رووداو دیجیتاڵ
دادگاى کارگێڕى دانیشتنێکى دیکە لەبارەى سکاڵایەک دەکات، کە لە دژى بەقەزاکردنى گوڵاڵە تۆمار کراوە.
ئەحمەد عیماد سەعدى، پارێزەرى دۆسیەکە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "رۆژى چوارشەممە 23ی ئەیلوول دانیشتنێکى دیکەى دادگاى کارگێڕیى بەغدا لەبارەى بەقەزاکردنى گوڵاڵە دەکرێت."
19ی شوباتى ئەم ساڵ وەزارەتى پلاندانانى عێراق بەقەزاکردنى ناحیەى جەلەولاى پەسند کرد، لەکاتێکدا ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە لە ساڵى 2024 ئەو بڕیارەى دەرکردبوو و ناحیەکەیان لە قەزاى خانەقین جیا کردبووەوە.
ئەحمەد عیماد سەعدى رایگەیاند، سکاڵاکەیان لەدژى وەزارەتى پلاندانان و ئەنجوومەنى پارێزگا تۆمار کردووە و داوایان کردووە ئەو بڕیارە هەڵبوەشێنرێتەوە، بەوپێیەى ئەو ناحیە بەشێکە لە مادەى 140 و نابێت دەستکارى سنوورى کارگێڕییان بکرێت.
یەکەم دانیشتنى سکاڵاکە لە 24ـی ئایارى ئەم ساڵ کرا و دواخرا بۆ 13ـی ئاب بۆ بڕیاردان، بەڵام دواتر جارێکى دیکە دواخرایەوە بۆ 23ـی ئەیلوول.
پارێزەرى دۆسیەکە رایگەیاند، دادگاى کارگێڕى جارێکى دیکە دەرگاى دادبینیى کردووەتەوە و بەو هۆیەوە دەبێت بۆ جارێکى دیکە ئاگادارینامە بۆ وەزارەتى پلاندانان و ئەنجوومەنى پارێزگا بنێردرێتەوە.


