رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، شایستە داراییەکانی مامۆستایانی گرێبەست بەهۆی نوێکردنەوەی لیستی گرێبەستەکانیان دواکەوتووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بڕیارە پێش جەژن دوو مووچە پێکەوە وەربگرن.
رۆژی چوارشەممە، 26ـی ئاداری 2025، د. توانا نەجەف بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی ئامادەکردنی لیست و نوێکردنەوەی گرێبەستی مامۆستایان لە زانکۆ و پەیمانگەکان، تاوەکو ئێستا مامۆستایانی گرێبەستی سەر بە خوێندنی باڵا شایستە داراییەکانی مانگی یەک و دوویان وەرنەگرتووە."
بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت: "بەشێکی زۆری زانکۆکان لیستەکانیان تەواو کردووە؛ هەندێک زانکۆ ماون ئەوانیش تەواو دەکرێن. وەزیری دارایی واژۆی لەسەر گرێبەستەکان کردووە و ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێوەبەری ژمێرکاری وەزارەتی دارایی کۆدەبینەوە".
زیاتر لە چوار هەزار وانەبێژی زانکۆ و پەیمانگەکان کراون بە گرێبەست. توانا نەجەف گوتی، هەوڵ دەدرێت "پێش جەژن مووچەی مانگی کانوونی دووەم و شوبات بەیەکەوە وەربگرن."
کەمترین مووچەی وانەبێژیی خوێندنی باڵا بەگوێرەی بڕوانامەکانیان 500,000 دینارە و زۆرترینیشیان 1,250,000 دینارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ