عوسمانی حاجی مەحموود چیدی ناچێت بەگژ قوللەی قافدا

26-09-2018
مەحموود یاسین کوردی
نیشانەکردن عوسمانی حاجی مەحموود
A+ A-

رووداو- لەندەن

یەكێك لە گەورەترین سیاسەتمەدارانی كورد، كاتێك سوێندی خواردووە، گوتوویەتی سوێند بەو كوردستانەی كە قەت ئەو پیاوە خیانەتی لێ نەكردووە. شاعیرێك بەو مێروولەیە وەسفی كردووە كە دەچێت بەگژ قوللەی قافدا. رۆماننووسێك بە "شەهیدی زیندوو" ناوی بردووە. ئەم هەموو وەسف و پێداهەڵدانە بۆ پیاوێكن كە ناوی عوسمانی حاجی مەحموودە و تا دوێنێ‌ یەكێك بوو لە كۆڵەگەكانی بزووتنەوەی گۆڕان، بەڵام ئێستا ئەو سەركردە گەرمیانییە هیچ پەیوەندییەكی ئۆرگانی و سیاسی بە بزووتنەوەی گۆڕانەوە نەماوە، ئەمەش مەترسیی لەسەر كەمبوونەوەی دەنگەكانی گۆڕان بە تایبەتی لە دەڤەری گەرمیان دروستكردووە.

دەنگی لە رێكخەر زیاتر بوو

كاتێك بزووتنەوەی گۆڕان لە دوای مردنی نەوشیروان مستەفا، رێكخەری پێشووی بزووتنەوەكە، بڕیاری دا خانەی راپەڕاندن هەڵبژێرێ‌، عوسمانی حاجی مەحموود یەكێك بوو لە بەربژێرانی خانەكە و 45 دەنگی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی بەدەستهێنا و بە حەوت دەنگ پێش عومەری سەیدعەلی رێكخەری گشتیی بزووتنەوەكە كەوت كە 38 دەنگی هێنابوو، بەڵام ساڵێك دوای هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن، بەهۆی كێشە و ناكۆكییەكانی نێو گۆڕان، بەهێزترین كاراكتەری ئەو بزووتنەوەیە دەستی لەكاركێشایەوە. ئەگەرچی پشتیوانیی خۆی بۆ لیستی گۆڕان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دووپاتكردەوە، بەڵام مەترسی كەمبوونەوەی دەنگی گۆڕان هەیە لە دەڤەری گەرمیان بەهۆی دووركەوتنەوەی ئەو و بەشدارینەكردنی لە بانگەشەی هەڵبژاردن.

"پەیوەندی بە گۆڕانەوە نەماوە"

بێستوون فایەق، پەرلەمانتاری گۆڕان بە (رووداو)ی گوت: "كاك عوسمان هیچ پەیوەندییەكی سیاسی و ئۆرگانی بە بزووتنەوەی گۆڕانەوە نەماوە، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا پشتیوانیی گۆڕان دەكات".
بێستوون فایەق، وجودی عوسمانی حاجی مەحموود لەنێو گۆڕان بە گرنگ دەزانێت و دەڵێت: "كاك عوسمان لە چەندین قۆناغی هەستیاردا رۆڵی هەبوو لە پاراستن و بەرگریكردن لە بەرنامە و ئەجێندای بزووتنەوەی گۆڕان".

هەر لەوبارەوە رۆڤان سەروەت، هەڵسوڕاوی گۆڕان لە دەڤەری گەرمیان وجودی عوسمانی حاجی مەحموود بە پێویستییەكی گەورە دەزانێت و دەڵێ‌: "پیاوێكی پاكە، خاوەن پرەنسیپە. بەوەفایە بۆ ئامانجەكانی گۆڕان. كاك عوسمان پرۆژە و پێشنیازی بۆ رێكخستنەوە و بەهێزكردنی گۆڕان هەیە، دڵنیام لە قازانجی گۆڕانە".

كێشەی عوسمانی حاجی مەحموود لەگەڵ گۆڕان

ناوەڕاستی مانگی رابردوو، عوسمانی حاجی مەحموود بەبێ‌ ئاشكراكردنی هۆكاری راستەقینەی كێشەكان، لە رێگای میدیاوە ماڵئاوایی لە بزووتنەوەی گۆڕان كرد، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (رووداو)، عوسمانی حاجی مەحموود كێشەی لەگەڵ دروستكردنی بڕیاری سیاسی گۆڕان هەیە و پێیوایە لە دەرەوەی جڤات و دامەزراوەكانی دیكەی گۆڕانەوە بڕیار دەدرێت، هەروەها كێشەی لەگەڵ سەرچاوەی دارایی و خاوەندارێتی كۆمپانیای وشە و گردەكە هەیە كە ئێستا لەسەر نما و چیای كوڕانی نەوشیروان مستەفا تاپۆ كراون، رەخنەی لە دەستووری گۆڕانیش هەیە و پێیوایە كەموكوڕیی زۆری هەیە.

عوسمانی حاجی مەحموود لە سەردەمی نەوشیروان مستەفاشدا بەریەككەوتنی لەگەڵ رێكخەری گشتی هەبوو. ساڵی 2013 نامەیەكی ناڕەزایی هەشت خاڵی ئاراستەی رێكخەری كۆچكردووی گۆڕان كرد، بێستوون فایەق دەڵێ‌: "كاك عوسمان پێشتریش لە سەردەمی رەوانشاد كاك نەوشیروان رەخنە و سەرنج و پرۆژەی پێشكەش كردبوو، راستە دەستبەداری گۆڕان بووە، بەڵام گۆڕان دەستبەداری نابێت".

عوسمانی حاجی مەحموود كە بە سەركردەیەكی خاكی و خۆشەویستی نێو گۆڕان ناسراوە، جگە لەوەی كەسێكی راشكاو و قسە لەڕووە، خاوەنی پێگەیەكی جەماوەریی گەورەشە لە دەڤەری گەرمیان. 

رەشید عەلی، پێشمەرگەی دێرین و هاوڕێی سەردەمی پێشمەرگایەتی عوسمانی حاجی مەحموود دەڵێ‌: "ئەو پیاوە لە نێو هەر حیزبێك بڕوات بە هەزاران دەنگی لەگەڵ دەڕوات، من 12 كەس لە خێزانەكەم ئەنفالە، بەس خۆم دەزانم لە سەردەمی دوای ئەنفال كاك عوسمان چ رۆڵێكی گەورەی لە زیندووكردنەوەی شۆڕشدا هەبوو".

سوێندەكەی تاڵەبانی

عوسمان حاجی مەحموود كە دوای پرۆسەی ئەنفال لە قووڵایی باشووری كوردستان و لە دەڤەری گەرمیان ماوەتەوە بۆ سەركردایەتی شەڕی پارتیزانی، سەرەڕای كەمیی نووسین و یاداشت لەبارەی ئەو پیاوە، بەڵام زۆربەی ئەوانەی لەبارەی ئەو نووسیویانە، بە رێزەوە ناویان هێناوە. 

سەرەڕای وەرگرتنی چەندین پۆستی سەربازی، حیزبی و حكومی، بەڵام بە درێژایی 27 ساڵی رابردوو ئەو سەركردەیەی گۆڕان كەمترین لێدوان و دەركەوتنی میدیایی هەبووە. محەممەد موكریی رۆماننووس لە رۆمانی هەرەسدا بە "شەهیدی زیندوو" ناوی بردووە. شێركۆ بێكەسی شاعیریش بە مێروولەیەك وەسفی كردووە كە دەچێت بە گژ قوللەی قافدا، هەرچی جەلال تاڵەبانی، سكرتێری كۆچكردووی یەكێتییە، لە كۆڕو كۆبوونەوەدا گوتوویەتی "سوێند بەو كوردستانەی عوسمانی حاجی مەحموود خیانەتی لێ نەكردووە".

ساڵی 2009 كاتێك دەستلەكاركێشانەوەی چوار ئەندامەكەی باڵی ریفۆرم لە مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، لەلایەن عوسمانی حاجی محموودەوە دەبردرێتە لای تاڵەبانی لە كۆشكی سەلام لە بەغدا، تاڵەبانی پێیدەڵێ: "تۆش دەڕۆیت!". هەموو ئەو هۆكارانە وایان كردووە كە عوسمانی حاجی مەحموود ببێتە خاوەن پێگەیەكی جەماوەری لەنێو یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕاندا.

جوڵێنەری هێزی یەكێتی

عوسمانی حاجی مەحموود بەهۆی ئەوەی سەركردایەتی زۆربەی شەڕەكانی یەكێتی كردووە. هاوسۆزییەكی زۆری لە نێو هێزی پێشمەرگەدا هەیە، بۆیە بەردەوام بە جوڵێنەر و ختووكەدانی هێزەكانی زۆنی سەوز لەلایەن یەكێتییەوە تۆمەتبار كراوە.

لە سەروبەندی بەیاننامە حەوت خاڵییەكەی بزووتنەوەی گۆڕان لە ساڵی 2011 كە تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی حكومەت و هەڵبژاردنی پێشوەختە كرابوو، پارتی و یەكێتی لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا ئەو هەوڵەی گۆڕانیان بە كودەتا وەسف كرد. بەپێی راپۆرتی دەزگای زانیاری كە دراوەتە مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، ئەو شەوە عوسمانی حاجی مەحموود 1500 چەكداری لەنێو شاری سلێمانی دابەشكردووە، بۆیە بەهۆی هاوسۆزی لە نێو هێزە ئەمنییەكان و پێشمەرگە، یەكێتی بەردەوام ترسی لە عوسمانی حاجی مەحموود هەبوو. هەروەها ئەو شەوەی كە تەقە لە گردی زەرگەتە كرا، عوسمانی حاجی مەحموود 150 چەكداری لە خزم و كەسوكاری خۆی كۆكردبووەوە، لە رووداوەكانی 17ی شوباتیش ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی تەلەفۆن بۆ سەركردەكانی گۆڕان دەكات كە كەناڵی كەی ئێن ئێن دابخەن، ئەگەرنا بەهێز دایدەخەن، راستەوخۆ عوسمانی حاجی مەحموود وەڵامی دەداتەوە كە ئەو لە گردەكە چاوەڕێی هێزەكەی یەكێتی دەكات، بەڵام دواتر دوخەكە كۆنترۆڵ دەكرێت.

هەڵسوڕاوێكی گۆڕان كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (رووداو)ی گوت: "لە زۆربەی رووداوە ناخۆشەكاندا كاك عوسمان بوو گۆڕانی لە هەڕەشە و داگیركردنی گردەكە دەپاراست، كەچی ئەو پیاوە ئیستیقالەی كردووە و سەركردەكانی ئێستای گۆڕان زۆر بێباكانە مامەڵەی لەگەڵ دەكەن. ئەم هەڵبژاردنە گۆڕان بەبێ‌ كاك عوسمان دەردەكەوێت".

گەرمیانییە و رقی لە تەبریدە

عوسمانی حاجی مەحموود، پیاوێكە كەم قسە دەكات و كەم پێدەكەنێ‌، رقی لە وێنەگرتن و مایكی تەلەفزیۆنە، بۆیە كەمترین لێدوان و هەڤپەیڤینی رۆژنامەوانی هەیە، ئەمەش بە خاڵێكی لاوازی ئەو دانراوە و وایكردووە نەبێتە سەركردەیەكی سەرتاسەری. بە چلەی هاوین لەنێو ئۆتۆمبێل تەبرید هەڵناكات. لە شوێنی ساردیش ناخەوێت، هەر خواردنێك بێتە بەردەمی رەتیناكاتەوە، زۆر پابەندە بە كاتی كۆبوونەوە و یەكتر بینینی میوانەكانی، رقی لە زێدە خەرجییە، كاتێك وەزیری ناوخۆ بووە، بۆ سەفەرێك 28 ملیۆن دیناری بۆ خەرجكرا، بەڵام ئەو تەنیا 2100 دۆلاری خەرجكردووە، باقیەكەی رەوانەی وەزارەتی دارایی كردووەتەوە، هەر بۆیە بایز تاڵەبانی وەزیری پێشووتری دارایی گوتبووی كە عوسمانی حاجی مەحموود كەمترین داواكاری لەو هەبووە.

دژی رێككەوتنی گۆڕان و پارتی بووە

عوسمان حاجی مەحموود، یەكێك بووە لە دەنگە ناڕازییەكان دژ بە بەشداریی گۆڕان لە كابینەی حكومەت. هەر بۆیە دوای رووداوەكانی داخستنی پەرلەمان و دوورخستنەوەی وەزیرەكانی گۆڕان، نەوشیروان مستەفا گوتوویەتی بۆچوونەكەی عوسمان لە زۆربەی ئەوانی دیكە دروستتر بوو. بەشێك لە هەڵسوڕاوە نزیكەكان لە عوسمان پێیانوانییە ئەو بەو شێوەیە بینەری دۆخەكە بێت، دوای هەڵبژاردنی 30ی ئەم مانگە، عوسمانی حاجی مەحموود و قادری حاجی عەلی و سەركردە و هەڵسوڕاوە ناڕازییەكانی دیكەی گۆڕان وا دانانیشن و دەست بە جوڵە و قسەی نوێ‌ دەكەن.

عوسمانی حاجی مەحموود كێیە؟

 ساڵی 1963 لە گەرمیان لەدایكبووە. تا پۆلی سێی ناوەندی خوێندووە. لە تەمەنی 18 ساڵی بووەتە پێشمەرگە. ساڵی 1981 لەلایەن رژێمی بەعسەوە دەستگیركراوە و سزای زیندانی هەتاهەتایی بۆ بڕاوەتەوە، بەڵام دواتر بەهۆی لێبوردنی گشتی ئازاد كراوە.

عوسمانی حاجی مەحموود لە راپەڕینی 1991  فەرماندەی هێزی قەرەداغ بووە، لە كاتی ئازادكردنی دووزخورماتوو باوكی و برایەكی لەو شەڕەدا شەهید دەبن، بەڵام لە سەركردایەتی شەڕەكە بەردەوام دەبێت و دەڵێ‌: "ئەوانیش هیچیان زیاتر نییە لە شەهید حەمەڕەش". حەمەڕەش فەرماندەی ئەو هێزە بووە كە شەڕی ئازادكردنی خورماتووی پێ سپێردراوە و لەو شەڕەدا شەهید بووە.

لە كۆنگرەی یەكەمی یەكێتی لە ساڵی 1992 دەنگی پێنجەمی هێناوە. ساڵی 1992 بووەتە  فەرماندەی هێزی كەركووكی پێشمەرگە. ساڵی 1995 بەرپرسی مەڵبەندی دووی یەكێتی بووە لە كەركووك. لە ساڵی 1996 بووەتە بەرپرسی مەڵبەندی راپەڕین، لە كۆنگرەی دووەمی یەكێتی لە ساڵی 2001 جارێكی دیكە دەنگی پێنجەمی كۆنگرەی بەدەستهێناوە. لە پرۆسەی رووخاندنی رژێمی سەدامدا فەرماندەی هێزی باشووری كەركووك و حەمرین بووە. ساڵی 2003 بووەتە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، لە كۆتایی هەمان ساڵدا بووەتە وەزیری ناوخۆ.

عوسمانی حاجی مەحموود یەكێك بووە لە ئەندامانی باڵی ریفۆرم لە نێو یەكێتیدا. ساڵی 2009 بە فەرمی دەستی لە ئەندامێتی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كێشایەوە و پاڵپشتی بۆ لیستی گۆڕان راگەیاند. ئەندامی دامەزرێنەری بزووتنەوەی گۆڕان بوو، بەڵام بەهۆی تێبینی لەسەر ئەدا و ئیدارە و دارایی بزووتنەوەی گۆڕان، وازی لە بزووتنەوەكە هێنا. عوسمانی حاجی مەحموود خێزاندارە و باوكی سێ‌ كچ و كوڕێكە، كوڕەكەی ناوی گەرمیانە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە