رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان باس لە ئامادەکارییەکانی ساڵی نوێی خوێندن دەکات و رایگەیاند، بۆ ئەم ساڵ 20 ملیۆن کتێب چاپ دەکرێ و لە چەندین ناوەند خوێندن بە پلاتفۆرمی دیجیتاڵی دەستپێدەکات. گەشبینیی خۆیشی دەربڕی بەوەی "پرۆسەی (لەجێگەدانان) دەستپێبکاتەوە."
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، کە هیوا جەمال لەگەڵی ئەنجامداوە، چەندین زانیاریی ورد و ئاماری لەبارەی خوێندنی ساڵی نوێ خستەڕوو، ئاماژەی بەوە کرد، 32 باڵەخانەی نوێ بۆ خوێندنی ئەم ساڵ ئامادەکراون، "لەڕووی تەکنیکی و زانستییەوە بۆ دەستپێکردنی خوێندنی دیجیتاڵی ئامادەین، بەڵام ناتوانین تابلێت بۆ هەموو قوتابییان دابین بکەین."
وەزیری پەروەردە ئەوەشی خستەڕوو، لە 1 تاوەکو 19ی ئەیلوول خولی راهێنانی مامۆستایان بەڕێوەدەچێت، "مامۆستایان لەبارەی پلاتفۆرمی قوتابخانە، ژینگە و منداڵی بزێو راهێنانیان پێدەکرێت."
وەکو د. ئالان حەمەسەعید باسی لێوەکرد، بۆ خوێندنی دیجیتاڵی "رەچاوی باری دارایی خەڵک دەکەین." گوتیشی، "بە فەرمی داوام کردبوو ئەو تابلێتانەی بۆ سەرژمێریی بەکارهاتبوون، بدرێنە ئێمە، بەڵام بەشێکیان وەکو دیاری دراونەتە ئوردن و نەدرا بە ئێمە."
وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند ئامارێکی دیکەی بەم شێوەیە خستەڕوو:
- لە کابینەی نۆ 5088 مامۆستای گرێبەست کراونەتە هەمیشەیی
- لە 32 بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە "رێکخستنەوەی میلاک" کراوە
- لە 2 ساڵی رابردوو 12,000 مامۆستا و فەرمانبەری وەزارەت خانەنشین کراون
- داوامان کردووە بڕیاری (لەجێگەدانان) بۆ مامۆستا کارا بکرێتەوە، تاوەکو پێش وەستانی بڕیارەکەش 1010 مامۆستا لە (لەجێگەدانراون).
- لەم کابینەیەدا 274 قوتابخانەی نوێ دروستکراون
- لەم کابینەیە 3,000 قوتابخانە نۆژەن کراونەتەوە
- 9.5%ی قوتابخانەکان کەرتی تایبەتن
- ملیۆنێک و 570 هەزار قوتابی لە قوتابخانە حکومیەکان دەخوێنن
د.ئالان حەمە سەعید گەشبینیی خۆی دەربڕی بەوەی "پڕۆسەی (لەجێگەدانان) دەستپێبکاتەوە" و گوتیشی، لە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار لەوبارەیەوە دەدرێ.
سەبارەت بە گواستنەوەی مامۆستای گرێبەستیش وەزیرەکە گوتی، "جێگرەوەی هەبێ دەتوانێ داوای گواستنەوە بکات."
نوێدەکرێتەوە..
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
