رووداو دیجیتاڵ
بەپێی مۆدێلێکی ئابووریی سەرەتایی کە لەسەر بنەمای قەبارەی زیانەکانی موڵک و ماڵ، ئۆتۆمبێل، کەرتی بازرگانی و تێچووی ژێرخان داڕێژراوە، لافاوە کتوپڕەکەی شەوی شەممە 7ـی تشرینی دووەمی 2026 لە شاری هەولێر، لەوانەیە زیاتر لە هەشت ملیۆن دۆلار زیانی ئابووریی بەدوای خۆیدا هێنابێت.
ئەم خەمڵاندنە دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی نزیکەی دوو کاژێردا نزیکەی 80 ملیمەتر باران لە هەولێر باری، کە ئەمەش نزیکەی 2.7 هێندەی ئەو 30 ملیمەترە بوو کە لە سەرەتادا لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە پێشبینی کرابوو. ئەم بارانە بەخوڕە گەڕەکەکانی نیشتەجێبوون، بازاڕە میللییەکان و شەقامە سەرەکییەکانی نوقمی ئاو کرد و بووە هۆی گیانلەدەستدانی دوو کەس و ژێرئاوکەوتن و زیانپێگەیشتنی سەتان ئۆتۆمبێل.
قەبارەی زیانەکان لە سنووری ماڵان تێدەپەڕێت. بەپێی زانیارییەکان تەنیا لە گوندی قەریەتاخ ئاو چووەتە زیاتر لە 40 ماڵ، هەروەها لە سەرانسەری شارەکەدا سەتان ماڵ و شوێنی کار زیانیان بەرکەوتووە.
بازاڕەکانی تەیراوە، شێخەڵڵا لە نێو ئەو ناوچە بازرگانییانەدان کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، بە جۆرێک کاسبکاران باس لە لەدەستدانی بڕێکی زۆر لە سەوزە، میوە، کاڵا و شتومەکەکانیان دەکەن و هەندێک دووکانداریش دەڵێن بە تەنیا زیانی دەیان هەزار دۆلاریان بەرکەوتووە.
دابەشبوونی زیانەکان بەپێی مۆدێلی ئابووری
هەڵسەنگاندنێکی ئابووری کە لەسەر بنەمای ژمارەی خەمڵێندراوی موڵکە زیانلێکەوتووەکان و تێکڕای تێچووی چاککردنەوە یاخود قەرەبووکردنەوەیان کراوە، لە سیناریۆی بنەڕەتیدا کۆی زیانەکان بە نزیکەی 8.1 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت. بەپێی ئەم شیکارییە:
- زیانی کەرتی نیشتەجێبوون (ماڵان): نزیکەی 1.9 ملیۆن دۆلار.
- زیانی کەرتی گواستنەوە و ئۆتۆمبێل: نزیکەی 2.4 ملیۆن دۆلار.
- زیانی موڵکی بازرگانی و کاڵای کۆگاکراو: نزیکەی 1.5 ملیۆن دۆلار.
- نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی گشتی (شەقام و ئاوەڕۆ): بە شێوەیەکی سەرەتایی 1.5 ملیۆن دۆلار.
- تێچووی کارەکانی فریاگوزاری و پەککەوتنی کار و بازرگانییەکان: نزیکەی 750 هەزار دۆلار.
ئەم مۆدێلە لە نزمترین سیناریۆدا قەبارەی زیانەکان بە نزیکەی 2.9 ملیۆن دۆلار و لە بەرزترین سیناریۆشدا بە نزیکەی 19.2 ملیۆن دۆلار دادەنێت. تێچووی کۆتاییش بەندە بە ژمارەی فەرمی موڵکە زیانلێکەوتووەکان، قەبارەی تێکچوونی ئۆتۆمبێلەکان و بەهای ئەو کاڵا بازرگانییانەی لەنێوچوون.
پەککەوتنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان
لافاوەکە کەموکوڕییەکانی کەرتی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی دەرخست. بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر ناچاربوو کارکردن لە چوار وێستگەی پاڵاوتنی ئاو بە شێوەیەکی کاتی رابگرێت، دوای ئەوەی رێژەی لێڵیی ئاوی زێی گەورە گەیشتە 12,400 یەکەی NTU، کە ئەمەش لە سەرووی توانای کارکردنی وێستگەکانە. هەرچەندە سەرەتا لە رێگەی کۆگاکانی ئاوەوە دابەشکردن بەردەوام بوو، بەڵام ئەم رووداوە دەریخست کە چۆن بارانبارینی نائاسایی دەتوانێت خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان لە دەرەوەی ناوچە لافاولێدراوەکانیش پەکبخات.
لێکەوتە ئابوورییەکان تەنانەت دوای وەستانی بارانبارینیش بەردەوام دەبن. خێزانەکان ناچارن پارە بۆ نۆژەنکردنەوە و کڕینەوەی پێداویستییەکان تەرخان بکەن، بازرگانان لەگەڵ زیانی کەلوپەلەکانیاندا دەستەویەخەن و حکومەتیش دەبێ بودجەی زیاتر بۆ چاککردنەوەی ژێرخان و گێڕانەوەی خزمەتگوزارییەکان دابین بکات.
سەرەڕای ئەمانە، ئەم خەمڵاندنە 8.1 ملیۆن دۆلارییە بەهای گیانی ئەو دوو هاووڵاتییەی کە گیانیان لەدەستدا، زیانە کشتوکاڵییەکان، لێکەوتە تەندروستییە درێژخایەنەکان و زیانە ناڕاستەوخۆکان ناگرێتەوە؛ هاوکات ئەمە ئامارێکی فەرمیی حکومەتیش نییە.
پارێزگاری هەولێر رایگەیاندووە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان هەڵسەنگاندن بۆ زیانەکان دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئامارێکی فەرمی یان بڕیارێک بۆ قەرەبووکردنەوە رانەگەیێندراوە.
زیانی لانیکەم 8 ملیۆن دۆلار
بۆ گەیشتن بەم خەمڵاندنە، لە سیناریۆی بنەڕەتیدا وادانراوە کە نزیکەی 350 ماڵ، 400 ئۆتۆمبێل و 100 شوێنی بازرگانی بەهۆی لافاوەکەوە زیانیان بەرکەوتووە. مۆدێلەکە تێکڕای زیانی هەر ماڵێک بە 5,500 دۆلار، هەر ئۆتۆمبێلێک بە 6,000 دۆلار و هەر شوێنێکی بازرگانیش بە 15,000 دۆلار دەخەمڵێنێت. کە بەوەش کۆی زیانەکانی کەرتی نیشتەجێبوون، ئۆتۆمبێل و کەرتی بازرگانی دەگاتە نزیکەی 5.8 ملیۆن دۆلار. هەروەها بڕی 1.5 ملیۆن دۆلاری دیکە بۆ چاککردنەوەی ژێرخانی گشتی و نزیکەی 750 هەزار دۆلاریش بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی فریاگوزاری، پاککردنەوەی شار و پەککەوتنی کاتیی کاسبی و بازاڕ هەژمار کراوە. بەمەش کۆی گشتیی زیانە خەمڵێندراوەکان دەگاتە نزیکەی 8.1 ملیۆن دۆلار.
وەبەرهێنانی زیاتر لە ئاوەڕۆی هەولێردا
لە دەرەوەی زیانە داراییە دەستبەجێیەکان، ئەم لافاوە پرسیارێکی گەورەی ئابووری دەخاتە بەردەم هەولێر. چ قەبارەیەک لە وەبەرهێنان پێویستە تاوەکو دڵنیایی بدرێت لە سیستمی ئاوەڕۆ، تۆڕی ئاوڕێژەکان و شەقامەکانی شار، بۆ ئەوەی بتوانن بەرگەی ئەو شەپۆلە نائاسایی و بەهێزانەی بارانبارین بگرن؟ چونکە لەڕووی ئابوورییەوە تێچووی پێشوەختە بۆ رێگریکردن لە کارەساتەکان، زۆر کەمتر دەبێت لەو باجە قورسەی کە بەردەوام بۆ قەرەبووکردنەوە و چاککردنەوەی وێرانکارییەکانی لافاو خەرج دەکرێت.


