رووداو دیجیتاڵ
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە هەڤپەیڤینێکی تایبەت دا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو سەبارەت بە تەواوبوونی تێکەڵبوونی هەسەدە لەگەڵ سوپای سووریا دا دەڵێ "پلانمان داناوە کە لەم مانگەدا تێکەڵبوونەوە تەواو کۆتایی بێت".
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە کە رۆژی شەممە، 15ی ئابی 2026 لە حەسەکە قسەی بۆ رووداو کرد، دەڵێ هەرچەندە رێککەوتنی 29ی مانگی یەکی ئەم ساڵ "لە ئاست خواستەکانی ئێمەش دا نەبووبێت، بەڵام پێگەیەک بۆ کورد لەنێو دەوڵەتی سووریادا دروست دەکات" و، هەموو هەوڵێک دەدەن سەرکەوێت و دەڵێت " گەورەترین هەڵەم ئەوەبوو هەوڵەکانم کەم بوون بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئادار لەگەڵ دەوڵەتی سووریا، لەمەشدا مافی رەخنەگرتن دەدەمە گەلەکەمان، بەڵام بۆ ئەم جارە بەڵێنم داوە هەموو توانام بەگەڕبخەم بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، تەنانەت ئەگەر بەتەواویش بەدڵی ئێمە نەبێت، لەپێناو رێگریکردن لە شەڕ و هێنانەدی ئارامی، دواتریش درێژە بە خەباتمان دەدەین."
مەزڵووم عەبدی، ئەو دۆخەی ئێستا و شێوەی هەڵسوکەوتی ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری ئێستای سووریا لەگەڵ کێشەی کورد بە دەرفەتێکی باش دەبینێ و دەڵێ: "کورد لە دروستکردن و سەربەخۆیی دەوڵەتی سووریادا نەبوونە بەشێک لە دەوڵەت، بەڵام ئێستا دەرفەت دروستبووە کە کورد ببێتە بەشێک لە بنیاتنانی ئەم دەوڵەتە".
مەزڵووم عەبدی، بۆ سەرکەوتنی رۆژئاوای کوردستان پێداگیری لەسەر پێویستیی دروستبوونی یەکێتی کورد دەکات و دەڵێ هەوڵەکانیان بۆ ئەو مەبەستە دەستپێدەکەنەوە. هەروەها دەڵێ ئێستا لە هەموو کات زیاتر پێویستییان بە پشتیوانیی هەرێمی کوردستانە.
هەروەها سەبارەت بە خوێندن بە زمانی کوردی دەڵێ "لەو دانوستاندنانەی لەگەڵ دەوڵەتی سووریادا دەیانکەین پرسی زمان کارنامەی یەکەم و سەرەکیترین بابەتە بۆ ئێمە". هەروەها دەڵێ: "ماوەی 15 ساڵە لە رۆژئاوای کوردستان زمانی کوردی بووەتە زمانی خوێندن و تاوەکو زانکۆش هاتووین. لەبەرئەوە، ناتوانین بگەڕێینەوە سەر ئەوەی کە زمان ببێتە بژاردە یان پێیبگوترێت زمانی ئارەزوومەندانە"، هەروەها لە دوایین کۆبوونەوەیان دا لەگەڵ سەرۆککۆماری سووریا پێشکەوتن لەوبوارەدا دروست بووە.
مەزڵووم عەبدی لە شوێنێک قسەی بۆ رووداو کرد کە هێزەکانی ئەمریکا لە نزیکی ئەوێبوون و ئێستا لەوێ نەماون، بەڵام مەزڵووم عەبدی دەڵێ ئەمریکا و ئەورووپا خیانەتیان لە کورد نەکردووە و دەڵێ: "ناتوانم بڵێم خیانەتیان لێکردین... ئێمە و ئەمریکییەکان و ئەورووپاییەکان لەگەڵ یەکدی روون بووین. لە چوارچێوەی شەڕی دژی داعش دا لەگەڵمان بوون، لە رۆژی یەکەمیشەوە هەمیشە دەیانگوت: "ئێمە لەبەر داعش لێرەین". بۆ شەڕی دژی داعش لێرەبوون نەک ئەوەی بڵێین بۆ پشتیوانیکردن لە تەواوی دۆزی کورد و تاوەکو کۆتایی دەمێننەوە، یان قەوارەیەک بۆ کورد دروست بکەن...".
بەڵام پێیوایە ئەوانەی دەڵێن داعش کۆتایی هاتووە بە هەڵەداچوون و دەڵێ داعش "ئێستا بڵاوبووەتەوە و لە هەموو شارەکانیشدا هەن. بۆ نموونە پێشتر لە شارە گەورەکانی سووریادا نەبوو، بەڵام ئێستا لەو شوێنانەش جێگیر بووە".
هەڤپەیڤین: دلبخوین دارا
رووداو: بینەرانی هێژا، دەمباش. ئەوە 30 ساڵە من چاوەڕێی دیدارێکم، چاوەڕێی هەڤپەیڤینێکم. 30 ساڵە هەر دەڵێم: "کەی ئەم هەڤپەیڤینە دەکرێ؟ کەی ئەم دیدارە پێکدێت؟"، لە کۆتاییدا گەیشتمە ئەو ئامانجەی خۆم. من ژەنەراڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتم بینی. بەڕاستی دڵخۆشییەکی گەورەیە، دوای 30 ساڵ دەتبینم. چۆنیت؟ باشیت؟
مەزڵووم عەبدی: باشم. منیش دڵخۆشم کە یەکدی دەبینین و بەخێربێن.
رووداو: زۆر سوپاس، ژەنەراڵ، کە ئەم هەڤپەیڤینەت قبووڵ کرد. دەزانم لەم رۆژانەدا سەرقاڵیت و کارت زۆرە، بەڵام ماوەیەکی درێژە من بەدوای ئەوەوەم کە ئەم هەڤپەیڤینە بکرێت و رووبەڕوو یەکدی ببینین. سوپاس کە کاتی خۆتت پێداین. من زۆر لەنێو خەڵک دا دەگەڕێم، دەپرسم و گوێ دەگرم. خەڵک لە رۆژئاوای کوردستان زۆر بێ هیوا بوون. دەڵێن: "کورد تێکشکان". دەڵێن: "15,000 شەهیدمان دا، ئەوەندە بریندارمان دا. ئێوە شەڕی داعشتان کرد، ئێوە داعشتان تێکشکاند". بەڕاستی، قارەمانێتییەکی گەورەتان نواند، وەک شەڕڤانانی کورد و هێزەکانی سووریای دیموکرات، بەڵام پرسیارەکە ئەمەیە، ئەنجامەکانی چین؟ ئێوە دەگەنە کوێ؟ هێندە فیداکاریتان کرد، چیتان بەدەستهێنا؟
مەزڵووم عەبدی: ئێمە بایەخ بەم پرسە دەدەین و پرسێکی گرنگیشە. گەلەکەمان هەمیشە ئەوە دەپرسێت، راستە. ئێستا ئەگەر بڵێین: ئایا بە گوێرەی ئەم فیداکارییە گەورەیەی گەلەکەمان نواندی، ئەوەی ئێمە کردمان، شەهیدەکانمان، ئەنجامێکی ئەوەندە بەهێزمان بەدەستهێناوە؟ دەڵێم: نەخێر، لێرەدا هەندێک بابەت هەن کە رەخنە لە خۆمان بگرین و ئەو مافەش بدەینە گەلی خۆمان، بەڵام دەمانەوێ بڵێین، ئەم خەباتە وەک ئەوەی هەندێک کەس دەیڵێن، بەفیڕۆ نەچووە و بێ ئەنجام نەبووە. بەوجۆرە نییە، نەخێر. دوای ئەو خەباتە و ئەو تێکۆشانەی کرا، ئێستا هەندێک بابەت هەن کە لەگەڵ حکومەتی سووریا گەیشتووینەتە رێککەوتن لەسەریان. رێککەوتن هەن کە پێکەوە کردوومانن؛ ئەو رێککەوتنانەی لەنێوان سەرۆکی سووریا و ئێمەدا کراون، واژۆمان کردوون. لەو رێککەوتنانەدا تایبەتمەندیی ناوچەی کوردی قبووڵ کراوە. لەڕووی کارگێڕییەوە، لەڕووی سەربازیی و زۆر بابەتی دیکەشەوە. ئەمە جاری یەکەمە لە سووریا تێڕوانین و هەڵسوکەوتکردنێکی تایبەت لەگەڵ ئەم ناوچەیەدا هەیە. هەروەها دوایین رێککەوتن کە لە 29ی مانگی یەک بوو. هەرچەندە لە ئاست خواستەکانی ئێمەش دا نەبووبێت، بەڵام ئەم رێککەوتنە پێگەیەک بۆ کورد لەنێو دەوڵەتی سووریادا دروست دەکات. رێککەوتنێکی فەرمی هەیە، بەڵام بڵێین ئەم رێککەوتنە ببێتە دەستوور یان بچێتە نێو دەستوورەوە، ئەوە خەباتی پێویستە، بەڵام ئێستا ئەنجامێک هەیە و لەسەر ئەو ئەنجامانە دەتوانین درێژە بە تێکۆشانی خۆمان بدەین و پێموایە کە پێویستە گەلەکەشمان ئەمە بزانێت.
رووداو: باشە، ئەوانە لە قۆناخی داهاتوودا دەبنە شتێکی دەستووریی؟ گەرەنتییەکان چین؟ ئەو شتانەی دەیانڵێی، لە دەستووری نوێی سووریاش دا جێگیر دەبن؟ مافەکانی کورد دەبنە مافی دەستووری؟
مەزڵووم عەبدی: بۆ ئەو رێککەوتنانەی واژۆمان کردوون، لایەنی نێودەوڵەتی هەبوون. بۆ نموونە، سەرۆکی فەرەنسا بەڕێز ماکرۆن گوتی: "من گەرەنتیکاری سیاسیی ئەم رێککەوتنەم". بەرپرسانی ئەمریکا، چ لایەنی سەربازی و چ نوێنەرانی سەرۆکی ئەمریکا لە پرۆسەکەدا ئامادەبوون. هەرچەندە شتێکی واژۆکراویش نەبێت، بەڵام ئەوان لەم پرۆسەیەدا بوونیان هەبوو و هێشتاش بەدواداچوونی بۆ دەکەن؛ بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنانە دەکەن. لایەنی نێودەوڵەتی لەسەر هێڵە. سەرەڕای ئەوەش، ئەو شتانەی لەگەڵ حکومەتی سووریا باسمان کردوون پێویستە چارەسەری دەستووریشیان هەبێت. لەسەر ئەمانەش قسە کراوە و بەڵێن دراوە لە داهاتوودا کاتێک سووریایەکی نوێ بونیاد دەنرێت، کار لەسەر ئەم شتانە بکرێت. بەڵام من پێموایە گەورەترین گەرەنتی بۆ ئەوەی ئەم دەستکەوتانەمان بپارێزین، ئەو دەستکەوتانەی ئێستا هەن و بەتایبەتی لە بابەتی خۆبەڕێوەبەریی کوردی دا، بۆ ئەوەی ببنە بەشێکی هەمیشەیی و دەستووریی و بمێننەوە، یەکڕیزیی گەلی کورد پێویستە، یەکگرتوویی هێزە سیاسییە کوردییەکانی پێویستە و دەبێت خۆمان بەهێز بکەین و بەشێوەیەکی کاریگەر بەشداری لە بونیادنانی سووریای نوێ دا بکەین. لە هەموو شتێکیش گرنگتر، ئێستا ئەو دەستکەوتانەمان هەن. بە گوێرەی ئەو رێککەوتنانەی لەگەڵ دەوڵەت دا کردوومانن، کورد لە هەموو ئەو ناوچانەی کوردیان تێدایە، بەخۆی خۆی بەڕێوەدەبات؛ چ لەڕووی سەربازیی بێت، یان لەڕووی ئەمنی و چ لەڕووی کارگێڕییەوە بێت. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە تەواوی هێزە سیاسییەکان و گەلەکەشمان خاوەندارێتی لێبکەن و نەڵێن ئەمە تەنیا جێگە و پێگەی پارتێکی سیاسییە. ئەمە ئیدی دەستکەوتی هەموو گەلی کوردە. ئەو هەنگاوەی پێویستمانە ئەوەیە کە هەموومان خاوەندارێتی لێبکەین و تێکۆشانێکی گەورەی بۆ بکەین و یەکڕیزیی کوردی لە دەور دروستبکەین، من ئەوە بە گەورەترین گەرەنتی دەبینم بۆ ئەوەی بتوانین مافەکانمان لە سووریادا جێگیر بکەین.
رووداو: ژەنەراڵ تۆ چەندین دیدارت ئەنجامدا و سەرپەرشتیی چەندین کۆبوونەوەت کرد لەنێوان لایەنە سیاسییە جیاوازەکان دا لە رۆژئاوای کوردستان دا، بەڵام نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێک یان یەکڕیزیی دروست نەبوو. کێشەکە لە کوێدایە؟
مەزڵووم عەبدی: راستە، کێشە هەن لەبەردەم دروستبوونی یەکڕیزییەکی کوردی دا. دەزانن ئێمە کۆنفرانسێکمان کرد و لەو کۆنفرانسەدا ئەنجامی باش هەبوون. بۆ یەکەمین جار لە مێژووی رۆژئاوای کوردستان دا هێزە سیاسییەکان لەسەر هەندێک ئامانج و بەرنامەیەک بوونە یەک. هەندێک دەستەشیان دروستکرد، بەڵام لەڕووی کردارییەوە ئەمە جێبەجێنەکرا. ئێستا نامەوێت بچمە نێو کڕۆکی کێشەکانەوە لەبەرئەوەی دەمانەوێ ئەم کارە بکرێت، بەڵام دەتوانم بڵێم ئەم هەوڵە هێشتا بەردەوامە و بە بڕوای من هێشتا کار بۆ ئەنجام و ئامانجەکانی ئەو کۆنفرانسە دەکرێت و بەردەوامن. هەرچەندە ئێستا بە کردەوە وەستاوە، بەڵام ئێمە کار دەکەین بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لە کەشوهەوا و بارودۆخێکی نوێدا دووبارە کارەکن بەڕێوەبچنەوە. هەندێک کێشە هەن، بەڵام بۆ هەنگاوێک بۆ ئەوەی یەکڕیزییەکی کوردی دروستبێت، دەبێت هەردوولا رێکبکەون. دەبێ هەردوولا لەبارەی چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی کردارییەوە لەنێوان خۆیاندا رێککەوتنێک بکەن و جێبەجێ بکرێت. ئێستا ئەمە نییە، بەڵام کار لەسەر ئەوە دەکەین کە ئەم رێککەوتنەش بکرێت.
رووداو: سەردەمێک دەگوترا: ژەنەراڵ مەزڵووم عەبدی کار لەسەر دروستکردنی لێڤەگەڕێک (مەرجەعیەتێک) دەکات. هێشتا ئەمە لە بەرنامەدایە؟
مەزڵووم عەبدی: راستە، پێش ئەمەش لە لێدوانێکمدا روونم کردەوە و گوتمان، بە بڕوای من دوای ئەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەچنە نێو دەوڵەتی سووریاوە، یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانم ئەوەیە کە دووبارە لەنێو خەڵکی خۆم دا بم و بتوانین لەگەڵ هێزە سیاسییە کوردییەکانی دیکە و لەگەڵ ئەو کەسایەتییە کوردییانەی کە هەن، بتوانین لێڤەگەڕێکی سیاسی دروست بکەین، بۆ ئەوەی بتوانین خاوەندارێتی لە دەستکەوتەکانی شۆڕش و ئەو دەستکەوتانە بکەین کە هەن. ئەو خەبات و هەوڵانەمان هێشتا بەردەوامن. دەزانین کە کۆسپ و تەگەرە هەن، بەڵام دەمانەوێ بە شێوازی نوێ و بە مامەڵە و گفتوگۆی نوێ لەگەڵ هەموو هێز و لایەنە کوردییەکان، کار بکەین بۆ ئەوەی بگەینە ئامانجی خۆمان و لەم ئامانجەکانماندا سەرکەوتووبین.
رووداو: بەپێی تێگەیشتن و بەدواداچوونەکانم هەموو لایەنە کوردییەکان تۆیان قبووڵە. ئیدی لایەنی فەرمی و دانوستاندنکاری کوردی رۆژئاوای کوردستان لە دیمەشق، ژەنەراڵ مەزڵووم عەبدییە. ئێوە کار دەکەن بۆ ئەوەی کوردستانی سووریا یان ئەم بەشەی کوردستان، لە بەڵگەنامە و دۆکیۆمێنتە فەرمییەکانی دەوڵەتی سووریادا جێگەی ببێتەوە؟
مەزڵووم عەبدی: وەک دەزانرێت کاتێک ئەم دەستوورە کاتییە دانرا، ئەوکات بە ئێمەیان گوت کە ئەم دەستوورە پێشتر نووسراوە، واتە پێش ئەوەی ئێمە رێککەوتنی 10ی ئادار واژۆبکەین و، گوتیان پێش ئەوە ئامادەکرابوو. لەبەر ئەوە، دەرفەتمان نەبوو ئەو شتانەی لەسەریان رێککەوتبووین بخەینە نێو دەستوورەکەوە، بەڵام بەڵێن دراوە ئەگەر لە داهاتوودا کار بۆ دەستوور بکرێت و دەستوورێکی نوێ دابنرێت، ئەو شتانەی سەرۆککۆماری سووریا واژۆی لەسەر کردوون، دەبێت بچنە نێو دەستوورەوە. لەم رێککەوتنانەی ئێمەدا تایبەتمەندیی کوردی هەیە، ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە زمانی کوردییەوە هەن، ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە مافەکانی کوردەوە هەن. پێویستە ئەم بابەتانە بچنە نێو دەستوورەوە؛ هەندێک بەڵێن دراون و ئێمەش بەدواداچوونیان بۆ دەکەین، بەڵام من جارێکی دیکەش دەیڵێمەوە، بۆ ئەمە تێکۆشان پێویستە، یەکڕیزیی هێزە سیاسییەکان و تەواوی گەلی کورد پێویستە و، دەبێت هەمووان لە دەوری ئەو دەستکەوتانەی ئێستا هەن یەکبگرن و خاوەندارێتییان لێبکەن، تاوەکو بتوانین ئەم دەستکەوتانە لە دەستووری سووریادا جێگیر بکەین.
رووداو: ژەنەراڵ، مەترسی لەسەر ئەم دەستکەوتانە هەیە کە بەدەستانهێناون؟ ترس هەیە ئەم دەستکەوتانە لەدەست بچن؟
مەزڵووم عەبدی: ئێستا نییە، بەڵام دەبێ هەمیشە مەترسییەکان لەبەرچاو بگرین. لە ئەنجامدا سیاسەت بەرژەوەندییە؛ بەرژەوەندیی نێودەوڵەتی و ناوچەیی هەیە و هەرکەسێک بەپێی بەرژەوەندیی خۆی دەجووڵێتەوە. لەبەر ئەوەش، دەبێ ئەم مەترسییانە لەبەرچاو بگرین، بۆ ئەوەش دەبێ تێکۆشان و خەبات بکەین و خۆمان خاوەندارێتی لە شتەکانی خۆمان بکەین. واتە لەو دەستکەوتانەی کە ئێستا هەن، خۆمان خاوەندارێتییان لێبکەین. بێگومان دەبێ لە دیمەشق بین، دەبێ لەنێو دەوڵەت دا بین و دەبێ خەباتێکی تایبەت بۆ ئەمە بکەین، بۆ ئەوەی ئەو دەستکەوتانە لەنێونەچن.
رووداو: پرسیارێکی دیکە هەیە کە زۆر گرنگە، بۆ نموونە زمان. من لەگەڵ وەزیری پەروەردەی سووریا، دکتۆر محەممەد تورکۆ هەڤپەیڤینم کرد و نازانم ئێوە چۆن لە پرسی زمان دەڕوانن. بۆ نموونە، زمانی کوردی لە ناوچە کوردییەکان ببێتە بژاردە، ببێتە زمانی فەرمی، یان لەگەڵ زمانی عەرەبی بخوێندرێت؟ فۆرمولەیەک یان بیرۆکەیەک هەیە لەبارەی داهاتووی پەروەردە و زمانی کوردی لە ناوچە کوردییەکان دا؟
مەزڵووم عەبدی: ئەمە بۆ ئێمە و بۆ گەلەکەشمان بابەتێکی گرنگە، دەتوانم بڵێم لەو دانوستاندنانەی لەگەڵ دەوڵەتی سووریادا دەیانکەین پرسی زمان کارنامەی یەکەم و سەرەکیترین بابەتە بۆ ئێمە. با ئەم زانیارییەش بدەم، لە رێککەوتنی 29ی مانگ دا کە واژۆمان کرد، ئەوکات نووسرابوو کە مەرسوومی 13 جێبەجێ بکرێت. من ئەوکات ئەوەم قبووڵ نەکرد لەبەر پرسی زمان، قبووڵم نەکرد. گوتمان مەرسوومی 13 لە پرسی زمانی کوردی دا بەشمان ناکات؛ چونکە ماوەی 15 ساڵە لە رۆژئاوای کوردستان زمانی کوردی بووەتە زمانی خوێندن و تاوەکو زانکۆش هاتووین. لەبەرئەوە، ناتوانین بگەڕێینەوە سەر ئەوەی کە زمان ببێتە بژاردە یان پێیبگوترێت زمانی ئارەزوومەندانە (ئیختیاری). ئەمە نامومکینە. بۆ ئەوەش دەبێ زمانی خوێندن کە زمانی کوردییە بەردەوامبێت. ئەمە هەمیشە لە کارنامەماندا بووە، لە هەموو ئەو کۆبوونەوانەی لە دیمەشق کراون هەمیشە ئەوە کارنامەی سەرەکیمان بووە، لە دوایین کۆبوونەوەدا کە لە دیمەشق لەنێوان ئێمە و سەرۆککۆماردا بەڕێوەچوو، دەتوانم بڵێم پێشکەوتنێک دروست بوو. جارێکی دیکە ئەم بابەتە کەوتەوە بەرباس و ئێمەش هەندێک چارەسەرمان خستەڕوو بۆ ئەوەی بابەتەکە نەگاتە بنبەست و بەڕێوەبچێت، ئامانجی سەرەکیش ئەوەبوو کە زمانی کوردی وەک زمانی فەرمی خوێندن بمێنێتەوە، ئێمە ئەوەمان کردە یەکێک لە سەرەکیترین بابەتەکان و بەرەوپێشچوونیش دروستبوون. بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی بەشێوەیەکی فەرمی پێیانداوین ئەوەیە کە ئێستا لیژنەیەک لەو کەسانە پێکهێنراوە کە لەم پرسەدا خاوەن بڕیارن، بۆ ئەوەی ئەم بابەتانە چارەسەر بکەن. ئێستا ئەوەی بە ئێمە دەگوترێت، ئەوەیە دەڵێن: پێویستە خوێندکارێکی کورد، تەنیا فێری زمانی کوردی نەبێت، بەڵکو دەبێ زمانی عەرەبیش بزانێت. ئێمەش گوتمان: کێشە نییە. واتە دەبێ لە پاڵ زمانی کوردی، زمانی عەرەبیش هەبێت و هەر خوێندکارێک خوێندن تەواو دەکات، هەردوو زمانەکە بزانێت تاوەکو کێشە دروست نەبێت. ئێمە گوتمان: کێشە نییە، لەوەدا نەرمین، بەڵام گرنگ ئەوەیە زمانی کوردی ببێتە زمانی فەرمیی خوێندن و لەم بابەتەدا بەرەوپێشچوونی نوێ هەیە.
رووداو: نەوت لە دەستی کێ دایە؟ ئەو نەوتەی پێشتر ساڵانێک لە دەستی ئێوەدا بوو، بەکارتان دەهێنا و داهاتێک بوو بۆتان. ئێستا داهاتووی نەوت لەلای کێ یە ژەنەراڵ؟
مەزڵووم عەبدی: بەشێوەیەکی فەرمی و دۆسیەی نەوت بەگشتی، با بڵێین ئەو شوێنە نەوتییانەی لە دەستی ئێمەدا بوون، وەک رمێلان، سوێدییە و شوێنەکانی دیکە بەشێوەیەکی فەرمی رادەستی دەوڵەتی سووریا کراون. رادەستی وەزارەتی نەوتمان کردوون و ئێستا کۆمپانیا ئەمریکییەکان دێن و لێرە کار دەکەن. گرێبەستیان لەگەڵ دەوڵەتی سووریادا هەیە و ئێستا ئەوان ئەو دۆسیەیەیان وەرگرتووە و بەڕێوەی دەبەن. لەبەرئەوەش ئێستا دەتوانین بڵێین دۆسیەی نەوت لە دەستی دەوڵەتی سووریادایە.
رووداو: ئایا رێککەوتوون لەسەر ئەوەی بەشێک لە داهاتی نەوت بۆ ئێوەبێت؟
مەزڵووم عەبدی: زیاتر لەوە کاتێک لەسەر ئەم بابەتە کۆبوونەوە دەکرا، پێمان گوتن ناوچە کوردییەکان و بەتایبەتی پارێزگای حەسەکە و شوێنەکانی دیکەش، ماوەیەکی درێژ لەلایەن رژێمەکانی بەعس و پێشتریشەوە پشتگوێخراون و لەڕووی ئابوورییەوە وەک ناوچەیەکی دواکەوتوو ماوەتەوە و دەوڵەت ئاوڕی لێنەداوەتەوە. لەبەرئەوە پێویستە مامەڵەیەکی تایبەت لەگەڵ ئەم هەرێمە کوردییە و ناوچە کوردییەکانی دیکەدا بکرێت؛ واتە گەشەپێدانێک بۆ ئەو ناوچانە هەبێت، بەتایبەت لەڕووی بودجەوە. لەم رووەوە تێڕوانینێکی ئەرێنی هەیە. ئەویش ئەوەیە کە بەشێوەیەکی گشتی لەسەری رێککەوتووین کە بایەخی پێبدرێت. سەبارەت بە پارێزگای حەسەکە و شوێنەکانی دیکەش چاودێریی ئەوە دەکەین بزانین لەڕووی کردارییەوە ئەم وردەکارییانە چۆن بەڕێوەدەچن و ئەوەش لە داهاتوودا دەردەکەوێت.
رووداو: ئەی ئەم دانوستاندنانەی تۆ و دیمەشق، چوونت بۆ دیمەشق، نازانم چەند جار لە دیمەشق لەگەڵ سەرۆک کۆماری سووریا ئەحمەد شەرع دا کۆبوویەتییەوە؟
مەزڵووم عەبدی: زۆر جار.
رووداو: ژەنەراڵی بەڕێز، ئەمانە تەنیا دیدارن یان بەڕاستی پرۆتۆکۆلێکی واژۆکراو لەنێوانتاندا هەیە. شتێک کە بەڵێنی لەسەر دەدرێت، دەڵێیت بەڵێن درا، ئەو بەڵێنە تەنیا بە زارەکی دەدرێت یان شتێکی واژۆکراو لەنێوانتاندا دەکرێت، بێجگە لەو رێککەوتنەی بینیمان و لەنێوانتاندا واژۆکرا؟
مەزڵووم عەبدی: چەند دیدارمان هەبووبن، هۆکاری خۆی هەبووە. واتە تەنیا بۆ ئەوە نەچوومەتە دیمەشق تاوەکو یەکدی ببینین. ئێمە رێککەوتنمان واژۆکردووە؛ تاوەکو ئێستا سێ رێککەوتنمان واژۆکردوون، واتە بۆ رێککەوتنی کرداریی رۆیشتووین. هەندێک جار رێککەوتووین و هەندێک جاریش رێکنەکەوتووین. واتە کۆبوونەوەمان کردووە و رێکنەکەوتووین و دواتر شەڕ دروست بووە. شت هەبووە ئێمە قبووڵمان نەکردووە و ئەوانیش پێداگرییان لەسەر بۆچوونی خۆیان کردووە و دواتر شەڕ دروست بووە. جارێک ئەوەش روویدا. بەگشتی دەتوانم بڵێم، ئەو دیدارانەی ئێمە لە دیمەشق دەیانکەین بەتایبەت ئەوانەی لەگەڵ سەرۆککۆماردا کراون، دیداری رژد(جیدی)ن و بابەتی رژدیان تێدا تاوتوێ کراوە، رێککەوتنیان تێدا کراوە، یاخود لەسەر ئەوە وەستاوین کە چۆن ئەم رێککەوتنانە بچنە واری کردارییەوە. باوەڕم وایە ئەو کۆبوونەوانە لەم بوارەشدا کاریگەریی ئەرێنیان هەبووە سەرەڕای هەموو ئەو شتانەی کە روویانداوە.
رووداو: بێمە سەر پرسی هەسەدە، هێزەکانی سووریای دیموکرات کە تۆ فەرماندەی هێزەکەی. تێکەڵبوونەوەی بەردەوامە. زۆر کەس بە شێوازێکی جیاواز لەو تێکەڵبوونەوەیە دەڕوانن. دەڵێن: "ئینتیگراسیۆن دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئیتر هێزەکانی سووریای دیموکرات و رێڤەبەری خۆسەر نەمێنن". ئایا بەڕاستی هیچ سوودێکی کورد لەم تێکەڵبوونەدا هەیە؟
مەزڵووم عەبدی: باوەڕم وایە هەیبێت؛ ئەمەش خۆی لە خۆیدا شێوازێکی چارەسەرییە. رەنگە هەندێک کەس دژی ئەمە بن و هەندێکیش قبووڵی نەکەن. ئەوە بۆچوونی ئەوانە و ئێمە هیچ ناڵێین، بەڵام ئەگەر چارەسەری باشتر هەیە دەتوانن پێمان بڵێن و ئێمەش لەسەری دەوەستین، بەڵام بە بڕوای ئێمە، لەو بارودۆخەی هاتە پێشەوە و لەو رەوشەی دروست بوو، باشترین شت ئەو رێککەوتنەی 29ی مانگی یەک بوو. کورد کرابووە ئامانج و پێش لەوەگیرا، مەترسیی کۆمەڵکوژی لەسەر کورد هەبوو، رێگری لەوەش کرا. هەرچەندە ئەو رێککەوتنە بە تەواوی بە دڵی ئێمە و بەپێی خواستەکانی ئێمەش نەبێت، بەڵام هەندێک خۆبەڕێوەبەریی کوردی پاراست. کەمترین شت ئەوەیە ئەو رێککەوتنەی لەسەر بنەمای ئەو ئێستا ئینتیگراسیۆن بەڕێوەدەچێت، ئێمە خۆمان زۆر ناڵێین ئینتیگراسیۆن و نامانەوێت زۆر لەسەر ئەو دەستەواژەیە بوەستین، بەڵکو دەڵێین جێبەجێکردنی رێککەوتنی 29ی مانگی یەک، ئەو دەستەواژەیە دروستترە لەبەرئەوەی ئێمە رێککەوتنێکمان کردووە و لەو رێککەوتنەدا روونە کە چی دەکەین. ئێستا ئێمە ئەوە جێبەجێ دەکەین. سەبارەت بە هێزی سەربازیمان، بڕیارمانداوە کە هێزی سەربازیمان ببێتە بەشێک لە سوپای سووریا، بەڵام بە ناسنامەی خۆمانەوە و وەک کورد بەشدار دەبین؛ فەرماندەکانی کورد بەشدار دەبن، سەربازەکانی کورد بەشدار دەبن و لیوای کوردی دەبن. ئەو لیوایانە هەموویان لەنێو پێکهاتەیەکی سەربازیدا لەگەڵ دەوڵەت کار دەکەن. بە بڕوای منیش ئەوە ئەرێنیترین چارەسەر بوو کە دەمانتوانی بیکەین؛ بە شێوەیەک گەنجی کورد کە لەنێو هەسەدەدان بتوانن لە ناوچەی خۆیاندا خزمەتی سەربازی بکەن و ناوچەکانی خۆیان بپارێزن، هاوکات ببنە بەشێکی فەرمی لە سوپای سووریا. ئەمە باشترین چارەسەر بوو، لەبەرئەوەش ئەگەر ئەم پرۆسەیە کۆتاییش بێت هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کە هەبوو، لەنێو ناچێت، بەڵکو شێواز و پێکهاتەی خۆی دەگۆڕێت. ئەم هێزانەی پێشتر بە ناوی هەسەدەوە بوون، بە ناوێکی دیکە، بە رێکخستنێکی دیکە و بە شێوازێکی سەربازیی دیکە دەبنە بەشێک لە سوپای سووریا. فەرماندەکانی هەسەدەش جێگەی خۆیان لەنێو سوپادا دەگرن. ئەم بابەتە هەردوولا بەهێز دەکات و لە هەمان کاتیشدا کورد دەتوانێ بە ناوی دەوڵەتی سووریاوە ناوچەکانی خۆی بپارێزێت.
رووداو: ئایا هێزە کوردییەکان لە ناوچە کوردییەکاندا دەمێننەوە؟
مەزڵووم عەبدی: ئێستا بەوشێوەیەیە، بەپێی رێککەوتنی 29ی مانگی یەک کە لەسەری رێککەوتووین، هێزی کوردی هەیە، لیوای دێرک ، لیوای قامشلۆ، لیوای حەسەکە و لیوای کۆبانێ هەن. ئێستاش کار لەسەر ئەوە دەکەین کە لیوای عەفرین هەبێت و کار بۆ ئەوە دەکرێت.
رووداو: هێزێکی کوردی لە عەفرین دادەمەزرێنن کە سەر بە وەزارەتی بەرگریی سووریا بێت؟
مەزڵووم عەبدی: لەڕووی بنەماییەوە ئێستا ئەوە هەیە؛ لەگەڵ وەزارەتی بەرگری سووریادا لێکتێگەیشتنێکی وەها هەبوو کە گەنجانی عەفرین ئەوانەی پێشتر لەنێو هەسەدەدا بوون ئەوانیش دیسان سەر بە وەزارەتی بەرگری وەک لیوایەک لە ناوچەی عەفرین یان نزیک لە ناوچەی عەفرین کار بکەن، خۆیان رێکبخەن و ئەرکی پاراستنی ناوچەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن.
رووداو: کاتێکی دیاریکراو هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە ؟
مەزڵووم عەبدی: نەخێر، ئێمە نامانەوێت زۆر وشەی "هەڵوەشاندنەوە" بەکاربێنین. ئێمە دەڵێین کەی هەسەدە بە تەواوی دەچێتە نێو سوپای سووریاوە و دەمانەوێت وا بڵێین نەک هەڵوەشاندنەوە. دەتوانین بڵێین ئێستا بەشێک لە هێزەکانی هەسەدە چوونەتە ناوی و بە فەرمی تێکەڵ بوون، مەشقیان کردووە و وەک بەشێک لە سوپای سووریا کار دەکەن، بەڵام هێشتا بەشێکی دیکە کە زیاتر لە نیوەیەتی نەچوون. ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکەین کە ئەوانیش بچنە نێو سووپا و باوەڕم وایە لە ماوەیەکی کورتدا پرۆسەی چوونە نێو سوپای سووریا لەلایەن هەسەدەوە بە تەواوی کۆتایی پێدێت.
رووداو: ئەوکات تۆ بەرامبەر رای گشتی دەردەکەوی و دەڵێی ئیتر ئینتیگراسیۆن(تێکەڵبوونەوە) تەواو بوو و هێزەکانی سووریای دیموکرات نەمان؟
مەزڵووم عەبدی: بەڵێ، بۆ نموونە کاتێک بڵێین تەواوی هێزەکانی هەسەدە کە مابوونەوە هەموویان تێکەڵ بوون کە ئێستا لە کۆتایی ئەو پرۆسەیەداین ئەوکات دەڵێین پرۆسەی بەشداربوونی هەسەدە لە سوپای سووریادا کارەکانی تەواو بوو، ئیدی هەسەدە بە ناوێکی دیکەوە کارەکانی دەکات؛ واتە دەبێتە لیوای قامشلۆ یان لیواکانی دیکە...
رووداو: واتە وەک هێزی سەربازی دەمێننەوە؟
مەزڵووم عەبدی: دەبنە بەشێک لە سوپای سووریا، بە پێکهاتە سەربازییەکەی خۆیەوە دەبێت و لەنێو سیستمێکی دیکەدا کارەکانیان دەکەن.
رووداو: باشە، ئەوکات من ژەنەراڵ مەزڵووم عەبدی لەکوێ دەبینم؟
مەزڵووم عەبدی: بەڕاستی پێشتریش لە لێدوانەکانمدا گوتوومە و هێشتاش لەسەر قسەی خۆمم؛ پێویستە ئێمە بۆ گەلی خۆمان و بۆ یەکڕیزیی کورد کار بکەین. ئێستا بە چوونی هەسەدە بۆ نێو سوپای سووریا، بۆشاییەکی سیاسی دروست دەبێت. چونکە 15 ساڵە لە سایەی هەبوونی هەسەدەدا دۆخێکی سیاسی و ئەجێندایەکی سیاسی لێرە هەیە. نامانەوێت بۆشایی دروست ببێت. بێگومان دەبێ بۆشایی لە هەسەدەوە دروست نەبێت و دووبارە ئامادەییەکی سیاسی هەبێت کە بتوانێ ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە، من کار لەسەر ئەوەش دەکەم و پێویستە خەباتێک بۆ ئەوە بکرێت لە هەرکوێ بێت؛ لێرە بێت، لە دیمەشق بێت یان لە دەرەوە بێت. هەرچی بۆ خەڵکەکەمان باش بێت، ئەوە دەکەم.
رووداو: نیازی ئەوەت هەیە لە دیمەشق بمێنیتەوە بۆ بەڕێوەبردنی ئەو کارەی کە ئامانجتە؟
مەزڵووم عەبدی: لە دوایین کۆبوونەوەماندا لەگەڵ سەرۆککۆمار لەسەر ئەمە قسەمان کرد و ئەوانیش خواستی خۆیان دەربڕی کە من لە دیمەشق بم تاوەکو پێکەوە کار بکەین و کارەکان بەڕێوەببەین، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتاییمان نەداوە.
رووداو: نیازت چییە دوای ئەوەی کۆتایی بە کاری سەربازی دەهێنیت؟ تۆ دەڵێی: بە شێوازێک لە شێوازەکان بەردەوام دەبم. بۆ نموونە لە دەرەوە دەبیسترا خەڵک دەیانگوت: لەوانەیە ژەنەراڵ مەزڵووم عەبدی پارتێکی سیاسی دابمەزرێنێت؟
مەزڵووم عەبدی: نەخێر، مەرج نییە تەنیا پارتی سیاسیی بێت. پێشتریش روونم کردەوە، بۆ من گرنگ ئەوەیە ئەو بۆشاییە بە بەتاڵی نەمێنێتەوە کە بەهۆی چوونی هەسەدە بۆ نێو سوپای سووریا دروست دەبێت، ئەوە گرنگە واتە ئەو کەسایەتییە سیاسییانەی لە دەوری هەسەدە بوون، پەیوەندییە دەرەکیی و نێوخۆییەکانی هەسەدە کە بە خەبات و بە رەنجێکی گەورە دروستکراون و لەنێو کۆمەڵگەی کوردی و لە دەوروبەریش دۆستی هەیە نەفەوتێت و، ئەم بۆشاییە دروست نەبێت. دەبێ قەوارەیەکی سیاسی دروست بکرێت ئیتر ئەوە دەبێتە پارت، دەبێتە بزووتنەوە یان جووڵانەوە... شتێکی لەو شێوەیە پێویستە.
رووداو: واتە بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە؟
مەزڵووم عەبدی: بەڵێ، بۆ ئەوەی ئەم بۆشاییە پڕبکرێتەوە و منیش بە دڵ و گیان پشتیوانیی لێدەکەم؛ پشتیوانی لە بزووتنەوەیەکی بەوشێوەیە دەکەم و پێویستە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئەگەر هەنگاوی دیکەش پێویست بن بۆ ئەوەی خزمەتی گەلی خۆمان بکەین، بێگومان دەیکەین، بەڵام ئەوە لە کارنامەماندا هەیە کە بە شێوازێکی سیاسی ئەو بۆشاییە پڕبکەینەوە.
رووداو: کاتێک هەسەدە شەڕی دەکرد، شەڕی داعش، پشتیوانییەکی گەورەی سەربازی و ئابووریشی لە ئەمریکا وەردەگرت. لە بودجەی ئەمریکادا بەشێک بۆ ئێوە تەرخانکرابوو. ئایا ئەو هاوکارییەی ئەمریکا هێشتا بەردەوامە؟
مەزڵووم عەبدی: ئێستا بەردەوام نییە. نەخێر، ماوەیەکی درێژە وەستاوە.
رووداو: هیچ هاوکارییەکتان لە هیچ شوێنێکەوە پێناگات؟
مەزڵووم عەبدی: نەخێر، لەم کاتەدا نەخێر.
رووداو: لە فەرەنسا، لە ئەورووپا؟
مەزڵووم عەبدی: نەخێر، ئێستا لە هیچ شوێنێک هاوکاری وەرناگرین. راستییەکەی لە رابردووش دا لەڕووی داراییەوە هاوکارییەکی ئەوتۆی گەورەمان وەرنەدەگرت؛ ئەم زانیارییە کەمێک گەورە کرابوو. سەربازانی ئەمریکی لێرە بوون، چەک بۆ ئەوان هەبوو و بودجەی خۆیان هەبوو. بەشێک لە هێزەکانی هەسەدە نەک هەموو هێزەکە، ئەوانەی لەگەڵ ئەمریکادا کاریان دەکرد، بەشێکی تایبەت بوون. هەروەها پرسی زیندانەکان هەبوو کە بەشێکی تایبەت بوو و هاوکاریی ئەوانەیان دەکرد، بەڵام بۆ تەواوی هێزەکانی هەسەدە پشتیوانی نەبوو.
رووداو: سەردەمێک دەگوترا تۆ سەردانی ئەمریکا دەکەیت؛ بە سەردانێک دەچیتە ئەمریکا. بەڕاستی میدیا زۆر پێوەی سەرقاڵ بوو. هۆکاری ئەوەی ژەنەراڵ مەزڵووم عەبدی نەچووە ئەمریکا چی بوو؟
مەزڵووم عەبدی: هۆکارێکی تایبەتی نەبوو، بەڵام ئێمە هەموومان سەرقاڵی شەڕ بووین. تاوەکو پێش چەند مانگێکیش ئێمە هەموومان بە شەڕەوە سەرقاڵ بووین. لەبەرئەوەش نەک تەنیا بۆ ئەمریکا بەڵکو بۆ شوێنەکانی دیکەش نەڕۆیشتین. پێش ئێستا شەڕ هەبوو و زۆر نەدەچووینە دەرەوە. لەوانەیە چوونە دەرەوە بۆ بینینی دراوسێ نزیکەکانمان هەبووبێت ئەویش کاری بەپەلەمان هەبووە و کارەکان بە جۆرێک پێویست بوون و پەیوەستبوون بە شەڕی داعشەوە. وەک گوتم ئێمە هەندێکجار دەردەکەوتین و دەچووین و دەهاتین، بەڵام کە سەردانی لەوجۆرە نە بۆ ئەورووپا و نە بۆ ئەمریکا نەکرا بەهۆی ئەو بابەتەوە بوو، بەڵام ئێستا رەوشەکە گۆڕاوە. ئێستا چوونە دەرەوە هەیە، لە ئەورووپاش دیداری باشمان کردن و ئەگەری هەیە بچینە ئەمریکاش.
رووداو: پێتانوایە ئەورووپا و ئەمریکا دوای کۆتاییهاتنی شەڕی داعش پشتیان تێکردن؟
مەزڵووم عەبدی: نەخێر، ئێمە بەوشێوەیە بیر ناکەینەوە. ئێمە و ئەمریکییەکان و ئەورووپاییەکان لەگەڵ یەکدی روون بووین. لە چوارچێوەی شەڕی دژی داعش دا لەگەڵمان بوون، لە رۆژی یەکەمیشەوە هەمیشە دەیانگوت: "ئێمە لەبەر داعش لێرەین". بۆ شەڕی دژی داعش لێرەبوون نەک ئەوەی بڵێین بۆ پشتیوانیکردن لە تەواوی دۆزی کورد و تاوەکو کۆتایی دەمێننەوە، یان قەوارەیەک بۆ کورد دروست بکەن...
رووداو: هیچ بەڵێنێکیان نەدابوو؟
مەزڵووم عەبدی: هیچ بەڵێنێکی ئەوانمان وەرنەگرتبوو؛ لەو رووەوە ناتوانم بڵێم ناپاکی و خیانەتیان لێکردین.
رووداو: چونکە کورد دەڵێن ئەمریکا خیانەتی لێکردن؟
مەزڵووم عەبدی: من خۆم واناڵێم. رەنگە هیوامان هەبووبێت، هیوامان هەبوو هێشتا بەردەوام بن و پشتیوانی زیاتر بکەن، بەڵام دەزانین جیهان هەمووی بەرژەوەندییە، ئەو بەڵێنەی پێیان دابووین ئەمە بوو؛ شەڕی دژی داعش. دوای ئەوەی شەڕی دژی داعشیش کۆتایی هات، کشانەوە. ئێستا دەیانەوێت لە عێراقیش بکشێنەوە.
رووداو: راستە، مانگی نۆ، بەڵام ئێستاش پەیوەندییەکانی تۆ و ئەمریکا هەن؟
مەزڵووم عەبدی: بەڵێ، ئێستاش بەردەوامن. سەرەڕای ئەوەی هاتووچۆ کەمبووەتەوە، بەڵام پەیوەندیمان لەگەڵ تەواوی بەرپرسانی ئەمریکی دا هەیە، لەگەڵ ئەورووپاییەکانیشدا هەیە. ئێمە درێژە بە پەیوەندییەکانمان دەدەین لەگەڵ دۆستە کۆنەکانمان.
رووداو: لە شەڕی داعش دا و تاوەکو ئێستاش، نزیکترین دۆستی ئێوە لە وڵاتانی ئەورووپا و رۆژئاوا کێ یە؟
مەزڵووم عەبدی: نامانەوێت جیاوازی بخەینە نێوان وڵاتانەوە، بەڵام با بڵێین سەرۆکی فەرەنسا هەمیشە بە ئاشکرا پشتیوانیی خۆی دەردەبڕێت و بە ئاشکرا دەیڵێت، لەو رووەوە هەمیشە گرنگی دەدەن و ئێمەش دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەمووان بەردەوام بن.
رووداو: باشە، گفتوگۆی راستەوخۆتان لەگەڵ کۆشکی ئێلیزێدا هەیە؟
مەزڵووم عەبدی: بەڵێ، هەمیشە.
رووداو: واتە تاوەکو ئێستاش ئەو دۆستایەتییە ماددی، سەربازی یان مەعنەوییە لەگەڵ فەرەنسادا بەردەوامە؟ یان وەک هێزێک لە پاڵتان وەستاوە و لە دانوستاندنەکانتان لەگەڵ دیمەشق دا پشتیوانیتان دەکات؟
مەزڵووم عەبدی: بەڕاستی ئەگەر مافی نەخۆین، سەرۆکی فەرەنسا بەڕێز ماکرۆن، کاتێک شەڕ دروست بوو و لە بابەتی ئەو رێککەوتنەش کە 29ی مانگی یەک کردمان، زۆر خۆی ماندوو کرد. چەندین جار بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ کردین. لەسەر خاڵەکانی ئەو رێککەوتنە تێڕوانینی خۆی دەردەبڕی و لەگەڵ سەرۆککۆماری سووریاش قسەی کرد. رەنجێکی زۆری کێشا و گوتی: "من گەرەنتیکاری سیاسیی ئەم رێککەوتنەم". دەتوانین بڵێین لەڕووی سیاسی و مەعنەوییەوە پشتیوانییەکی باشیان هەیە.
رووداو: پێش هەڵاتنی بەشار ئەسەد، پەیوەندی لەنێوان تۆ و ئەحمەد شەرع دا هەبوو؟
مەزڵووم عەبدی: هەڤاڵ و هاوڕێیەکانمان پەیوەندییان هەبوو، هەڤاڵانی ئێمە لەگەڵ دەستەی تەحریری شام هەمیشە پەیوەندییان هەبوو. ئێمە پەیوەندییەکانمان نەپچڕاندبوو، بەڵام بە شێوەی کەسیی پەیوەندی نەبوو.
رووداو: پەیوەندیتان لەگەڵ دەستەی تەحریری شام چۆن بوو؟
مەزڵووم عەبدی: سەردەمێک بە تەنیشت یەکترییەوە بووین. لە ساڵانی 2012 و 2013دا، شەڕ لەنێوانماندا روویدا و رێککەوتنیش لەنێوانماندا دروستبوون. ئەو سەردەمە هەڤاڵانی ئێمە بەرپرسانی ئەوانیان بینی و رێککەوتنمان کرد، دانوستاندن کرا، هەندێک جار شەڕ دروست دەبوو و زۆرجاریش رێککەوتن دەکرا. پرۆسەیەک بوو. دواتر هەڤاڵانی ئێمە ئەوانەی لە عەفرین بوون، بەرپرسانی ئەوانیش کە لە ئیدلب بوون لە یەکدی نزیک بوونەوە و چەندین بابەتی هاوبەش لەنێوانیاندا هەبوون. فەرماندەکانی ئێمە لە عەفرین لەگەڵیاندا لە دانوستاندن دا بوون. لەگەڵ سەرکردایەتیی تەحریری شام و پێش ئەوەش لەگەڵ بەرەی نوسرە هەمیشە پەیوەندی هەبوو، بەڵام سەبارەت بە پەیوەندییەکانی من کاتێک ئەم شەڕەی دوایی لەنێوانماندا لە گوندەواری حەلەب روویدا و ئەوکات هێشتا پێش ئەوەی دیمەشق بگرن، پەیوەندیی تەلەفۆنی لەنێوانماندا دروست بوو.
رووداو: داوای هاوکارییان لە ئێوە کرد؟
مەزڵووم عەبدی: بەڵێ، پێش ئەوەی دیمەشق بگرن و لەکاتی شەڕدا بوو. ئەوکات بۆ ئەوەی هاوئاهەنگی دروستبێت و بۆ ئەوەی شەڕ لەگەڵ یەکدی نەکەین و بتوانین هاوکاریی یەکدی بکەین، پەیوەندیمان بە یەکەوە کرد، من راستەوخۆ قسەم لەگەڵیان کرد. ئەوکات پێکەوە هاوئاهەنگیمان کرد.
رووداو: مەترسی لەسەر رۆژئاوای کوردستان هەیە؟
مەزڵووم عەبدی: راستییەکەی هەیە. دەبێ هەمیشە بەو جۆرە لێی بڕوانین. تاوەکو رێککەوتنێکی تەواو دروست نەبێت و دۆخەکە ئاسایی نەبێتەوە، مەترسییەکان هەر دەمێنن. کێشەیەک دروست دەبێت، گەورە و گەورەتر دەبێت. پێش چەند رۆژێک کێشەیەک روویدا، ئەگەر پێشی لێنەگیرابا لەوانەیە ببووایە هۆی شەڕێکی گەورە.
رووداو: بابەتی سەرێکانی؟
مەزڵووم عەبدی: بەڵێ، بابەتی سەرێکانی.
رووداو: ئاوارەکانی سەرێکانی چییان بەسەرهات، ژەنەراڵ؟
مەزڵووم عەبدی: پێش هەموو شتێک با بڵێم رەوشی سەرێکانی و گرێ سپی دۆخێکی تایبەتی هەیە و شۆڤێنیزم زاڵە. دەوڵەت و دامەزراوەکانیشی لەوێ باڵادەست نین. ئەو کەسانەی ئێستا لەوێ باڵادەستن، دەستیان بەسەر موڵک و ماڵی کورد و ئەو کەسانەدا گرتووە کە لەگەڵ هەسەدەدا بوون. هەندێکیان نایانەوێت خەڵکەکە بگەڕێنەوە. کێشەیەکی لەم شێوەیە هەیە. لەبەرئەوەش گەڕانەوە کەمێک دواکەوت. لەم دواییانەدا دەرفەتی گەڕانەوە بۆ گوندەکانی سەرێکانی رەخسا. ئێمە پێویستییەکانمان دابین کردن، لەوێ مین هەبوون، پاککرانەوە. بۆ ئەو گوندانە پلانێک دانرا و گەڕانەوە. 12 گوند بوون و باوەڕم وایە بەشێکی خەڵکەکەی گەڕانەوە، بەڵام ئەو رووداوەی روویدا لەنێو خودی سەرێکانی دا بوو. بەرپرسانی ئەوێ بەڵێنیان بە خەڵکەکەمان دابوو کە دەتوانن بێن و هیچ نابێت. ئەوانیش بە بڕیاری خۆیان چووبوون، بەڵام ئەوان بەڵێنەکانی خۆیان جێبەجێنەکرد و نەیانتوانی بەسەر چەکدارانی ئەوێدا زاڵ بن؛ لەبەر ئەوە ئەم رووداوانە دروستبوون.
رووداو: ئایا مەترسیی داعش لەسەر سووریا یان لەسەر رۆژئاوای کوردستان نەماوە؟
مەزڵووم عەبدی: نەخێر، من پێموایە هەیە. ئەوانەی مەترسیی داعش بچووک دەکەنەوە راست ناکەن؛ داعش خۆی رێکخستووەتەوە و هێشتا کار دەکات، لەوانەیە بە پێچەوانەوەبێت و داعش ئێستا پێگەی خۆی فراوانتر کردبێت و چووبێتە نێو شارەکانیشەوە. لە شارەکانیشدا هەیە.
رووداو: خۆی رێکخستووە یان وەک گرووپی بچووک هەیە؟
مەزڵووم عەبدی: رەنگە لە ئاست دا وەک پێشتر نەبێت، بەڵام ئێستا بڵاوبووەتەوە و لە هەموو شارەکانیشدا هەن. بۆ نموونە پێشتر لە شارە گەورەکانی سووریادا نەبوو، بەڵام ئێستا لەو شوێنانەش جێگیر بووە.
رووداو: ژەنەراڵ، من لە رۆژئاوای کوردستان گەڕام، نەچوومە کۆبانێ لەبەرئەوەی کات نەبوو، بەڵام لە پارێزگای حەسەکە خزمەتگوزاری زۆر کەمە. خەڵک گلەیی دەکەن و دەڵێن: دەسەڵات لە دەستی رێڤەبەری خۆسەردا بوو.؟ داهاتیشتان هەبوو و ئێوە لەوێ حکومەت بوون. هۆکار چی بوو کە وەک ئەوەی دەویسترا خزمەتی رۆژئاوای کوردستانتان نەکرد؟
مەزڵووم عەبدی: ئێمە رەخنەکان قبووڵ دەکەین. با بڵێین رێڤەبەری خۆسەر بەرپرسیار بوو و خزمەتگوزاریی پێشکەش دەکرد. کەموکوڕیمان هەبوو، دەبێت ئەوەش بڵێین کە بە گوێرەی ئەو دەرفەتانەی لەبەر دەستی رێڤەبەری خۆسەردا بوون خزمەتگوزاریی پێشکەش نەکرا و لە ئاستی پێویست نەبوون ، ئەوەش راستە. جێگەی رەخنەیە و ئێستا ئێمە رەخنە لە خۆمان دەگرین. ئەمە هەیە، بەڵام پێویستە ئەو دۆخەش لەبیر نەکەین کە پێیدا تێپەڕین و نابێ خۆمان لە رەوشی سووریا جیا بکەینەوە، پێموایە ئەمەش دادپەروەرانە نابێت. بۆ نموونە لە سووریا چوار حکومەت هەبوون: حکومەتی شام، حکومەتی ئیدلب، حکومەتی عەزاز و حکومەتی رێڤەبەری خۆسەریش هەبوو. دۆخی هیچیان لەوەی ئێمە باشتر نەبوو.
رووداو: بەڵام لەڕووی خزمەتگوزارییەوە، حکومەتی شەرع ئیدلبی زۆر پێشخست؟
مەزڵووم عەبدی: من باوەڕ بەوە ناکەم. من لەو باوەڕەدا نیم.
رووداو: تۆ لەو باوەڕەدا نیت؟
مەزڵووم عەبدی: من لەو باوەڕەدا نیم.
رووداو: بەڵام دەڵێن ئەو خزمەتەی لەوێ کراوە لەوەی رێڤەبەری خۆسەر زۆر باشترە؟
مەزڵووم عەبدی: من لەو باوەڕەدا نیم؛ شت هەیە کە رێڤەبەری خۆسەری کردوونی، لەگەڵ ئەوەدا ئەو شتانەش هەن کە کەموکوڕییان تێدا کراوە. هەردوو لایەنەکە هەن و با تەنیا رەش و سپی نەبینین. بە بڕوای من ئەم بەراوردە لە جێگەی خۆیدا نییە. لەلایەکی دیکەشەوە ئێمە دۆخێکی جیاوازمان هەبوو. نامەوێت بەرگری لەوە بکەم و با ئەم قسانەی من وەک بەرگری لێک نەدرێنەوە، بەڵام دەبێ بەشێوەیەکی واقیعی لێی بڕوانین. تاوەکو پێش کەوتنی دیمەشقیش، تەواوی ژێرخانی رۆژئاوای کوردستان بۆردوومان دەکرا. کارەبا بۆردوومان کرا و شارەوانییەکان بۆردوومان کران. ئەگەر یەک گەمارۆ لەسەر سووریا گەمارۆ هەبووبێت، لەسەر ئێمە و ناوچەکەمان دوو هێندە گەمارۆ هەبوو، کێشە هەبوون. ئێمە لە شەڕ رزگارمان نەبوو؛ 15 ساڵ لەنێو شەڕدا بووین و لێی دەرنەچووین. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە با بڵێین راستە و گەلەکەمان مافی خۆیەتی کاتێک رەخنە دەگرێت. دەتوانین بڵێین بەو دەرفەتانەی لەبەردەستدا بوون، رێڤەبەری خۆسەر دەیتوانی خزمەتی زیاتری پێشکەش بکردایە، بەڵام دەبێ لەکاتی هەڵسەنگاندن کۆسپ و تەگەرەکانیش ببینین.
رووداو: تۆ سووریایەکی چۆنت دەویست، ژەنەراڵ؟ سووریایەکی ناناوەندی ؟ سووریایەکی ناوەندی ؟ تۆ لە داهاتوودا سووریایەکی چۆن دەبینی ؟
مەزڵووم عەبدی: ئێمە لەو باوەڕەداین ئەو شتەی پێشتر لە سەردەمی ئەسەد و بەعس دا روویدا، هۆکارە سەرەکییەکەی ئەوەبوو کە حوکمێکی تۆتالیتار و دەسەڵاتێکی ناوەندیی رەها هەبوو. سیستمەکە ناوەندی بوو و هۆکاری سەرەکیی هەموو ئەو خراپەکاری و ستەمەی کرا هەر ئەوەبوو. لەبەرئەوە لە داهاتووی سووریادا سیستمی ناوەندی چارەسەر نییە. سووریا پێشتر تاقیکردووەتەوە و سەرکەوتوو نەبووە. شتێک کە پێشتر تاقیکرابێتەوە نابێ جارێکی دیکە تاقی بکرێتەوە. لەبەر ئەوە باشترین سیستم بۆ سووریا ئەوەیە کە سیستمێکی لامەرکەزی بێت، بۆچوونی ئێمە بەم شێوەیەیە.
رووداو: بێمە سەر پەیوەندییەکانی تۆ و وڵاتانی دراوسێ. لەنێو قسەکانتدا باسی دراوسێیەکانت کرد. نێوانتان لەگەڵ تورکیا چۆنە؟
مەزڵووم عەبدی: ئەگەر لەگەڵ پێشتر بەراورد بکەین ئێستا باشترە. تاوەکو ساڵێک لەمەوبەریش، ئێمە هەمیشە لەلایەن تورکیاوە بۆردوومان دەکراین، ژێرخانمان بۆردوومان دەکرا و هەموومان ئامانج بووین. ئێستا دۆخێکە کە ئاگربەست و کەناڵی کراوە لەنێوانماندا هەن. گفتوگۆ لەگەڵ یەکدی دەکەین و دەمانەوێت ئەمە زیاتر بەرەوپێش بچێت و لە بابەتی ئاگربەست تێپەڕێت و ببێتە بابەتێک کە بتوانین لێکتێگەیشتن لەنێوانماندا دروستببێ ، تاوەکو ئێمە و تورکیا بتوانین بەشێوەیەکی ئاسایی وەک هەموو کەسێک پەیوەندی و مامەڵە لەگەڵ یەکدی بکەین.
رووداو: دانوستاندنی راستەوخۆ لەنێوانتاندا هەیە، یان نێوەندگیر هەن؟
مەزڵووم عەبدی: نا راستەوخۆ هەیە؛ هەڤاڵانی ئێمە ئەوان دەبینن و ئەوانیش هەڤاڵانی ئێمە دەبینن.
رووداو: باشە، ئێمە کەی ژەنەراڵ مەزڵووم عەبدی لە تورکیا دەبینین؟
مەزڵووم عەبدی: ئەمە پەیوەستە بە بارودۆخی سیاسی و بەوەی تورکیا تاوەکو چەند ئامادەیە بۆ ئەمە. باوەڕم وایە ئەگەر دۆخەکە کەمێکی دیکە ئامادەبێت، شتێکی لەم شێوەیە روودەدات.
رووداو: ئاماژە هەن؟
مەزڵووم عەبدی: بەڵێ، شتی ئەرێنی هەن، ئاماژەی ئەرێنی هەن. باوەڕیشم وایە لە بەرژەوەندیی رۆژئاوای کوردستان، لە بەرژەوەندیی گەلی کورد لە سووریا و لە بەرژەوەندیی تورکیاشدایە کە پەیوەندییەکانمان لە ئاستێکی باڵاتردا دروستبکرێن.
رووداو: کەی ژەنەراڵ مەزڵووم عەبدی و بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان یەکدی دەبینن؟
مەزڵووم عەبدی: ئەوەش پەیوەستە بەم بابەتەوە، بە پرسی ئێمە و تورکیاوە بەستراوەتەوە.
رووداو: دانوستاندنی راستەوخۆ لەنێوان تۆ و ئۆجەلان دا روویانداوە؟
مەزڵووم عەبدی: نەخێر، رووینەداوە.
رووداو: رووینەداوە؟
مەزڵووم عەبدی: نەخێر، لەگەڵ من رووینەداوە.
رووداو: واتە لەگەڵ هەڤاڵانت روویانداوە؟
مەزڵووم عەبدی: بەڵێ لەوانەیە ئەوە هەبووبێت، بەڵام لەگەڵ من نەبووە و، من باسی خۆم دەکەم.
رووداو: دەتەوێت بیبینیت؟
مەزڵووم عەبدی: بێگومان، ئەو سەرکردەیەکی کوردە و سەردەمێک بۆ ماوەی 20 ساڵ لێرە ژیاوە. باوەڕم وایە پێشتریش لە پرۆسەی ئاشتی دا و لەو ئاگربەستەی دروست بوو و گەیشتە رێککەوتن، رۆڵی هەبووە.
رووداو: ئاها، واتە رۆڵی ئۆجەلان لە رێککەوتنەکەدا هەبوو؟
مەزڵووم عەبدی: تێیدا هەبوو و رۆڵی ئەرێنیشی دەبێت.
رووداو: ئەو پرۆسەیەی لە باکووری کوردستان بەڕێوەدەچێت پرۆسەی ئاشتی و لێکتێگەیشتن، یاسایەک دەردەکەن ئایا کاریگەریی لەسەر رۆژئاوا دەبێت؟
مەزڵووم عەبدی:لە ئێستاوە هەیەتی. چونکە دەتوانین بڵێین یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەی ئێستا ئاگربەست هەیە و تورکیا ئێرە بۆردوومان ناکات و وەک ساڵێک لەمەوبەر هێرش ناکات، کاریگەریی راستەوخۆی ئەوەیە. باوەڕم وایە ئەگەر ئەم پرۆسەیە بەرەوپێش بچێت، کاریگەری ئەرێنی زیاتریشی دەبێت.
رووداو: نێوانتان لەگەڵ باشووری کوردستان چۆنە، ژەنەراڵ؟
مەزڵووم عەبدی: باشە. باوەڕم وایە ئێستا لە باشترین قۆناخدا بێت. پەیوەندیمان لەگەڵ هەموواندا هەیە؛ لەگەڵ هەولێر هەیە و لەگەڵ سلێمانیش هەیە، لە رێگەی هەولێریشەوە لەگەڵ هەمووان پەیوەندیمان هەیە.
رووداو: لەبەر ئەوەی سەرۆک مەسعوود بارزانی لە کاتی شەڕدا، هەروەها نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیران و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لە رۆژە سەختەکاندا پشتیوانییان لێکردن. تۆش وا دەڵێیت؟
مەزڵووم عەبدی: بەڵێ.
رووداو: هێشتا پێویستیتان بە باشووری کوردستان هەیە؟
مەزڵووم عەبدی: باوەڕم وایە زیاتر لە جاران پێویستیمان پێیەتی، چونکە ئیتر پێمان ناوەتە قۆناخێکی نوێوە. لەم قۆناخە نوێیەدا باشووری کوردستان دەتوانێت رۆڵی زیاتر بگێڕێت. ئەوکاتە کاتی شەڕ بوو و لە زۆر رووەوە هاوکارییان کردین، بەڵام ئێستا لە قۆناخی ئاوەدانکردنەوەدا، لە بواری وەبەرهێنان و هەروەها لەڕووی سیاسی و دیپلۆماسیشەوە باوەڕم وایە زیاتر لە جاران پێویستیمان دەبێت. پەیوەندی باشووری کوردستان لەگەڵ حکومەتی دیمەشقیش باشە. لەو چوارچێوەیەدا ئەوەش دەبێتە هۆکارێک کە زیاتر ، واتە ئێمە و هەولێر و سلێمانی و دیمەشق بتوانین پێکەوە کارێکی باشتر پێکەوە بکەین.
رووداو: نێوانتان لەگەڵ قەندیل چۆنە؟ بۆ نموونە ماوەیەک بەشێک لە خەڵک دەیانگوت: داهاتی رۆژئاوای کوردستان بۆ قەندیل دەچێت، ژەنەراڵ! بەڕاستی وابوو؟
مەزڵووم عەبدی: لێرەدا دەبێ دوو شت بڵێین. یەکەم قەندیل، باکووری کوردستان، تەنانەت ئەو گەنجانەی سەر بە قەندیل بوون چ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و چ لە باشووری کوردستان، بە هەزاران کەس هاتنە ئێرە و شەڕیان کرد، بەرگرییان کرد و هەندێکیان شەهید بوون. ئێستا گۆڕی هەموویان لێرەیە و لێرە مانەوە و نەگەڕانەوە بۆ شوێنی خۆیان؛ وەسیەتی خۆیان بوو دەیانگوت با لە رۆژئاوا بمێنینەوە و لە رۆژئاوا بە خاک بسپێردرێین. رۆژئاوا هاوکاریی تەواوی کوردستانی کرد و هەموو پارچەکانی کوردستانیش هاتن و هاوکاریی رۆژئاوای کوردستانیان کرد. ئەمە لەبیر ناکەین؛ ئەو کەسانەی هاتن لەپێناو ئێمەدا خوێنی خۆیان بەخشی و لێرە شەهید بوون و بەرگرییان لێکردین قەت لەبیریان ناکەین. ئەو بابەتە زۆر گەورە کرا، بەڵام دەبێ لایەنی بەرگریش ببینین. جگە لەوەش، لەو بابەتەدا بە چەندین شێواز رەخنەمان لێگیراوە، بەتایبەت لەڕووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە. تورکەکان بە قورسی ئەوەیان دژی ئێمە بەکارهێنا. ئێستا لەم کاتەدا چووینەتە نێو بارودۆخێکی نوێوە. ئێستا لەگەڵ دەوڵەتی سووریا هەڵسوکەوت دەکەین و بووینەتە بەشێک لە دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا، ئێمە بڕیاری خۆمان داوە و کوردی رۆژئاوا نوێنەرایەتی خۆی لە هەسەدە و لەم بەڕێوەبەرایەتییە خۆسەرەدا دەبینێتەوە کە بڕیارمان داوە لەگەڵ شام ببنە یەک ، ئیدی بڕیارمانداوە کە لەگەڵ دیمەشق دا کار بکەین و کارەکان بەڕێوەببەین. لە دوایین کۆبوونەوەدا کە لە دیمەشق لەگەڵ سەرۆککۆمار سازکرا، بە شێوەیەکی فراوان و روون زۆر لەسەر ئەم بابەتە قسەمان کرد و گەیشتینە ئەنجامێک. گوتمان لە ئەمڕۆ بەدواوە کە هێزەکانمان هاتوون و ئینتیگراسیۆن دەکرێت. ئیتر لەگەڵ شام دا کار دەکەین. دەمانەوێت وەک کورد ببینە بەشێک لەم دەوڵەتە. کورد لە دروستکردن و سەربەخۆیی دەوڵەتی سووریادا نەبوونە بەشێک لە دەوڵەت، بەڵام ئێستا دەرفەت دروستبووە کە کورد ببێتە بەشێک لە بنیاتنانی ئەم دەوڵەتە؛ دەوڵەتی سووریا. ئێستا بڕیارمانداوە بەوجۆرە بین. لەگەڵ دیمەشق لەسەر ئەم پرسە گفتوگۆمان کردووە و رێککەوتووین.
رووداو: بەڵام ژەنەراڵ، دیمەشق ئامادەیە پۆستی سیاسی بداتە کورد؟
مەزڵووم عەبدی: باوەڕم وایە ئامادەن. لەسەر ئەم بابەتانە قسە کراوە. ئەوان چاوەڕێن ئەم پرسی تێکەڵبوونەوەیە کەمێکی دیکە بەرەوپێش بچێت و تەواوبێت بۆ ئەوەی هەنگاوی لەم شێوەیە بنرێن...
رووداو: ئێوە لە بابەتی تێکەڵبوونەوە پەلە دەکەن و دەتانەوێت زوو جێبەجێ ببێت؟
مەزڵووم عەبدی: خۆی بەپێی رێککەوتنەکە دەبووایە لە مانگی شوبات دا تەواوبێت، خۆی لە خۆیدا دواکەوتووە. هۆکاری دواکەوتنەکەش لە هەردوولاوە بووە، ئەوان و ئێمەش. لەم بابەتەدا نامەوێت بیخەمە ئەستۆی لایەنێک بە تەنیا، بەڵام درێژەی کێشا و دواکەوت. ئیدی پلانمان داناوە کە لەم مانگەدا تێکەڵبوونەوە تەواو کۆتایی بێت.
رووداو: پرسیارە ستراتیژیی و تایبەتەکانی من ئەمانە بوون و پێموایە زۆر گرنگ بوون، چونکە کورد بەڕاستی زۆر بە پەرۆشەوە بەدوای وەڵامی ئەم پرسیارانەوەیە. ئەو پرسیارانەی بۆ ئەم هەڤپەیڤینە ئامادەم کردبوون، پرسیاری خەڵک بوون. من چوومە باکووری کوردستانیش، خەڵک بە پەرۆشن بزانن چی بەسەر رۆژئاوای کوردستان دێت. ئایا رۆژئاوای کوردستان نەما و دەست لە هەموو شتێک بشۆین؟ دەمگوت: لەوانەیە هەڤپەیڤینێک لەگەڵ ژەنەراڵ مەزڵووم عەبدی بکەم. دەیانگوت: ئەم پرسیارانەی لێ بکە. بێ هیوایی لەنێو خەڵک دا دروستبوو دوای ئەوەی لە شەڕدا نازانم ئێوە دەڵێن تێکشکان یان هەڵە روویاندا. بەڵام بەشێکی زۆر لە خەڵکی رۆژئاوای کوردستان، تەنانەت خودی کوردیش، کەمێک بێ هیوا ببوون. ئایا تۆ هیوا دەدەیە کورد؟ دەڵێی: "ئێمە تێکنەشکاوین و سەردەکەوین"؟
مەزڵووم عەبدی: نەخێر، با ئەمەش بە وردی دەستنیشان بکەین. راستە لەڕووی سەربازییەوە کشاینەوە؛ لە ناوچەیەکی زۆر بەرفراوان کشاینەوە و لە شێخ مەقسوود شکاین. زۆر شتمان نەپاراست و لەم رووەوە ئەمە بۆ ئێمە بابەتی رەخنە لەخۆگرتنە. ناوچەیەکی کوردی بوو، رێککەوتنێک کرابوو و دەبووایە ئەو رێککەوتنە جێبەجێ بکرێت؛ رێککەوتنی 1ی نیسان. ئێمەش بەربەرپرسیارێتی خۆمان لەوەدا دەبینین و راستییەکەی بابەتی رەخنە لەخۆگرتنە، بەڵام باشترین شت ئەوەبوو کە دەبوو رێککەوتنەکە بۆ خەڵکی شێخ مەقسوود جێبەجێ بکرێت. هۆکارەکانی زۆرن. لەنێو خۆماندا لێپرسینەوەمان لەگەڵ خۆمان کردووە و لێپرسینەوەشمان لە یەکتر کردووە.
رووداو: لەسەر ئەو شتانە لێپرسینەوەتان لە یەکدی کردووە؟
مەزڵووم عەبدی: بێگومان لێپرسینەوەمان لە یەکدی کردووە و لەو رووەوە دواتر بە گەلەکەشمانی رادەگەیێنین، بەڵام پێش ئەوە لە ناوچەکانی دیکە، واتە لە دێر حافیرەوە بگرە و وەرە، بەڕاستی لەوێش کەمێک کشاینەوە و هەندێک هەڵە دروستبوون. لەوێش ئەو زیانانەی نەدەبوو بیانبەخشین بەخشیمانن و کاریگەرییان دروستکرد. ئەمانە دیسان ئەو بابەتانەن کە ئێستا لەسەریان دەوەستین و بابەتی رەخنە لەخۆگرتنن، بەڵام با ئەوەش بڵێم، لە کۆتاییدا کاتێک بینیمان شەڕ لێرە پەرەی سەند، بڕیارماندا پاشەکشە بکەین و بگەڕێینەوە ناوچە کوردییەکان و ناوچە کوردییەکان بپارێزین. ئەوە بڕیاری ئێمە بوو. هۆکاری ئەوەی ئاوا بەپەلە پاشەکشەمان کرد و هاتین لەم ناوچانەدا جێگیر بووین، ئەوە بوو. راستە، لە بواری سەربازی دا هەڵەی ئێمەش هەبوون، بابەت هەن کە دەبێ لەسەریان بوەستین، بەڵام نەمانویست لەوێ تاوەکو کۆتایی شەڕ بکەین، کشاینەوە و هاتینەوە ناوچە کوردییەکان. دواتر من خۆم لەبەرامبەر لە راگەیاندنەکان دەرکەوتم و گوتم ئەمە ناوچەی ئێمەیە و شەڕ دەکەین. کاتێک هاتمە سەر شاشە گوتم: "ئیتر لە ناوچە کوردییەکان دا شەڕ دەکەین". من خۆم گوتم: کۆبانێ و پارێزگای حەسەکە و ناوچەی جزیرە، رەققە و دێرەزوور نییە و لەپێناوی ئەمانەدا شەڕ دەکەین. ئەمەمان بە دەوڵەتی سووریاش گوت، بە ئەمریکییەکانیشمان گوت و بە هەمووانمان گوت. گوتمان: "ئێمە لێرە شەڕ دەکەین". دواتر وەک دەزانن رێککەوتن کرا و شەڕ وەستا. بۆیە ئەگەر بەم جۆرە هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین زۆر باشتر دەبێت. راستە بۆ من ئەمە بابەتی رەخنە لەخۆگرتنە، بەڵام دەبێ بە شێوازێکی دیکە رەخنەی لێبگیرێت. بەڵام ئێستا لەم ناوچەیەی تێیداین رێککەوتنێک هەیە. ئێمە و دەوڵەتیش دەبێ بەپێی ئەو رێککەوتنە هەنگاو بنێین و بە بڕوای من هێشتا هەندێ شت هەن لێرەدا کە بتوانین بیانپارێزین.
رووداو: باشە، هەندێک پرسیاری تایبەتم هەن. بۆچی دەڵێم تایبەت؟ هەڤپەیڤینەکان سیاسین، ستراتیژین و پرسیاری وا قورسن سەبارەت بە پرسی داهاتووی رۆژئاوا، بەڵام زۆر کەس بە پەرۆشن بۆ ناسینی تۆ وەک ژەنەراڵ مەزڵووم عەبدی؛ رەنگە هەڤاڵانی دەوروبەرت باش بتناسن، بەڵام خەڵکانێک هەن دەیانەوێت باشتر بتناسن. تۆ لە حەلەب خوێندووتە، ئەندازیاریت خوێندووە و لە حەلەب لە بنەماڵەیەکی رۆشنبیر بوویت. باوکت دکتۆر خەلیل عەبدی، یەکەمین پزیشکی کوردە لە کۆبانێ. گەورەترین هەڵە کە مەزڵووم عەبدی کردبێتی چی بوو؟ هەڵەیەک کە بڵێی: خۆزگە ئەم هەڵەیەم نەکردایە؟
مەزڵووم عەبدی: ئەوە بەڕاستی پرسیارێکی سەختە، بەڵام وەڵامەکەی دەدەمەوە، چونکە پەیوەندی بە گەلەکەشمانەوە هەیە. بەتایبەت دوای ئەوەی رێککەوتنی 10ی ئادارمان واژۆکرد، دەرفەتێک هەبوو جێبەجێی بکەین. هەڵە کرا لە سیاسەتی ئێمەدا، هەڵە هەبوون. بێگومان دەمویست هەوڵێک بدەم کە ئەو رێککەوتنە جێبەجێ بکەین، بەڵام وایدەبینم هەوڵەکانم کەم بوون، بۆ ئەوەی بتوانین ئەو شتانەی لەگەڵ دەوڵەتی سووریادا لەسەریان رێککەوتبووین بخەینە واری کردارییەوە، هەوڵەکانم کەم بوون. من ئەوە بۆ خۆم بە گەورەترین هەڵە دەبینم. ئەگەر لێم بپرسی لە چ بابەتێکدا مافی رەخنەگرتن دەدەیتە گەلی کورد، لەم بابەتەدا دەیدەم؛ دەبووایە تێکۆشانێکی گەورەترمان بکردایە بۆ ئەوەی بتوانین ئەو رێککەوتنە بخەینە بواری کردارییەوە. ئێستاش بۆ ئەوەی ئەوە تێپەڕێنم، دیسان لە قۆناخێکداین. بەڵێنم بە گەلی خۆم داوە کە بۆ ئەم جارە، رێککەوتنێک کە هەرچەندە بە تەواوی بە دڵی ئێمە و بەپێی خواستەکانمانیشمان نەبێت، بەڵام لەپێناو ئەوەی جارێکی دیکە شەڕ روونەداتەوە و دووبارە رووبەڕووی ئەو شتانە نەبینەوە کە گەلەکەمان نایەوێت، بەڵێنم داوە هەموو وزە و توانای خۆم بەگەڕبخەم تاوەکو ئەم جارە ئەم رێککەوتنە جێبەجێ بکەین و ئارامی دروستببێت، دواتریش درێژە بە خەباتی خۆمان دەدەین.
رووداو: کاتێک دەکەویتە تەنگانەوە، بۆ نموونە بڕیارێک دەدەیت و سەرت لێ تێکدەچێت، کەسێک یان کەسانێک هەن بگەڕێیەوە لایان بۆ راوێژ؟
مەزڵووم عەبدی: بەڵێ، تیمەکەم ، هەڤاڵانی ئێمە کە لێرە کار دەکەن لە فەرماندەیی هەسەدە. بێگومان پێکەوە راوێژ دەکەین و بۆچوونەکانیان وەردەگرین و زۆرجاریش سوودی لێبینراوە. بەڕاستی زۆرجار بۆچوونی خەڵکیش بە جیدی وەردەگرم؛ دەبینم کەسێک لەنێو خەڵک شتێک دەڵێت کە دەڵێن دەبووایە ئەوەت بکردایە، ئێمە لێکدانەوەی بۆ دەکەین و کە دەبینین باشە، دێین بە هەڤاڵانی خۆمان دەڵێین با بیکەین و ئیتر دەیکەین.
رووداو: نێوانتان لەگەڵ خەڵک باشە، خەڵک دەبینی؟ پێشوازی لە خەڵک دەکەیت؟
مەزڵووم عەبدی: من هەمیشە هەوڵدەدەم باش بێت.
رووداو: ئێستا تۆ سەرکردەیەکی گرنگیت، نە تەنیا لە رۆژئاوای کوردستان، بەڵکو لە پارچەکانی دیکەی کوردستان هەموو کەس تۆی قبووڵە، هەمووان رێزت لێدەگرن و خۆشیان دەوێیت. ئەو هاوڕێ کۆنانەت، پێش ئەوەی بگەیە ئەم پێگەیە، هێشتا هاوڕێیەتیتان ماوە یان نەماوە؟ بۆ نموونە هاوڕێیەکانی زانکۆت لە حەلەب، هاوڕێ کۆنەکانت، هاوڕێیەکانت لە کۆبانێ؟ هیچ پەیوەندیت لەگەڵیان ماوە، ژەنەراڵ؟
مەزڵووم عەبدی: بەڵێ، پەیوەندیمان باشە. هەندێکیان هەندێک جار دێنە لام و بەبیرم دەهێننەوە و دەڵێن: ئێمە پێکەوە بووین. سوپرایز دەکەن و من زۆر دڵخۆش دەبم. بەڵێ ئەوانە هەن و زۆر لە هاوڕێ کۆنەکانم هەن. راستیشت بوێت پێم گوتوون راستە ئێمە لێکدابڕابووین، بەڵام ئێستا دەبێ بێن لەگەڵ من کار بکەن و هەندێکیشیانم خستوونەتەوە سەر کار.
رووداو: بیری ژیانی مەدەنی ناکەیت، چونکە هەمیشە تۆ بە جلوبەرگی سەربازییەوە دەبینین؟
مەزڵووم عەبدی: بەڕاستی لە سەرەتادا کە هاتمە رۆژئاوا، لە دەستپێکی شۆڕش دا، من کاری مەدەنی و کاری سیاسیم دەکرد، بەڵام دواتر شەڕ بەسەرماندا سەپێندرا. لە ساڵی 2013دا جلی سەربازیمان پۆشی. لە ساڵانی 2011 و 2012دا خەباتی سیاسیم دەکرد و زۆر کارم بە سەربازییەوە نەبوو، بەڵام شەڕ بەسەرماندا سەپێندرا و لە 2013دا جلی سەربازیمان لەبەرکرد و تاوەکو ئەمڕۆ داماننەکەندووە، بەڵام باوەڕم وایە کاتی ئەوە هاتووە دایبنێین.
رووداو: ئاها، کاتی هاتووە، ئەو کاتە نزیکە؟
مەزڵووم عەبدی: باوەڕم وایە نزیکە.
رووداو: ئیدی بە جلوبەرگی سەربازییەوە ناتبینین؟
مەزڵووم عەبدی: پێموایە ئەوکاتەی تێکەڵبوونەوەی هەسەدە بۆ نێو سوپای سووریا بگاتە کۆتایی ، ئێمە دەگەڕێینەوە سەر کاری پێشوومان و پێموایە ئەوە بۆ گەلەکەمان زۆر باشترە. من خۆم خواستی گەل بە بنەما وەردەگرم؛ کاتێک پێویستی بە سەربازی بێت دەبمە سەرباز و کاتێکیش پێویست بە سیاسی بێت کاری سیاسی دەکەم.
رووداو: شتێکی دیکە کە بۆ منیش جێگەی مەراقە تۆ هیچ کات گوێ لە گۆرانی دەگریت، ئەم شتانە لەلای تۆ هەن، ژەنەراڵ؟ هونەرمەندێک هەیە بڵێی: حەزم لێیەتی و هەمیشە گوێ لە گۆرانییەکانی دەگرم؟
مەزڵووم عەبدی: بەڕاستی هەیە. لە کاتی خۆیدا من پشتیوانیشم لێدەکردن؛ رەنگە لەبیرت بێت کاتێک لە حەلەب دەمانخوێند و کارمان دەکرد، ئەو سەردەمە چەندین تیپمان دادەمەزراندن و پشتیوانیمان لێدەکردن.
رووداو: راستە، تۆ پشتیوانییەکی زۆر سەرەکی بوویت بۆ کار و چالاکیی هونەری.
مەزڵووم عەبدی: ئێستاش هێشتا پشتیوانی دەکەم و گرنگیی پێدەدەم، بەڵام نامەوێت زۆر بچمە نێو بابەتەکە و ناو بهێنم تاوەکو کەس دڵگران نەبێت.
رووداو: دەترسی هەندێک کەس نیگەران بکەیت؟
مەزڵووم عەبدی: بەڵێ، نامەوێت جیاوازی بخەمە نێوانیانەوە.
رووداو: چی کۆبانێت بیرماوە، منداڵیت؟
مەزڵووم عەبدی: قۆناخی سەرەتاییم بیردێتەوە، ئەو قۆناخە گرنگ بوو. یەکەم هەوڵدانمان ئەوەبوو کاتێک لە قۆناخی سەرەتاییدا بووین، من و چەند هاوڕێیەکم بووین دەمانویست ناوی هەموو قوتابخانەکانی کۆبانێ بگۆڕین و هەموویان بکەینە کوردی. ئەوکات لەسەر ئەوە گفتوگۆ دەکرا کە ئایا ناوی قوتابخانەکان بگۆڕن یان نەیانگۆڕن، ئێمە گوتمان با ناوی شەهیدانیان لێ بنێین، ئەوکات چوومە کۆبانێ پێیان گوتم: "ناوەکان ناگۆڕین". دەوڵەتی سووریا مەرسوومی دەرکردبوو.. ئەوەم بیردێتەوە کاتێک تازە دەچووینە قۆناخی ناوەندی، جارێکیان من و هاوڕێیەکم چووین بۆیاخمان هێنا و ناوی هەموو قوتابخانەکانی کۆبانێمان گۆڕی. هەموومان کردنە کوردی و لە شەوێکدا هەموومان تەواوکردن و دواتر کێشەیەکی گەورە لە کۆبانێ دروستبوو، دواتریش موخابەرات هاتنە نێو بابەتەکە و هەندێک کەس دەستگیر کران. ئەم یادەوەرییەم بیردێتەوە.
رووداو: ئەگەر خوێندنت تەواو بکردایە، ئێستا تۆمان وەک ئەندازیارێکی کورد دەبینی، وانییە؟
مەزڵووم عەبدی: راستە، ئەوە دەکرا ببووایە، چونکە خۆشم حەزم لە ئەندازیاری بوو، بەڵام ئەوە بەشداریی کاری سیاسی بووین.
رووداو: بیری ئەو رۆژانەی خوێندن لە زانکۆی حەلەب ناکەیت؟
مەزڵووم عەبدی: بەڕاستی زانکۆی حەلەب بۆ من شتێکی تایبەت بوو؛ چونکە بە شێوازێکی رێکخراوەیی چووبووینە نێو خەباتی سیاسییەوە. پێشتر وەک هاوڕێیەتی دەمانکرد، بەڵام کاتێک چووینە زانکۆ شتێکی دیکە بوو، بۆ ئامانجێکی سیاسی چووینە ناوی. خەباتێکی سیاسیی گەورەمان لە زانکۆدا بەڕێوەدەبرد. باوەڕم وایە لە ژیانی سیاسی من دا گەورەترین خەبات ئەوەبوو کە لەگەڵ هاوڕێیەکانمان لە زانکۆدا دەمانکرد؛ بە دەیان لە هاوڕێیەکانم لەگەڵ من بەشداری کاری سیاسی بوون و زۆربەیان تاوەکو ئێستاش لەگەڵماندان. هەندێکیان شەهید بوون و هەندێکیشیان تاوەکو ئێستا پێکەوەین و بەردەوامین.
رووداو: زۆر دڵخۆش بووم. گوتم دوای 30 ساڵ جارێکی دیکە دەتبینمەوە. بەڕاستی زۆر دڵخۆش بووم. ژەنەڕاڵ، تۆ هەر وەک پێشووی. من تۆم لە کۆبانێ بینیوە، لە حەلەب لە سەردەمی خوێندن دا، لە ئەورووپا بینیومی، تۆ هەر وەک خۆتی. ئێستاش دەتبینم وەک سەرکردەیەکی کورد و ژەنەڕاڵێک، فەرماندەیەکی گەورەی هێزە کوردییەکان کە لە دژی داعش بەرگریت لە رۆژئاوای کوردستان کرد، بەڵام هەر وەک خۆتی! تۆش خۆت وەک خۆت دەبینیت؟
مەزڵووم عەبدی: من خۆم نامەوێت لە سرووشتی خۆم دووربکەومەوە. کەسایەتییەکی سرووشتیم هەیە؛ هەندێک کەس هەن رەخنەم لێدەگرن و دەڵێن تۆ زۆر سادەیت و پرۆتۆکۆلەکان بە جیدی وەرناگری و رەخنەم لێدەگرن. لەم بارەیەوە ئامۆژگاریی زۆرم پێدەگات، بەڵام دەمەوێت هەر بە سرووشتیی بمێنمەوە و پێشتر چۆن بووم هەر بەو جۆرە بەردەوام بم.
رووداو: هەر وەک خۆت دەمێنیتەوە و هەر وەک خۆشت بمێنەوە! زۆر سوپاس بۆ ئەم هەڤپەیڤینە. ماڵت ئاوابێ کە قبووڵت کرد. زۆر دڵخۆش بووم. ئەگەر شتێکی کۆتاییت هەبێت بیڵێیت.
مەزڵووم عەبدی: دەمەوێت سوپاسی ئەو پشتیوانییەی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بکەم لە بەرامبەر ئەم تێکۆشانەی لە رۆژئاوا کراوە ؛ لە دڵەوە سوپاسیان دەکەم. بەڕاستی لەم دواییانەدا قۆناخێکی سەختمان تێپەڕاند. دەزانین گەلەکەمان بەهۆیەوە زۆر ئازاری چەشت. دەمەوێت بڵێم ئێمە زیاتر ئازارمان چەشت، لەبەرئەوەی هاوڕێیەکانمان شەهید بوون، هاوڕێیەکانمان بە دیل گیران. لەم پرۆسەیەدا خۆشمان لەناویدا بووین و ئێمەش ئازارمان چەشت و بێگومان لێپرسینەوەمان لە خۆشمان کرد. ئێستا ئەم قۆناخەمان تەواوکرد و، لەنێو خۆمان دا ئەوەی پێویست بوو کردمان. دەمەوێت بە گەلی خۆم بڵێم ئیدی دەچینە قۆناخێکی نوێوە. ئێستا لەگەڵ حکومەتی سووریادا رێککەوتنێکمان هەیە و لەم مانگەدا تەواوی دەکەین و سەری دەخەین. قۆناخێک کە بۆ رۆژئاوا بە گرنگی دەبینم دووبارە دەستپێبکات. ئێمە بەڕێوەی دەبەین؛ چ لە بواری حوکمڕانی و چ لە بواری کارگێڕی و سیاسی دا، لەسەر ئەو دەستکەوتانەی تاوەکو ئێستا دروستکراون خەباتێکی گەورەتر دەکەین. لەسەر بنەمای ئەو سەرکەوتنانە خەباتێکی گەورەتر لە جاران دەکەین بۆ ئەوەی خۆبەڕێوەبەریی کوردیی بپارێزین، بۆ ئەوەی کورد لەنێو ئەم دەوڵەتەدا پێگەی خۆی بەهێزتر بکات و تەواوی دەستکەوتەکان بپارێزرێن، پێویستیمان بە خەباتێکی نوێ و بەهێزتر هەیە. ئێمە خۆمان ئەوەی لە گەلی خۆمان داوای دەکەین ئەوەیە کە گەلەکەمان ئەم قۆناخە تێپەڕێنێت و، گەلەکەمان هەمووی بە هیوابێت و هیوای خۆی لە جاران بەهێزتر بکات، ئەوانیش لەگەڵ ئێمە و لەم کاروانەی دەستمان پێکردووە بەشدار بن لەگەڵمان دا. با پێکەوە هەنگاو بنێین تاوەکو مافەکانی گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان مسۆگەر دەکەین. خواست و هیوای من لە گەلەکەمان ئەمەیە.
رووداو: زۆر زۆر سوپاس. بینەرانی هێژا، ئەمە هەڤپەیڤینەکە بوو لەگەڵ ژەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات. لە بارەگاکەی خۆیدا پێشوازی لە ئێمە و تیمەکەمان کرد. ئێمە تیمێکی گەورەمان لە هەولێرەوە هێنابوو. سوپاس بۆ ئێوەش کە سەیرتان کرد. باوەڕم وایە کاریگەریی ئەم هەڤپەیڤینە نە تەنیا لەسەر رۆژئاوای کوردستان، بەڵکو لەسەر هەموو کوردستان دەبێت. تاوەکو هەڤپەیڤینێکی دیکە، لە خۆشیدابن.

.jpg&w=3840&q=75)