رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی سێ دەستپێدەکات. بەرپرسێک لە تیمی هەژماری من دەڵێت، "بەشێک لە فەرمانبەران ناویان لە لیستی مووچەدا نییە، بەڵام کاتێک نامەی ئاگادارییان بۆ هات، دەتوانن مووچە وەربگرن."
رۆژی پێنجشەممە، 27ـی ئاداری 2025، بەرپرسێکی تیمی هەژماری من بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو مووچەخۆرانەی تۆمارکراون لە هەژماری من، هەرکاتێک نامەی ئاگادارکردنەوەیان پێگەیشت، دەتوانن بچن مووچە وەربگرن، تەنانەت ئەگەر نۆرەی وەرگرتنی مووچەیان نەبێت."
بەپێی ئەو لیستەی دوێنێ وەزارەتی دارایی بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ مووچەی مانگی سێی خانەنشینی شارستانی، خاوەنپێداویستیی تایبەت، زیندانیانی سیاسی، بەرکەوتووانی کیمیاباران و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دابەش دەکرێت، بەڵام تیمی هەژماری من دەڵێت، فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا، پەروەردە و تەندروستی کە لە هەژماری من تۆمارکراون، دوای گەیشتنی نامەی ئاگادارکردنەوە دەتوانن مووچەکانیان وەربگرن.
بەپێی لیستەکەی وەزارەتی دارایی، فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی کە هەژماری منیان نییە، رۆژی هەینی مووچە وەردەگرن، فەرمانبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵاش رۆژی شەممە مووچە وەردەگرن.
هاوکات سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی بە رووداوی گوت، "ئەو فەرمانبەرانەی لە هەژماری من تۆمارکراون، دوای ئەوەی پارەکە خرایە سەر هەژمارەکەیان نامەی ئاگادارکردنەوەیان پێدەگات، راستەوخۆ دەتوانن بچن مووچە وەربگرن و چاوەرێی کاتی لیستی مووچە نەبن."
رۆژی چوارشەممە وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 954 ملیار و 880 ملیۆن و 467 هەزار و 779 دینار وەکو تەمویلی مووچەی مانگی ئاداری مووچەخۆران و فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
هەر دوێنێ، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی ئاداری بڵاوکردەوە، بەپێی لیستەکە لە ماوەی سێ رۆژدا مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەش دەکرێت.
بەغدا بۆ مووچەی مانگی شوبات 957 ملیار و 925 ملیۆن و 880 هەزار و 78 دیناری بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نارد، ئەم مانگە بەراورد بە مانگی رابردوو نزیکەی سێ ملیار دیناری کەمتر ناردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ