رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی دەڵێت، نزیکەی 1000 مەتر کێبڵی موەلیدەکان لە بازاڕ لابراون، چونکە موەلیدەکان لادەبرێن. سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدەکان دەڵێت، لە 25 موەلیدەی نێو بازاڕ 18یان لابراون.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، "له فلكهی خانهقا تاوەکو نزیک مزگهوتی قهرهچێوار به هەردوو دهستی راست و چهپ، لەسەر رێڕەوی فیدهری 176 و 309 نزیكهی 1000 مهتر تویست كێبڵی موەلیده لە ستوونەکانی کارەبا لێكرانەوە."
کارەبای سلێمانی ئاماژەی بەوەش کردووە، بەهۆی جێبەجێکردنی سیستمی کارەبای پریپەید بەسەر فیدەرەکانی نێو بازاڕدا، موەلیدەکانی بازاڕ هەڵگیراون و کارەبای نیشتمانی کراوەتە 24 کاژێر.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی، "سەرجەم تویست کیبڵەکان لێدەکرێنەوە، کە سیمایەکی ناشیرینی بەخشیبوو بە شەقامەکانی نێو بازاڕ، جگە لە دروستکردنی ئاستەنگ بۆ کارمەندانی چاکسازی."
عوسمان محەممەد، سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بازاڕی سلێمانی دوو زۆنە. زۆنی یەکەم بازاڕی دۆلارەکە، مەولەوی، لای مزگەوتی گەورە و چەند ناوچەیەکی دیکە دەگرێتەوە و 18 موەلیدەی تێدا بوو و هەموویان ساڵێک زیاترە لابراون."
زۆنی دووەمی بازاڕی سلێمانی شەقامی کاوە، ئۆرزدی، ئەسحابە سپی تاوەکو فلکەی نالی و چەند جێگەیەکی دیکە دەگرێتەوە. عوسمان محەممەد گوتی، "زۆنی دووەم تاوەکو ئەمڕۆ حەوت موەلیدەی هەیە و ماون، بەڵام لە دوێنێوە کارکردن بۆ کارەبای پریپەید لەوێش دەستیپێکردووە و کە تەواو بوو ئەو موەلیدانەش لادەبرێن."
سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، نزیکەی 5000 ماڵیش لە زۆنی دووەمی بازاڕی سلێمانی سوود لە موەلیدەکان وەردەگرن و لەگەڵ تەواوبوونی پڕۆژەکەدا، کارەبای ئەوانیش دەبێتە پریپەید.
دوای دانانی پێوەری زیرەک لە ساڵی 2023 بۆ هاوبەشانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، وەزارەتی کارەبا بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری، لە هەندێک لە شارەکانی نیشتەجێبوون و بازاڕەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک؛ سیستمی کارەبای پریپەید (پارەدانی پێشوەختە)ـی جێبەجێکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ