رووداو دیجیتاڵ
دوو هاونیشتمانیی گوندی بامشمش سەر بە ناحیەی دینارتە کە هاوژینی یەکدین، ئەمڕۆ گیانیان لەدەستدا.
سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی دینارتە ئەمڕۆ (دووشەممە، 27-1-2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە ئەنجامی تەقینەوەیەکدا دوو هاونیشتیمانییەکە شەهید بوون."
بەڕێوەبەری ناحیەی دینارتە دەڵێ "تاوەکو ئێستا پشتڕاست نین لەوەی بۆردوومان بووە یان تەقینەوەی مین، یان جۆرە چەکێکی دیکە.'' بۆ پشتڕاستبوونەش دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.
بەڵام محەممەد سەعید، دانیشتوویێکی گوندی بامشمش بە رووداوی راگەیاند کاژێر 10:00ـی بەیانی فڕۆکەی تورکیا دوو هاونیشتیمانیان لە دووریی نزیکەی 6 کیلۆمەتر لە گوندی بامشمش، بۆردوومان کردووە و بەهۆیەوە شەهید بوون.
بەگوتەی محەممەد سەعید، ئەو دوو هاونیشتمانییە هاوژینی یەکدین بە ناوەکانی جەعفەر جەلال تەمەن 50 ساڵ و هاوژینەکەشی ناوی تینا محەممەد ـە، تەمەنی لەنێوان 40 بۆ 45 ساڵ بوو.
محەممەد سەعید گوتیشی ئەوانە خۆیان خەڵکی گوندی نپاخێنە لە سنووری ناحیەی دینارتە و ماڵێکیان لە گوندی بامشمشە، رۆژانە هاتن و چوون دەکەن بۆ گوندی نپاخێ، چونکە لەوێ مانگا بەخێودەکەن و، ئەمڕۆش لە رێگەیاندا بەر بۆردوومان کەوتوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ