رووداو - هەولێر
فێستیڤاڵی شەوانی رەمەزان لە پارکی پێشمەرگە لە هەولێر بەڕێوەدەچێت، ژنان پشکی شێریان لە رێکخستنی فێستیڤاڵەکەدا بەرکەوتووە. ئاڤێستا هەرچەندە هێشتا خوێندکاری زانکۆیە، بەڕێوەبەری کارگەیەکی ناوخۆییە و ساڵانە 30 تۆن سێو، هەنار و خورما دەکەنە سرکە.
ئاڤێستا عەباس، خوێندکار و کارمەندی کۆمپانیا دەڵێت، "لەو سەردەمەدا بە رای من، جیاوازییەکی زۆری دروستکردووە کارکردنی پیاوان لەگەڵ ئافرەتان. کەم کەس هەیە لە بواری رۆژانەی خۆیدا لە هەمان کاتدا کار بکات و بخوێنێت. یەکێک لەوانە خۆم، لە هەمان کاتدا دەخوێنم و ئەو ئەزموونەی خۆم هەمە پێشکێش بە کۆمەڵگەی کوردی دەکەم. لای ئێمە بۆ کارکردن گرنگ نییە ئافرەت بێت یاخود پیاو، گرنگ ئەزموونە تاوەکو پێشانی کۆمەڵگەی کوردیی بدەیت."
ئافرەتی زۆر لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارن و پاڵپشتی کراون. بەشێکیان وەکو کارمەند کار دەکەن، بەشێکی دیکەش خاوەنکارن. بۆکان کچێکی خاوەن پێداویستیی تایبەتە، لە منداڵییەوە کەمبیستە، بەڵام ئەوە نەبووەتە رێگر و لەگەڵ خوشکە نابیستەکەی بوونەتە خاوەن کاری خۆیان.
بۆکان ئازیز، خاوەنکارە دەڵێت، "ئافرەت پێویستی بەوەیە پاڵپشتی بکرێت، کاری خۆی هەبێت باشترە، بۆئەوەی بتوانێت لەسەر پێیەکانی خۆی بوەستێت، ئەوە وای لە من کرد دەست بەو کارە بکەم. لە ماڵەوە بێزار بووم، دوای ئەوەش ئێمەی خاوەن پێداویستیی تایبەت کەمترین مووچەمان هەیە و بەشی بژێویی ژیانمان ناکات، ئەو کارە بۆ من بووەتە سەرچاوەیەکی داهات، کە بتوانم بژێویی ژیانی خۆم و خێزانەکەم دابین بکەم."
دڵنیا عوسمان، خاوەنکار ئاماژەی بەوە کرد، "ئافرەت تاڕادەیەک زۆر گرنگە خۆی کار بکات، کارکردن بەو مانایە نییە کە تەنیا بۆ مەیکئاپ، ماکیاج و ئەو جۆرە شتانە بێت، بەڵام هەوڵ بۆ داهاتووی خۆی بدات."
ئاسۆ سابیر، مامۆستا و شێف باسی لەوە کرد، "بێجگە لەوەی من کارمەندی حکومەتم، مامۆستام، هەر کاری خۆشمان هەیە. رێستۆرانتمان هەبوو، ئێستاش رێستۆرانتمان هەیە، خواردن ئامادە دەکەین بۆ بۆنە و ئاهەنگ و فێستیڤاڵەکان. ئێستا لەگەڵ کوڕەکەم هەر کار دەکەین پێکەوە، کارگەی سرکە و خەڵمان هەیە، واتە ئێمە هەمیشە هەر بەردەوام وەکو ئافرەت کاری خۆمان کردووە، ئەوەش بە پاڵپشتی هاوسەرەکەم و کوڕەکەم."
فێستیڤاڵی شەوانی رەمەزان تاوەکو جەژن بەردەوام دەبێت، لەدوای بەربانگ تاوەکو نیوە شەو کراوەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ