لە 14 ساڵی رابردوودا خوانی خەڵک لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بچووکتر بووەتەوە

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
حکومەت دەڵێت، بە چاودێریکردنی بازار هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە دەدەن.
حکومەت دەڵێت، بە چاودێریکردنی بازار هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە دەدەن.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

تادێت خوانی خەڵک لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بچووکتر دەبێت، ئامارەکانی بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتەش راستییەکە زیاتر نیشان دەدەن
 
بانکی ناوەندیی ئێران دەڵێت، لە 14 ساڵی رابردوودا گرانی و رێژەی بەرزی هەڵاوسان، بێکاری، کەمیی مووچە و حەقدەستەکان توانای کڕینی خەڵکیان کەمکردووە، لە کۆی داهاتی خێزان، 32.4٪ی بۆ خوراک، 32.5٪ی بۆ خانوو، 5٪ی بۆ تەندروستی، کەمتر لە 1٪ی بۆ پەروەردە خەرج کراوە. لە مانگێکدا خواردنی برنج بۆ هەر کەسێک لە 3.4 کیلۆگرامەوە دابەزیوە بۆ 2.5 کیلۆ. نان لە 9 کیلۆگرامەوە دابەزیوە بۆ 8 کیلۆ، گۆشتی سوور لە 1.1 کیلۆگرامەوە بۆ یەک کیلۆگرام.
 
ئەحمەد مێیدەری، وەزیری کاری ئێران رایگەیاندووە، 30٪ی دانیشتووانی ئەو وڵاتە لە خوار هێڵی هەژارییەوەن، بەشێکیان کاریان هەیە، بەڵام داهاتی کارەکەیان بەشی بژێوی ژیانیان ناکات.
 
هەرچەندە حکومەت گۆراوە و باشترکردنی دۆخی ئابووریی وڵات یەکێکە لە بەڵێنەکانی، بەڵام تەنیا لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا کرێی خانوو لە نێوان 25٪ بۆ 50٪ زیاد کراوە، نرخی نان لە نێوان 25٪ تاوەکوو 35٪، هەروەها بەرهەمە شیرەمەنییەکان 20٪ گران کراون.
 
حکومەت دەڵێت، بە چاودێریکردنی بازار هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە دەدەن.
 
محەممەدڕەزا عارف، جێگری سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت: "هیوادارم بتوانین چاودێرییەکی وردی بازار بکەین، لە شوێنێک ئەگەر پێویستی کرد دەستێوەردان بکەین، لە هەندێک دۆخیشدا نرخەکان لێگەڕێین بۆ بازار. لە هەمان کاتدا باسی تیمەکانی چاودێریکردنی بازارمان کرد، هیوادارین بە شێوەیەکی جیدی چاودێری بازار بکەن بۆ جێبەجێکردنی بریارەکانی حکومەت، بۆ ئەوەی بتوانین بە دابینکردنی ئارامی لە بازارەکاندا، کەلوپەلی پێویست بۆ خەڵک دابین بکەین."
 
بەپێی پلانی بەرنامەی حەوتەمی گەشەپێدانی ئێران، پێویستە ئابووریی ئەو وڵاتە ساڵانە ٪8 گەشە بکات، بەڵام بەپێی ئامارەکانی بانکی ناوەندی نەک تەنیا ئامانجەکە نەپێکراوە بەڵکو گەشەی ئابووری لە زۆربەی کەرتەکانی ئابووریی ئەو وڵاتە دابەزیوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە