رێباز حەملان: دڵنیایی دەدەمە خەڵکی کوردستان دابەشکردنی مووچە بەردەوام دەبێت

26-05-2021
ژیار حەکیم
ژیار حەکیم @zhyar_hakim
نیشانەکردن بودجە مووچە بەهزاد مەحموود
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رێباز حەملان هۆکاری دواکەوتنی دابەشکردنی مووچە بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت، "دابەشنەکردنی مووچە بابەتێکی تەکنیکییە، بۆیە کاتێک کێشەیەک دروستدەبێت دەبێتە هۆی دواکەوتنی مووچە بۆ چەند رۆژێک". هەروەها لەبارەی ناردنی بودجە لە عێراقەوە دەڵێت، "پێموایە لە مانگی شەش یاسای بودجە دەچێتە بواری جێبەجێکردن".
 
رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نیوڕۆژ کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات لەبارەی دواکەوتنی مووچە رایگەیاند، "دواکەوتنی مووچە چەند هۆکارێکی هەیە، یەکەمیان: هاتنەوەی داهاتی نەوت لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان چەند کێشەیەکی تێکەوتبوو، بۆ نموونە لە دەرەوەی عێراق لە رۆژی دووشەممەوە دەوام دەستپێدەکات و ئەوەش هەندێکجار ناردنی پارە دوادەخات، هەروەها گۆڕینی دۆلار بۆ دیناریش کاتی دەوێت".
 
لەبارەی هۆکارەکانی دیکەی دواکەوتنی مووچە رێباز حەملان ئاماژەی بەوە کرد، "سیولەی بانکەکانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، دڵنیایی دەدەمە خەڵکی هەرێمی کوردستان دابەشکردنی مووچە بەردەوام دەبێت و 30 رۆژ جارێک مووچە دەدرێت، لە دوێنێوە سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیران هاتوونەتە سەر هێڵ و ئەو کێشانەیان چارەسەرکردووە".
 
هەروەها دوێنێ پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "زانیاری هەیە کێشەی نەگەڕاندنەوەی داهاتی سلێمانی بۆ وەزارەتی دارایی چارەسەر دەکرێت".
 
لەبارەی لیستی مووچەی ئەم مانگە رێباز حەملان دەڵێت، "وەزارەتی دارایی و ئابووری لیستی مووچە رادەگەیێنێت".
 
دوێنێ لە گفتوگۆکانی پەرلەمانی کوردستان ئەوە خرایەڕوو کە هۆکاری دواکەوتنی دابەشکردنی مووچە کەمبوونەوە و "نەناردنی داهاتی پارێزگای سلێمانییە"، رێباز حەملان لەو بارەوە دەڵێت، "سلێمانی پێویست بوو 82 ملیار دینار دابینبکات بۆ مووچە، بەڵام 55 ملیار دیناری دابینکردووە، پەیوەندیم بە بانکی ناوەندی هەرێمی کوردستان بەشی سلێمانی کردووە و قوباد تاڵەبانیش لەسەر هێڵە، بە دڵنیاییەوە ئەو بابەتە چارەسەر دەبێت".
 
داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان مانگانە بە 186 ملیۆن دۆلار خەمڵێنراوە کە 80 ملیۆن دۆلاری لە پارێزگای سلێمانییەوە دێت.
 
لەبارەی ئەوەی کە ئەگەری هەیە لە مانگەکانی داهاتووشدا ئەو کێشەیە دووبارەبێتەوە رێباز حەملان دەڵێت، " دەبێت چاکسازییەکی ریشەیی بەپێی ئەوەی لە پەرلەمان دەرچوو بکرێت، چاکسازی لە داهاتی نەوت، خاڵە سنوورییەکان و خەرجییەکان بکرێت، بەو شێوەیە دەتوانین بۆ مانگەکانی داهاتووش مووچە لە کاتی خۆی دابەشبکرێت، پێویست ناکات خەڵک تووشی دڵەڕاوکێ بکرێت".
 
رۆژی سێشەممە پرسی مووچە و گەڕانەوەی داهات مشتومڕێکی گەرم و تووندی دروست کرد، عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان گوتی، "حکومەت پارەی نییە بە 21٪یش مووچە دابەش بکات"، پێشەوا هەورامانی پەرلەمانتاری پارتییش نیگەرانیی خۆی نیشاندا لە دابەشکردنی مووچە بە لێبرینەوە و گوتی: "دوو پارێزگا هەتا دوێنێش تەنیا 30٪ داهاتیان گەڕاندووەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی ئەوەش هۆکارە بۆ دابەشکردنی مووچە بە لێبڕینەوە".
 
هەروەها ئازاد حەمەئەمین لە کاتی بەشداریکردنی لە هەواڵەکانی کاژێر 16:00ـی تەلەڤزیۆنی رووداو، وەڵامی پەرلەمانتارانی دایەوە و رایگەیاند: "هەموو داهاتی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین دەگەڕێتەوە خەزێنەی حکومەت، داهاتی سلێمانی پەیوەستە بە وەزارەتی داراییەوە و کۆی داهاتی سلێمانی بە ژمارە دەچێتەوە وەزارەتی دارایی.
 
لەبارەی بودجەی هەرێمی کوردستان رێباز حەملان دەڵێت، "بودجەکە تەواو بووە و ئێستا لە ئەنجوومەنی وەزیرانە و دواتر لە پەرلەمان پەسند دەکرێت، ماوەیەکی زۆرە کار لەبارەی دانانی بودجە دەکرێت، بەڵام چاوەڕێی بەغدامان دەکرد کە بزانین بەغدا مووچەمان بۆ دەنێرێت، بۆیە دواکەوتووە".
 
تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق هیچ بودجەیەکی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە، رێباز حەملان دەڵێت، "مەسرور بارزانی لەبارەی هۆکاری نەناردنی بودجە قسەی لەگەڵ مستەفا کازمی کردووە، پێم وایە بۆ مانگی شەش ئەو بودجە دەچێتە بواری جێبەجێکردن و هەفتەی داهاتووش شاندی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا".
 
 
هەرێمی کوردستان مانگانە بەبێ لێبڕین پێویستی بە 895 ملیار دینارە بۆ دابینکردنی مووچە، بۆیە ساڵانە هەرێمی کوردستان پێویستی بە 10 تریلیۆن و 740 ملیار دینارە بۆ پێدانی مووچە.
 
بەپێی ماددەی 11ـی یاسای بودجەی ئەمساڵ، دەبێ هەرێمی کوردستان بەلانیکەم رۆژانە 460 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە کێڵگەکانی خۆی بەرهەمبهێنێت، دوای گلدانەوەی تێچووی دەرهێنان، گواستنەوە و بڕی پێویست بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ، دەبێ حکومەتی هەرێمی کوردستان لانیکەم رۆژانە داهاتی 250 هەزار بەرمیلی ئەو نەوتە بە نرخی کۆمپانیای سۆمۆ رادەستی حکومەتی عێراق بکات، هاوکات دەبێ هەرێمی کوردستان 50%ـی داهاتی نانەوتی خۆی رادەستی بەغدا بکات، ئەوکات حکومەتی عێراق بەشە بودجەی بۆ دەنێرێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە