مانگ لەوێ بوو.
لەو ماوەیەدا، سوودانی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا؛ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوە و لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی وڵاتەکە کۆبووەوە و 26 یاداشتی لێکتێگەیشتن و رێککەوتننامەی لەگەڵ وڵاتەکە واژۆ کرد.
باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەمریکا بە "زۆر ئەرێنی" دەبینێت و دەڵێت، "ساڵانێکە هاوبەشی ستراتیژیی ئەمریکاین."
لەبارەی هەرێمی کوردستان، سیلەر گوتی: "بۆ ئێمە عێراق هەیە و لەنێویشیدا کوردستان.. ئێمە لەگەڵ حکومەتی ناوەند و هەرێمی کوردستانیشدا کاردەکەین."
هاوکات، باسی لە بەرەپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرد: "گەشەسەندنی پەیوەندیی ئێستای نێوان هەولێر و بەغدا بەرز دەنرخێنم."
رۆژی 10ی 6ی 2024 بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دانراوە، بەڵام بەهۆی بڕیاری بەشدارینەکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ناکۆکی لەبارەی هەلومەرجی پرۆسەکە، ئەگەری دواخستنی بۆ چەند مانگێکی دیکە لە ئارادایە.
لەبارەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانیشەوە گوتی، بەبێ هەڵبژاردن دەسەڵاتەکان لە هەرێمی کوردستان "رەوایەتیی دیموکراتییانەیان نابێت.. چاکسازی ناکرێت ئەگەر پەرلەمانێکی یاسایی نەبێت.. و بەبێ پەرلەمانێکی یاسایی شکستێک لە سیستەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا دەبێت."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ تۆماس سیلەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق:
رووداو: سڵاوتان لێ بێت. نمە نەبەزم لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق، بەڕیز تۆماس سیلەر. زۆر سوپاس کە داواکەمت قبووڵ کرد بۆ ئەم هەڤپەیڤینە.
دەمەوێت راستەخۆ دەست پێبکەم و قسە لەسەر سەرنجی ئەرکەکەت لە عێراق بکەم. بە تایبەتی سەرنجت لەسەر چ کەرتێکە؟
تۆماس: سەرەتا سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە لەم هەڤپەیڤینەدا. دەبێت ئاماژە بەوە بدەم کە زۆر خۆشحاڵم کە لە دیداری سلێمانیم کە دەرفەتێکی ناوازەیە بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەگەڵ سیاسی و هزرمەند و دیپلۆماتەکان و کۆمەڵگەی سڤیل. لەبارەی هاوکارییەکانمانەوە لەگەڵ عێراقدا، سەرنجمان زۆر بە روونی لەسەر هەر شتێکە کە پەیوەندیی بە چاکسازی و گۆڕانکاری و بونیاتنانی دەوڵەتەوە هەبێت. عێراق لە وڵاتێکی نەوتییەوە کە بە زۆری پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت و داهات لە نەوتدا خەرج دەکات، بەڕێوەیە بەرەو کەرتی تایبەت. زۆر بەرەو کەرتی تایبەت دەچێت. بۆیە وەڵامی یەکەم بۆ پرسیارەکەت بریتییە لەوەی کە فرەچەشنکردن یارمەتیی عێراق دەدات کەرتێکی تایبەت بونیات بنێت شایانی جیهان بێت و تاکەکانی کۆمەڵگەکەی و کۆمپانیاکان بەهێز بکات و ئافرەتان بتوانن لە کەرتی تایبەتدا کۆمپانیا دابمەزرێنن. هاوکات ئەوەی گرنگە کارکردنە لەسەر بونیاتنانی دەوڵەت. رەنگە زۆرێک لە بینەرانمان نەزانن مانای گواستنەوەی کۆمەڵگە بۆ سیستمێکی ئابووری چییە. دەبێت لەسەر بونیاتنانی دەسەڵاتێکی رێکخستن بەردەوام بین، بۆ نموونە بۆ فڕۆکەوانی، تۆڕی ئاو و کارەبا.
رووداو: باشە ئێوە چۆن ئەو پرۆژانە جێبەجێ دەکەن؟ ئایا ئێوە لە هێنانی یارمەتیی دارایی ئەوروپاییدا هاوکاری دەکەن یان بە راوێژپیدان یارمەتیی دەدەن یان بە دروستی چ جۆرە پشتیوانییەک دابین دەکەن بۆ گواستنەوە و هەمەچەشنکردنی ئابووری و بونیاتنانی دەوڵەت؟
تۆماس: تۆ هەر خۆت باست کرد. ئێمە شارەزایی دەهێنین و پارە دابین دەکەین، بەڵام ئێمە شارەزای خزمەتگوزاریمان نییە، بەڵکو شارەزای سیستمی بانکی و سیستمی رێکخستن و وزە و کشتوکاڵ دەهێنین. پارەیان دەدەینێ، ئەوانیش خولی راهێنان دەکەنەوە، پشتیوانی دەکەن و شتەکان بۆ حکومەت و کۆمەڵگەی سڤیل روون دەکەنەوە.
رووداو: ئەی لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە؟ یەکێتیی ئەوروپا چ جۆرە پرۆژەیەکی لە هەرێمی کوردستان هەیە؟
تۆماس: پێویستە بڵێم، ئێمە لە سەرانسەری وڵاتدا لەنێوان ناوچەیەک و ناوچەیەکی دیکەدا جیاوازی ناکەین. ئێمە پرۆژە و بەرنامەمان بۆ تەواوی وڵاتەکە هەیە کە بە دڵنیاییەوە چەند ناوچەیەک هەن کە لە هەرێمی کوردستاندان. ئەوانی دیکەیش بۆ ناوچەکانی دیکەن. هێشتا پشتیوانییەکی زۆر گەورەمان بۆ ئاوارە ناوخۆییەکان هەیە. ئێمە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا پێکەوە بەرنامەکەمان پەرەپێدەدەین بۆ پشتیوانیی ئەو کەسانەی کەمپەکان جێدەهێڵن تا ژیانێکی نوێ بونیات بنێن، چ لە زێدی خۆیان بێت یان لە ناوچەیەکی تازە. ئێمە دەمانەوێت یارمەتیی خیزانەکان و گەڕاوەکانی کەمپەکان بدەین تا بتوانن دیسانەوە خانوو دروست بکەنەوە و منداڵەکانیان بخەنە بەر خوێندن.
رووداو: با بگەڕێینەوە سەر ئەرکەکەتان لە عێراق بە گشتی. چۆن سەیری عێراق و دۆخەکەی و ئابوورییەکەی و ئاسایشەکەی دەکەن؟ بە گشتی چۆن لە دۆخی ئێستای عێراق دەڕوانن؟
تۆماس: دەمەوێت ئاماژەی بە گوتەیەکی سەرۆکوەزیران سوودانی بکەم کە بەر لەوەی بچێت بۆ واشنتن قسەیەکی کرد کە زۆرم بە دڵ بوو، گوتی: "ئێمە ئامادەین عێراق وەک دەوڵەتێکی هاوچەرخ بونیات بنێینەوە. دەبێت هەموو ئاڵۆزییەکانمان لە بەرچاو بگرین." ئەوە قسەکەی بوو. راستییەکەی، ئەوە ئەو خاڵەیە کە ئێمەیش دەیبینین. ئاڵنگارییەکە، بەڵام پێکەوە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقدا ئاڵنگارییەکە دەکەین. ئاڵۆزییە ناوخۆییەکان زۆرن، وەک فرەچەشنیی وڵاتەکە، ناوچەی جیاواز و جوگرافیای جیاوز و ئایینی جیاواز و کەمینەکان. هەموو ئەمانەیە پێکەوە. ئێمە دەبێت ئەمە وەک ئاڵنگارییەک وەربگرین نەک وەک قورساییەک، ئەوجا دەتوانین سەرکەوتوو بین.
رووداو: باشە. ئاماژەت بە قسەیەکی سەرۆکوەزیران سوودانی کرد. با باسی سەردانەکەی بۆ ئەمریکا بکەین. ئێستا ئەو خەریکی سەردانێکی فراواندایە. چاوی بە ژمارەیەک بەرپرس دەکەوێت و ژمارەیەک رێککەوتن واژۆ دەکات کە دەکرێت بۆ عێراق سوودبەخش بن. نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق چۆن لەو سەردانە و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئەمریکادا دەڕوانێت؟
تۆماس: ئێمە ئەم سەردانە زۆر بە ئەرێنی دەبینین. یەکێتیی ئەوروپا بەندە لەسەر بیرۆکەی گفتوگۆ و گەنگەشە و تاوتوێ و پاشان دۆزینەوەی چارەسەر. ئێستا ئەوەی لەنێوان عێراق و ئەمریکادا روودەدات رێک ئەوەیە. هەر چەند مانگ لەمەو پێش دۆخەکە گەلێک خراپ بوو. ئێمە ساڵانێکە هاوبەشی ستراتیجیی ئەمریکاین. بۆیە تەنیا دەتوانم ئەو سەردان و گفوگۆیانەی لەوێ دەکرێن بنرخێنم. ئەوەندەی من ئاگادارم ئەو رێککەوتنانەی واژۆ کراون بە هەمان رێرەو و ئاراستەی ئەوەدا دەڕۆن کە ئێمە دەیکەین. ئەگەر رێککەوتن لەسەر کارەبا و لێکۆڵینەوە کرابێت، ئەوا یارمەتیی ئێمە دەدات و ئێمەیش لەگەڵ ئەمریکاییەکاندا قسە دەکەین بۆ ئەوەی هەوڵ و کاریگەرییەکانمان نەبنە دوو هێندە. بەڵێ، بە گشتی سەردانێکی ئەرێنییە.
رووداو: وەک دەزانیت، پەیوەندیی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیدا بۆ دۆخی عێراق بە گشتی زۆر گرنگە. هەروەها سەرۆکی تورکیایش رەجەب تەیب ئەردۆغان سەردانی عێراق دەکات و دێتە بەغدا و ئەگەری هەیە بێتە هەولێریش. ئەم سەردانە چۆن دەبینیت؟
تۆماس: پێموایە ئەوە دەستپێشخەرییەکی باشە لەلایەن هەردوو لاوە. پرسیاری کراوە لەنێوان هەردوو وڵاتەکەدا دەبن. ئەوەی لەبارەی ئەمریکاوە گوتم دووپاتەی دەکەمەوە. ئێمە وەک ئەوروپاییەکان پشتیوانیی گفتوگۆ دەکەین و حەزمان لە ئاڵوگۆڕی سیاسییە. من ناتوانم بڵێم تورکیا دەبێت لەم کێشەیەدا لەگەڵ عێراقدا ئەمە یان ئەوە بەو جۆرە چارەسەر بکات. تەنانەت من ناتوانم بڵێم لەم لایەنەوە کێشە هەیە. بەڵام پێم وایە، بۆ نموونە ئەگەر پرۆژەی فراوانی پەرەپێدان لە بەرچاو بگریت، ئەوا برەوی پێدەدرێت. ئەمە بەرەو کوێ دەڕوات؟ بەرەو تورکیا. بۆیە کێشە دەبن کە پێویست دەکات گفتوگۆ بکرێن. جا لە دیدگای گەشەسەندنی ئابوورییەوە پێموایە سەردانێکی زۆر ئەرێنییانەیە. هیوادارم بە باشی بڕوات.
رووداو: دەمەوێت دیدگای یەکێتیی ئەوروپا لەسەر ئەمە بزانم: عێراقێکی بەهێز بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان چ مانایەکی هەیە؟ ئایا پێتانوایە کە بەهێزکردنی عێراق هەرێمی کوردستانیش بەهێز دەکات یان لاوازی دەکات؟
تۆماس: با تەواو روون بیڵێم، بۆ ئێمە عێراق هەیە و لەنێویشیدا کوردستان. ئێمە لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا کاردەکەین، لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانیشدا کاردەکەین. بۆ ئێمە "ئەم یان ئەو" نییە. بۆ ئێمە "هەردووکیان" هەیە. مادەم ئاماژەت بەمە کرد، با جەختیش لەوە بکەمەوە کە من گەشەسەندنی پەیوەندیی ئێستای نێوان هەولێر و بەغدا زۆر دەنرخێنم کە تاکە رێگەچارەی نزیکی کێشەی مووچەیە.
رووداو: باشە. لەبارەی سەردان و دیدارەکانی ئەم دوواییەی هەردوو حکومەتەوە: ئێوە سەرنجی سەردانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانیتان بۆ بەغدا داوە. پێتوایە ئەنجامەکانی دوایین سەردانی بۆ بەغدا چی دەبن؟
تۆماس: پێموایە بەر لە هەر شتێک سەردانەکە دەبێتە مایەی زیادبوونی دۆخێکی باش کە هەر خۆی لەنێوان بەغدا و هەولێردا هەیە. من زۆر خۆشحاڵم کە سەرۆک نێچیرڤان ئەم ئەرکەی جێبەجێ کرد. تێیشدەگەم کە دەبێت پەیوەندییەکان زۆر و زووزوو بن تا لە پێناو چارەسەری کێشەکاندا گفتوگۆی زۆر هەبن. بەڵێ، من زۆر لایەنگری ئەم گفتوگۆ بەردەوامانەم تا باشترین چارەسەری گونجاو بۆ هەردووکیان هەبێت.
رووداو: لەو کاتەوەی لە سلێمانیت، پێموایە چاوت بە زۆر کەسایەتیی دیار و سەرکردەی سیاسیی کورد کەوتووە. بە دڵنیاییەوە باسی هەڵبژاردنتان کردووە و لەو دیدارانەدا گفتوگۆی هەموو شتێکتان کردووە. جا پێتوایە لە هەرێمی کوردستان کەی هەڵبژاردن دەکرێت؟
تۆماس: با شتێکت زۆر بە روونی پێبڵێم: لەو کاتەوەی لیرە دەستم بە ئەرکەکەم کردووە، یەکێتیی ئەوروپا بۆ سەپاندن و بڕیاردان و پێکردن لێرە نییە. تەنانەت لە سەرەتاوە دوودڵ بووم لەوەی بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ هەموو هاوتاکانمدا مامەڵە بکەم، بەڵام پاشان پرسیارم کرد، ئیدی دواتر نەمتوانی ئەمە رەت بکەمەوە. ئێستا پێویستە بڵێم کە خۆشحاڵم ئەم هەموو بانگهێشت و گفتوگۆیانەم پەسەند کردوون. هێشتا دانوستاندنەکان بەردەوامن. حەز ناکەم ئەمە بە ئاشکرا باس بکەم: من زۆر لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و نێردە تایبەتەکەیان، خاتوو پلاسخارت و وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپادا کار دەکەم، وەک ئیتاڵیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و، هەروەها لەگەڵ نوێنەرایەتییەکانی هەولێریشدا. من دەلاقەیەکی جیددیی دەرفەت بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە دەبینم، بەڵام ئێمە و سیاسییەکانی ئێرەیش دەبێت لەم گفتوگۆیە بەردەوام بین. بەڵام ئەوەی حەز دەکەم لە پشتی پرسیارە راستەقینەکەوە بیڵێم کە ئێستا هەمووانی خەریک کردووە کە کەی هەڵبژاردن دەکرێت و بە چ شێوازێک دەکرێت و کێ دەیکات و لە کوێ دەکرێت، دەمەوێت شتێک روون بکەمەوە: بەبێ هەڵبژاردن دەسەڵاتەکان لە هەرێمی کوردستان رەوایەتیی دیموکراتییانەیان نابێت. ئەوە مانای چییە؟ زۆر لەمەو پێش باسی چاکسازی و گۆڕانکاریمان لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد. چاکسازی ناکرێت ئەگەر بە شێوەیەکی دیموکراتییانە پەرلەمانێکی یاسایی نەبێت کە یاسا دەربکات و حکومەت جێبەجێیان بکات. نموونەیەکی بەرجەستەتان دەدەینێ، ئێمە بەم تازەییانە لە بەغدا زۆر تاوتوێی پێویستیی یاسای دژەگەندەڵیمان کردووە. ناتوانین بەدەر لە کوردستان و تەنیا لە عێراق جێبەجێیان بکەین. بەڵام بەبێ پەرلەمانێکی یاسایی دیموکراتییانە، ئەوا شکستێک لە سیستەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا دەبێت. جا کاریگەریی ئەوەی کە زیاتر لە دوو سالە هەڵبژاردن نەکراوە دواجار بە زیانی خەڵک کۆتایی دێت. ئێمەیش ئەوەمان ناوێت.
رووداو: با لە بابەتی سیاسەتی ناوخۆ تێبەپڕین. وەک هەموومان و تەواوی جیهانیش دەزانین، کۆچی نایاسایی بۆ یەکێتیی ئەوروپا بە تایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا ئاڵنگارییەکە بۆ تەواوی وڵاتانی ئەوروپا، جا گەلێک خەڵک لە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە هەوڵ دەدەن نایاساییانە بۆ وڵاتانی ئەوروپا کۆچ بکەن. ئایا ئێستا هیچ رێککەوتنێک هەیە لەنێوان نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەوروپا و حکومەتی عێراق یان حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بۆ ئەوەی لەم وڵاتە رێگە لە کۆچی نایاسایی بۆ ئەوروپا بگرێت؟
تۆماس: ئێمە گەلێک شت لەنێوان هەردوو لادا تاوتوێ دەکەین، بەڵام لێرەدا هەنگاوێک دەچمە پێشەوە و، بەر لەوەی باسی کۆچی نایاسایی و گەڕاندنەوەی ئەو کۆچبەرە نایاساییانە بکەین، ئەوەی دەمانەوێت سەرەتا بیکەین ئەوەیە هۆکاری ریشەیی کۆچ دەستنیشان بکەین. لە راستیدا بۆچی خەڵک کۆچ دەکەن؟ بۆچی دەیانەوێت وڵاتەکەیان جێبهێڵن؟ ئایا لەبەر دۆخی ئابوورییە؟ ئایا هۆکاری سیاسییە؟ هۆکارەکە چییە؟ بۆیە دەبێت سەرەتا سەیری هۆکارە ریشەییەکان بکەین. بۆ ئەمە یەکێتیی ئەوروپا پلان بۆ بەرنامەیەکی پشتیوانیی ئابووریی گەورەتر دادەنێت بۆ ئەوەی زۆر روون دەستنیشانی بکات هەژاری لە کوێ هەیە و ناوچە و شار و گوندە بێبەشەکان لە کوێن و بۆچی خەڵک دەیانەوێت زێدی خۆیان جێبهێڵن. باشترە لە وڵاتی خۆیان بمێننەوە. ئیدی دوای ئەوە دەتوانین باسی کۆچی نایاسایی بکەین. ئێمە لە گفتوگۆداین. بەڵام دەیڵێمەوە، بەر لەوەی باسی ئەوە بکەین چەند کەس دەڕۆن و چەند کەس دەگەڕێنەوە، کاری لەپێشینەم ئەوەیە لەگەڵ هەموو حیزبەکاندا تاوتوێی بەرەنگاربوونەوەی هۆکارە ریشەییەکان بکەین.
رووداو: بابەتێکی دیکە هەیە: بەم دواییانە حیزبە راستڕەوەکان لە وڵاتانی ئەوروپاییدا کاریگەرییان زیاد دەبێت. ئەمە لە داهاتوودا چۆن کاریگەریی لەسەر سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا بەرامبەر بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی کۆچ و سیاسەتەکانی دیکەتانەوە دەبێت؟ سیاسەتەکانتان چۆ دەگۆڕێن؟ یان لەوانەیە چۆن بگۆڕێن؟
تۆماس: سەرنجەکەت دروستە. من پێشبینی ناکەم کاریگەرییەکی قورسی لەسەر ئەم بابەتە هەبێت. ئەگەر لە هاوڕێ ئیتاڵیایی و یۆنانی و ئیسپانیاییەکانم بپرسیت، ئەوان دەڵێن بەڵێ وا دەکات مامەڵەکردن لەگەڵ کۆچبەرە نایاساییەکان سەخت بێت. بە شێوەیەکی بابەتی، شتەکە بەم جۆرەیە. بەڵام لە لایەکی دیکەوە ئێمە لە 10ی حوزەیرانی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی ئەوروپامان هەیە. زۆر سەرنجڕاکێشە کە لە کوردستان بە بایەخەوە باسی ئەوە دەکەین. پێویستە بزانین ئەنجامی هەڵبژاردنەکە چی دەبێت. بە گشتی، تەنانەت پێم وانییە زیادبوونی خێرای حیزبە راستڕەوەکان لە بەشدارییان لە پەرلەمانەکەماندا گۆڕانکارییەکی گەورە لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانماندا دروست بکات. سیاسەتی راستڕەوەکان بە زۆری کێشەیەکی خۆجێیی ناوخۆی یەکێتیی ئەوروپایە و بەو جۆرە نییە کە زۆر پەیوەندیی بە سیاسەتی دەرەوەمان هەبێت.
رووداو: باشە. ئایا ئێوە بە هیچ جۆرێک لە جۆرەکان یارمەتیی پەنابەرە کوردەکانی سووریا و ئێران دەدەن؟ ئەو پەنابەرانەی بە دوای ئەوەوەن لە هەرێمی کوردستان یان رەنگە لە ئەوروپا مافی پەنابەرێتییان بدرێتێ. ئایا ئێوە هیچ پرۆژەیەکی تایبەتتان بۆ یارمەتیدانیان هەیە کە شتەکانیان بۆ ئاسانتر بکەن؟
تۆماس: بەر لە هەر شتێک، ئەگەر داوای پەنابەرێتی دەکەن، ئەوا پرۆسەیەکی رێکوپێک هەیە کە چۆن ئێمە لە ئەوروپا پەنابەر وەردەگرین. داواکانیان پشتڕاست دەکرێنەوە. ئەگەر رەوا بوون، ئەو کاتە دەتوانن بمێننەوە. ئینجا لە هەر وڵاتێکی ئەندام بن بەرنامەیەکی هاوکاری هەیە. ئەوجا کە باس دێتە سەر دۆخی ئێرە، ئێمە پشتیوانیی بەرنامەکان دەکەین بۆیان. ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شتەی پێشتر گوتم. بە زۆریی پەیوەندیی هەیە بە پشتیوانیی پەناگەکان و خێزانەکان و خواردن و تەندروستی و پەروەردەوە.
رووداو: بەڵام ئایا هیچ شتێکی جیاواز دەکەن؟ خۆی ئێوە پرۆژەتان بۆ ئاوارە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام ئەو پەناخوازانەی لە سووریا و ئێرانەوە هاتوونەتە ئێرە کە بۆ نموونە کەیسی سیاسییان هەیە، ئایا یەکێتیی ئەوروپا هیچ شتێکی جیاوازیان بۆ دەکات؟ شتێک کە تایبەت بێت بەوان؟
تۆماس: بە لای ئێمەوە، تاوەکو ئەوان لە عێراقدا بن، ئەوان لەو کۆمەڵانە دەبن کە ئامانجی بەرنامەی پشتیوانییەکەمانە. ئێمە جیاوازی ناکەی لەنێوان ئەوەی لە کوێوە هاتوون، چ سووریا بێت یان هەر جێیەکی دیکە. هەر ئەوەندەی لە عێراقدا بن، ئیدی بە لای ئێمەوە لەنیو خەڵکە ئاوارە نێوخۆییەکەدا ئەژمار دەکرێن و مافی ئەوەیان هەیە بە یەکسانی سوود لە پشتیوانییەکانمان وەربگرن.
رووداو: باشە. ئەی لە بارەی ئێزدییەکانەوە؟ ئایا یەکێتیی ئەوروپا ئێستا هیچ جۆرە پشتیوانی یان یارمەتی یان پرۆژەیەکی تایبەتی بۆیان هەیە؟
تۆماس: ئێمە لە رابردوودا وەک یەکێتیی ئەوروپا بە شیوەیەکی زۆر فراوان بەرنامە و پرۆژەمان بۆ ئێزدییەکان هەبووە. هاوئاهەنگیمان لەنێوان بەخشەرەکاندا هەبوو بۆیان. لەگەڵ وڵاتانی ئەندامماندا رێککەوتین وڵاتانی ئەندام بەشێکی گەورەی ئەم پارە دابینکردن و پشتیوانییە لە ئەستۆ بگرن. دەزانم ئەڵمانیا لەمەدا زۆر جالاکە. تەنانەت پەرلەمانی ئەڵمانیا ئەوەی بەسەر ئێزدییەکاندا هات بە جینۆسایدی ناساند. ئەڵمانیا هاوکاریی زۆر دابین دەکات. ئێمە رازی بووین کە ئەمە بە گشتی لەلایەن وڵاتانی ئەندامەوە بکرێت. هێشتا ئەگەر خێزانی ئێزدی هەبن کە ئاوارەی ناوخۆیی بن، ئەوا بە یەکسانی دەکەونە ناو ئەم بەرنامەیەوە کە پێشتر روونم کردەوە. دەبێت وریا بین کە دوو جار یان سێ جار هاوکاریی دارایی و پشتیوانیی هەمان کەس نەکەین. ئەوەیش لەبەر رێکخستنی کارەکە.
رووداو: زۆر باشە. بەڕێز تۆماس زیلەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق، سوپاس بۆ پەسەندکردنی داواکەم. زۆر سوپاس بۆ ئەم هەڤپەیڤینە.
تۆماس: سوپاس.
رووداو: سوپاس بۆ ئێوەش کە بینەر بوون.


