فلای ئەربیل: بەهۆی داخستنی ئاسمانەوە دوو فڕۆکەمان لە تورکیا نیشتنەوە و گەشتیاران سەلامەتن

26-10-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی داخستنی ئاسمانی عێراق بەڕووی هەر هاتووچۆیەکدا، دوو فڕۆکە کە لە بەریتانیا و ئەڵمانیاوە بەرەو هەولێر دەهاتن، ناچاربوون لە تورکیا بنیشنەوە. بەڕێوەبەری کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکە دەڵێت، "هەموو گەشتیارەکان سەلامەتن."
 
لاوەند مەموندی، بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی کۆمپانیای فلای ئەربیل، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "شەوی رابردوو دوو گەشتی راستەوخۆمان هەبوو. یەکێکیان لەندەن – هەولێر بوو و دەبووایە کاژێر 04:45ی بەیانی بگاتە هەولێر، بەڵام بەهۆی داخستنی ئاسمانی عێراقەوە فڕۆکەکە کە لە نزیک ئاسمانی تورکیا – عێراق بوو، ناچار بوو بگەڕێتەوە ئەنقەرە و بنیشێتەوە."
 
مەموندی گوتی، "دڵنیایی دەدەینە هەموو لایەک گەشتیارەکان سەلامەتن و لە فڕۆکەخانەی ئەنقەرەن."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی کۆمپانیای فلای ئەربیل، ئەگەر ئەمڕۆ کێشەی دیکە نەیەتە پێش، فڕۆکەکە کاژێر 05:00ی ئێوارە بە کاتی تورکیا بەرەو هەولێر بەڕێدەکەوێت.
 
لەبارەی گەشتی دووەمەوە لاوەند مەموندی گوتی، "گەشتی هەولێر – کۆڵن هەبوو و دەبوو کاژێر 06:00ی بەیانی ئەمڕۆ بگاتە هەولێر، بەڵام ئەویش ناچار بوو لە ئیستەنبووڵ بنیشێتەوە."
 
بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی کۆمپانیای فلای ئەربیل گوتی، "فڕۆکەکە لە ئیستەنبووڵ بە سەلامەتی نیشتووەتەوە و سەرجەم گەشتیاران سەلامەتن و ئێستا لە ئیستەنبووڵن و کاژێر 06:00ی ئێوارە بەکاتی تورکیا بەرەو هەولێر بەڕێ دەکەون."
 
لاوەند مەموندی ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی داخستنی ئاسمانی عێراقەوە گەشتێکی هەولێر – دووسڵدۆرفیان ئەمڕۆ هەبووە، بەڵام دواخراوە بۆ سبەی؛ گوتیشی، "داوا لە گەشتیاران دەکەین سبەی لە هەمان کاتدا ئامادەی گەشتەکەیان بن."
 
بەهۆی هێرشی ئیسرائیل دژی ئێران، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاسمانی عێراق بەڕووی هاتووچۆی فڕۆکەدا داخرا. کاژێر 09:00ی بەیانیی ئەمڕۆ مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە رووداوی گوت، "ئاسمانی عێراق بەڕووی فڕۆکەدا بۆ ئەنجامدانی گەشتی ئاسمانی کرایەوە."
 
هاوکات ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئاسایی بوونەوە."
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییش ئاسایی بوونەتەوە.
 
لاوەند مەموندی ئاماژەی بەوەکرد، هەر فڕۆکەیەک ناچاربێت لە شوێنێکی دیکە بنیشێتەوە، چەند کاژێرێکی پێویستە بۆ پشوودانی ستافەکەی و گەشتیارانی و بەردەوامیدان بە گەشتەکەی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە