رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دابەشکردنی مووچەی خانەنشینانی سەربازی و شارستانی دەستپێدەکات. گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان دەڵێ، بەشێکی ئەو خانەنشینانەی مووچەی چەند مانگێکیان وەرنەگرتووە، ئەم مانگە دوو مووچە وەردەگرن.
سادق شێخ عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە 08-11-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ژمارەیەکی زۆر خانەنشین هەبوون مووچەیان لای حکومەت مابوو، هەیانبوو پێنج مووچە و هەبوو یەک مووچە، ئێستا خەرجکردنی مووچەکانی رابردوو دەستی پێکردووە و هەر مانگە و مووچەیەکی پێشووتر دەدرێ".
گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینان گوتی، ئەوانەی دوو مووچەیان بۆ خەرجکراوە ئەوانە بوون زیاتر لە دوو مووچەیان لای حکومەت بووە؛ ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەم مانگەش ئەو خانەنشینانەی مووچەیان لای حکومەت ماوە بەشێکیان دوو مووچە وەردەگرن، بەڵام ئاماری ورد دیاری نەکراوە کە چەند کەس دوو مووچە وەردەگرن".
بەگوێرەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی 10 بە مووچەی خانەنشینانی سەربازی و شارستانی دەستپێدەکات و 11ی ئەم مانگە دوایین رۆژی دابەشکردنی مووچە دەبێت.


