رووداو دیجیتاڵ
بەپێی نووسراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكانی هەولێر پشكنینی كوالێتی سووتەمەنی بەنزیخانەكان، بە تایبەت گازوایل چڕتر دەكرێتەوە و دوا مۆڵەتیش دەدرێتە ئەو بەنزیخانانەی سەرپێچی دەكەن.
سەرۆكی ئەنجوومەنی بەنزیخانەكانی هەولێر هۆكاری زیاتركردنی پشكنینەكان بۆ دوو بەرنامەی لەگەڵ رەنج دەگەڕێنێتەوە، كە لەسەر پیسبوونی ژینگە و خراپیی كوالێتیی سوومەتەنیی بەشێك لە بەنزینخانەكان بووە.
بەپێی ئەو نووسراوە، کە واژۆی ئاری كاكەشین، بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی هەولێری لەسەرە و ئەمڕۆ سێشەممە، 27-2-2024 بڵاوكراوەتەوە، لەمەودوا پشكنینی كوالێتیی سووتەمەنی بەنزیخانەكان بە تایبەت گازوایل زیاتر چڕدەكرێتەوە.
هەر لە نووسراوەكەدا داوا لەخاوەنی بەنزیخانەكان كراوە كە تاوەكو 1-3-2024 كوالێتیی سووتەمەنییەكانیان چاكبكەن "بەپێچەوانەوە تووشی سزای پێبژاردن و تەنانەت داخستنیش دەبنەوە".
جەنگی مەجید، کە بازرگانێکی سووتەمەنییە لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند، دوای دوو بەرنامەی لەگەڵ رەنج كە لەسەر پیسبوونی ژینگە و خراپی كوالێتی سووتەمەنی بەشێك لە بەنزیخانەکە كرا، وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان هەنگاوی باش دەنێت بۆ كۆنتڕۆڵكردنی سووتەمەنی بێ كوالێتی.
گوتیشی: "بۆیە داوا لە بەنزیخانەكان دەكەین، پابەندی بڕیارەكانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بن تاوەكو تووشی سزای قورس نەبن".
لە مانگی دووی ئەم ساڵدا بەرنامەی لەگەڵ رەنج-ی تۆڕی میدیایی رووداو دوو بەرنامەی تایبەتی كرد لەسەر پیسبوونی ژینگە بەهۆی خراپی كوالێتیی سووتەمەنی.
رۆژی 4-2-2024 بەرنامەی لەگەڵ رەنج باسی لەوە کرد کە چۆن شێوازی بەرهەمهێنانی سووتەمەنی مەترسی دەخاتە سەر ژینگە و تەندروستیی مرۆڤ.
رۆژی 11-2-2024 بەرنامەی لەگەڵ رەنج باسی کوالێتیی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان کرد کە چۆن مەترسی بۆ تەندروستیی گشتی دروستکردووە.
لە سنووری هەولێر 288 بەنزیخانە هەن لەم مانگەدا، نزیكەی 50 دانەیان بەهۆی سەرپێچیی جۆراوجۆر سزادراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ