رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکات و دەڵێت، هەوڵێکی قبووڵ نەکراوە بۆ بەدەستهێنانی "ئامانجی سیاسی و ئابووری لە رێگەی توندووتیژییەوە."
رۆژی شەممە 27-04-2024 ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەین. سەرەخۆشی لە خێزانی قوربانییەکان دەکەین و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین."
دیپلۆماتە بەریتانییەکە ئاماژە بەوە دەکات، "ئەم هێرشە هەوڵێکی قبووڵ نەکراوە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی سیاسی و ئابووری لە رێگی توندووتیژییەوە."
ئێوارەی دوێنێ هەینی، بە درۆن کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵ کرایە ئامانج.
رەمەک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ رایگەیاند، چوار کارمەند لە ئەنجامی هێرشەکەدا گیانیان لەدەستداوە و دوو کارمەندی دیکەش برینداربوون.
قایمقامی چەمچەماڵ گوتی، ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون کارمەندی کۆمپانیای پێترۆ وێڵ بوون و خەڵکی یەمەن بوون. کارمەندە بیانییەکان خەریکی نۆژەنکردنەوەی ئەو کۆگەیانە بوون کە لە ماوەی پێشوودا بەهۆی بۆردوومانەوە زیانیان بەرکەوتبوو.
لەبارەی دۆخی تەندروستی دوو بریندارەکەوە قایمقامی چەمچەماڵ رایگەیاند، برینەکانیان سووکە و لە نەخۆشخانە چارەسەر دەکرێن و مەترسی لەسەر گیانیان نییە.
دوای هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا وەزارەتەکانی کارەبا و سامانە سرووشتییەکان رایانگەیاند، بەرهەمهێنانی کارەبا 2 هەزار و 500 مێگاوات کەمبووەتەوە.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە رێگەی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و وەزارەتی دەرەوە سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد.
ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا گوتی، "بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی ئەمشەوی سەر ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەین. ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پشتیوانیکردنی ئاسایش، سەقامگیری و سەروەریی عێراق."
ماتیو میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "هێرشەکە سووکایەتییە بۆسەر سەروەریی عێراق. داوا لە بەرپرسان دەکەین لێکۆڵینەوە بکەن و ئەنجامدەرانی هێرشەکە رووبەڕووی بەرپرسیارێتی بکەنەوە."
ئەمە دووەم هێرش بوو بۆ سەر کێڵگەکە لە ساڵی 2024ـدا. شەوی 25-01-2024 سەرچاوەیەکی باڵا لە قەزای چەمچەماڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نزیک کاژێر 10:45ـی شەو هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری قەزاکە و بەهۆی هێرشەکەوە کۆگایەکی هەڵگرتنی سووتەمەنی گڕیگرت.
کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەوێتە گوندی کۆرمۆر لە شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنان لە کێڵگەکەدا دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ