رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و هەولێر بە "زۆر نایاب" ناودەبات و باس لە سەردانەکەی ئەم هەفتەیەی سەرۆککۆماری وڵاتەکەیشی دەکات و دەڵێت، "سەرۆککۆمارمان لە سەردانی هەولێردا پەیامی پشتیوانیکردنی بۆ سەرکردەکانی هەرێم نوێکردەوە".
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 26ـی نیسانی 2024، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی لەگەڵ وینستۆن پێتەر، هاوتا نیوزیلاندییەکەی لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوە لە ئەنقەرە رێکخست.
لە وەڵامی پرسیارێکی تایبەت بە سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیادا بۆ هەولێر و بەغدا، هاکان فیدان رایگەیاند: "دوای بەغدا، سەرۆککۆمارمان سەردانی هەولێری کرد و پەیامی پشتیوانیکردنی بۆ سەرکردەکانی هەرێمەکە نوێکردەوە. دۆستایەتی و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێم لە ئاستێکی زۆر نایابدان".
وەزیری دەرەوەی تورکیا هەروەها گوتی: "سەرۆککۆمارمان زۆر بایەخ بە ئاساییبوونەوە و باشتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەدات. سەرۆککۆمارمان پێیوایە باشبوونی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم بۆ سەقامگیریی عێراق و سەقامگیری ناوچەکەش زۆر گرنگە".
وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی سەردانی شاندی حکومەتی وڵاتەکەی بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ بەغدا گوتی: "سەردانێکی مێژوویی بوو. بەر لە ئەنجامدانی سەردانەکە، ئامادەکارییەکی چڕ، سیستماتیک و پێویست کرا. دیدی سەرۆککۆمارمان بۆ عێراق زۆر روونە و لە سیاسەتماندا هیچ کاتێک نەمانویستووە و نامانەوێت عێراق ببێتە وڵاتێکی ناسەقامگیر لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە. تورکیا مەبەستیەتی عێراقێکی سەقامگیر، ئارام و گەشەسەندوو ببینێت".
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی: "پێش سەردانەکە و دوای سەردانەکە، هەڕەشە و دەرفەتەکانمان لە رێگەی دانوستاندن و گفتوگۆکانەوە خستنە بەرباس بۆ ئەوەی پەیوەندییەکان بەشێوەیەکی سیستماتیک بەرەو پێشەوە بچن تاوەکو دەگاتە خاڵی گەیشتن بە چارەسەر. لە قۆناخی ئامادەکارییەکانی پێش سەردانەکەدا پاکێجەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئاو، وزە، پرۆژەی رێگەی گەشەپێدانمان ئامادەکرد تاوەکو گەیشتە قۆناخی واژۆکردن. لە سەردانی سەرۆککۆمارماندا 26 رێککەوتن و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە زۆربەی بابەتەکانی وەک بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئاو، وزە، بازرگانیی گومرگی و چەندین کەرت و بواری دیکە واژۆیان لەسەر کرا".
هاکان فیدان گوتی: "لەمەودوا لە پاکێجەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بەتایبەتی لەو شوێنانەی هەڕەشە تێیاندا بەدی دەکرێت، درێژە بە هاوئاهەنگییەکانمان دەدەین. هاوکات درێژە بە چالاکییەکانمان دەدەین لەپێناو جێبەجێکردن و سەرخستنی پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان".
رۆژی 22ـی نیسانی 2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵا سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد.
ئەردۆغان لە بەغدا چاوی بە لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق؛ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران؛ شاندی پێکهاتەی تورکمان، شاندی سوننەکانی عێراق کەوت.
ئێوارەی هەمان رۆژ، ئەردۆغان و شاندەکەی گەیشتنە هەولێر و لە فڕۆکەخانە لە لایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانەوە پێشوازی لێکرا.
سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ