رووداو دیجیتاڵ
کەسێک کە پێشتر لە وەرامینی تاران هاوژینی یەکەمی کوشتبوو و بە لێخۆشبوونی کەسوکاری کوژراو لە سێدارەدان رزگاری ببوو، ئێستا بە تۆمەتی کوشتنی هاوژینی دووەمی دەستگیرکراوە و لە دانپێدانانەکەیدا دەڵێت، ''توڕە بووم و خنکاندم.''
رۆژی یەکشەممە 26-07-2026، یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی (سەعید. م) لە دادگەی تاوانەکانی تاران بەڕێوەچوو کە تۆمەتبارە بە کوشتنی هاوژینی دووەمی بە ناوی (یەڵدا) لە وەرامینی پارێزگاکە.
وەک لە میدیای ئێران بڵاوکراوەتەوە، (سەعید. م) پێشینەی تاوانی کوشتنیشی هەیە. چەند ساڵ لەمەوپێش بە لێخۆشبوون لە سزای لەسێدارەدان رزگاری بووە و ئازاد کراوە.
''کۆنترۆڵم لەدەستدا و خنکاندم''
ئێستا چیرۆکی تاوانی کوشتنی یەڵدا لە میدیاکانی ئێران هەرای ناوەتەوە.
رووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ یەک ساڵ لەمەوپێش و بەو شێوەیە بووە کە دراوسێکانی سەعید لە شاری وەرامین پەیوەندییان بە پۆلیسەوە کردووە و هەواڵی ''شەڕ و ئاژاوە''ـیەکی تووندی نێوان ژن و مێردێکیان راگەیاندووە.
دوای گەیشتنی هێزەکانی پۆلیس بۆ شوێنی رووداوەکە، تەرمی (یەڵدا) رەوانەی دادپزیشکیی تاران کراوە و دەستبەجێ بکوژیش دەستگیرکراوە.
دانپێدانانەکانی بکوژ لە میدیای ئێران بڵاو کراونەتەوە کە لە بەشێکیاندا دەڵێ: "لە کاتی دەمەقاڵێدا و بەهۆی توڕەیی زۆرەوە، کۆنترۆڵم لەدەستدا و هاوژینەکەم خنکاند."
''بکوژ هاوژینی یەکەمیشی کوشتووە''
ئەوەی زۆر جێگەی سەرنجی میدیاکانە، پێشینەی تاوانی (سەعید. م)ە کە لە کاتی وردبینیکردن لە پەڕاوە دادوەرییەکانی، دەرکەوتووە چەند ساڵ لەمەوپێش، هاوژینی یەکەمیشی کوشتووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کەسوکاری کوژراوەکە لێی خۆش بوون، لە سزای لەسێدارەدان رزگاری بووە و دوای ماوەیەک بەندکردن، ئازاد کراوە.
ئێستا تۆمەتبار جارێکی دیکە بە هەمان تۆمەت لە دادگەی تاوانەکانی تارانە، بەڵام ئەمجارە بۆ قوربانییەکی نوێ.
هاووڵاتییان لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان داوای دەرچوونی سزای لەسێدارەدانی سەعید دەکەن و رەخنە لە ئازادبوونیشی دەگرن، دوای کوشتنی هاوژینی یەکەمی.
بەپێی زانیارییە نافەرمییەکان، ساڵانە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان 150 بۆ 200 ژن بە پاساوی ''نامووس'' یان کێشەی خێزانی لەلایەن کەسوکاریانەوە دەکوژرێن.

.webp&w=3840&q=75)

