کشتوکاڵی دهۆک: ئەم سەرمایە سوودی لە زیانەکانی زیاتر بوو بۆ کشتوکاڵ و باخ

26-02-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک دەڵێت، ئەم شەپۆلی سەرمایە تەنیا زیانی بۆ کشتوکاڵ و باخ نەبووە، بەڵکو سوودیشی هەبووە، بەتایبەت بۆ ئەو دارە بەردارانەی گوڵەکانیان نەپشکوتبوون.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی شوبات موسلیح حەسەن، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەم شەپۆلی سەرمایە زیانی هەبوو، بەڵام سوودەکانی زیاتر بوون، چونکە هەندێک بەروبووم و درەخت هەن پێویستیان بە پلەی گەرمیی ژێر سفرە تاوەکو بەرهەمەکانیان زیاتر و باشتر بن."
 
نزیکەی هەفتەیەکە شەپۆلێکی بەفر، باران و سەرما هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، لە زۆربەی ناوچەکان پلەی گەرما بۆ ژێر سفر دابەزیوە.
 
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک دەڵێت، "هەندێک درەخت هەن، تاوەکو ئێستا گوڵەکانیان نەپشکوتبوو و گەشەیان وەستابوو، بەڵام بەهۆی ئەم سەرمایەوە گوڵەکانیان دەپشکون، ئەوکات بەرهەمەکانیان زیاتر دەبن و کوالێتییان باشتر دەبێت."
 
لە دهۆک ساڵانە بەرهەمی سێو دەگاتە نزیکەی 10 هەزار تۆن. موسڵیح حەسەن دەڵێت، "بەهۆی ئەم سەرمایەوە، ئەم ساڵ بەرهەمەکانی سێو، گوێز و گێلاس زیاتر دەبن بەراورد بە ساڵەکانی دیکە."
 
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک ئاماژە بەوە دەکات، "ئەم سەرمایە بۆ بنبڕکردنی نەخۆشییە رووەکییەکان و قڕکردنی مێروولەکانیش سوودی زۆری هەیە."
 
لەبارەی ئەو بەرهەمانەی زەرەریان پێدەگات، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک گوتی، "ئەم ساڵ باران دواکەوت، هەندێک درەخت کە پشکوتبوون، وەکو درەختی باوی، قەیسی و ئەلوباڵو، ئەوانە زیانیان پێدەگات."
 
ئەم وەرزەی بارین تاوەکو 20ی ئەم مانگە لە دهۆک تەنیا 105.6 ملـلیمەتر باران باریوە، لە کاتێکدا وەرزی بارینی رابردوو تاوەکو هەمان رێککەوت 455.6 ملیمەتر باران باریبوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەند ئامێرێکی ئەی تی ئێم. وێنە: رووداو

کارەکانی پڕۆژەی 'هەژماری من' بەمنزیکانە لە سلێمانی دەستپێدەکاتەوە

پڕۆژەی 'هەژماری من' وەرگرتنی مووچەی ئاسان کردووە و 750 هەزار کەس تۆمار کراون. خەڵک بەگشتی پێیان باشە، بەڵام داوای گەرەنتی دەکەن، کارەکانی پڕۆژەکەش لە سلێمانی بڕیارە بەمزووانە دەستپێبکاتەوە