وەزارەتی پەروەردە: نمرەی هەموو پۆلەکان بەشێوەی ئەلیکترۆنی بەردەستە

26-01-2025
ژیڤان بەکر
ژیڤان بەکر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بۆ یەکەم جار لە شەش هەزار و 935 ناوەندی خوێندنی حکومی، دەتوانرێت نمرە بە شێوازی دیجیتاڵی وەربگیرێتەوە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 26ی 1ی 2025، وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: لەگەڵ دەستپێکی وەرزی دووەم ئەپڵیکەیشنی ئی - هەڵسەنگاندن کارایە و بۆ یەکەم جار لە شەش هەزار و 935 ناوەندی خوێندنی حکومی دەتوانن نمرەکانیان بە شێوازی دیجیتاڵی وەربگرنەوە.
 
ئەپڵیکەیشنی ئی – هەڵسەنگاندن، خزمەتگوزارییەکە رایەڵەی پەیوەندیی نێوان قوتابخانە و بەخێوکاری قوتابیان پتەوتر و ئاسانتر دەکات. 
 
لە راگەیێندراوەکەی پەروەردەدا هاتووە: لە قوتابخانە حکومییەکان یەک ملیۆن و 763 هەزار و 672 قوتابی دەتوانن لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی ئی – هەڵسەنگاندنەوە نمرەکانیان بە شێوازی دیجیتاڵی وەربگرنەوە.
 
وەزارەتەکە روونیکردووەتەوە، لە ئێستاوە لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی (ئی - هەڵسەنگاندن) لە هەموو قوتابخانە و پەیمانگە حکومییەکان، بەخێوکاران و قوتابیان دەتوانن نمرەکانیان ببینن کە ئەنجامی بەرایین (واتا شیاوی وردبینی و پەڵپ گرتنن تا دەبێتە ئەنجامی کۆتایی)".
 
لەبارەی دواقۆناخی پێداچوونەوەی نمرەکان و پەڵپگرتن، وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوەداوە کە "پاش RUN کردنی کۆتایی سیستمی ئی – پەروەردە، دەبێتە ئەنجامی کۆتایی" .
 
ئەپڵیکەیشنی ئی – هەڵسەنگاندن، بۆ یەکەم جار لەسەر ئاستی کەرتی خوێندنی حکومی ئەم خزمەتگوزارییە لە رێگەی ئەپڵیکەیشنەوە بەردەست دەبێت و بەخێوکارانی قوتابییان دەتوانن لە رێگەی ئەو ئەپڵیکەیشنەوە ئاگەداری دۆخی منداڵەکانیان بن لە رووی:
 
١- نمرەی قوتابی.
٢- هەڵسەنگاندنی قوتابییان لەسەر حەوت ئاست.
٣- خشتەی وانەکانی هەفتە.
٤- ئەرکی ماڵەوە.
٥- تاقیکردنەوەکانی قوتابی.
٦- ئاگادارییەکان و پەیامی قوتابخانە بۆ قوتابی.
٧- رێنمایی پەروەردەیی.
 
هاوکات بۆ هەموو ناوەندەکانی خوێندن، مامۆستایان و قوتابییان ناوی بەکارهێنەر (یوزەرنەیم) و تێپەڕەوشە (پاسوۆرد) ئامادەکراون، کە لە بەشی راپۆرتی قوتابخانە لەنێو سیستمی "ئی - پەروەردە" دەتوانن دایبەزێنن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە