رووداو دیجیتاڵ
لە ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریی دا لە دەرەوەی سنوورەکانی عێراق، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکانی کەرکووک، تۆڕێکی نێودەوڵەتیی بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان-یان لەناو خاکی یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ هەڵوەشاندەوە و دەستیان بەسەر 20 کیلۆگرام حەشیشدا گرت.
عەباس بەهادلی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، وردەکاریی ئۆپەراسیۆنەکەی باسکرد و رایگەیاند، سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکە بەرهەمی هەوڵێکی هەواڵگریی پیشەییانەی هێزەکانی کەرکووک بووە کە سنوورەکانی بەزاندووە.
بەهادلی باسی لەوەکرد، پرۆسەکە لە رێگەی پلانێکی تۆکمەوە دەستیپێکردووە بە راکێشانی یەکێک لە ئەندامانی سەرەکیی تۆڕەکە و دەستگیرکردنی لەناو خاکی وڵاتە دراوسێکەدا لە کاتی تاوانەکەدا .
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی مادە هۆشبەرەکان ئاماژەی بەوەش کرد، رێڕەوی ئۆپەراسیۆنەکە لە تۆمەتباری یەکەمدا نەوەستاوە، بەڵکو دانپێدانان و زانیارییە هەواڵگرییەکانی ناوبراو رێگەیان خۆشکردووە بۆ ئاشکراکردنی بەشەکانی دیکەی باندەکە؛ لە ئەنجامدا هێزە جێبەجێکارەکە توانیویانە هەر سێ ئەندامەکەی دیکەش دەستگیر بکەن، بەمەش سەرجەم هەر چوار ئەندامی تۆڕە نێودەوڵەتییەکە کەوتنە داوی هێزە ئەمنییەکانەوە.
عەباس بەهادلی، گوتی: "لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەست بەسەر 20 کیلۆگرام مادەی هۆشبەری جۆری حەشیشدا گیراوە".



