رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ئاماری تایبەت بە کۆچی نێوخۆیی بۆ ساڵی 2025 کە لەلایەن دەستەی ئاماری تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، لە 8 ساڵی رابردوودا لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان 405 هەزار و 638 کەس بەرەو پارێزگاکانی دیکەی باکووری کوردستان و تورکیا کۆچیان کردووە.
لە ساڵی 2025دا 51 هەزار و 818 کەس لە پارێزگای وانەوە کۆچیان کردووە، هەروەها بەپێی ئامارەکان بەرزترین رێژەی کۆچکردن لە ساڵی 2022دا تۆمارکراوە کە 62 هەزار و 422 کەس بووە.
بەپێی زانیارییەکانی دەستەی ئاماری تورکیا، ئامارەکانی کۆچی نێوخۆیی لە پارێزگای وانەوە لە 2018 بۆ 2025 بەم جۆرە بووە:
• 2018: 44 هەزار و 954 کەس
• 2019: 39 هەزار و 575 کەس
• 2020: 38 هەزار و 114 کەس
• 2021: 58 هەزار و 185 کەس
• 2022: 62 هەزار و 422 کەس
• 2023: 56 هەزار و 547 کەس
• 2024: 54 هەزار و 23 کەس
• 2025: 51 هەزار و 818 کەس
لە راپۆرتی دەستەی ئاماری تورکیادا هاتووە، لە ساڵی 2018 تاوەکو 2025 لە پارێزگای وان بە گشتی 405 هەزار و 638 کەس پارێزگاکەیان جێهێشتووە و روویان لە پارێزگاکانی دیکەی باکووری کوردستان و تورکیا کردووە.
بەشێکی زۆری ئەو هاونیشتمانییانە بەرەو شارە پیشەسازییەکانی وەک ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە و ئیزمیر کۆچیان کردووە.
بەپێی داتاکانی دەستەی ئاماری تورکیا لە ساڵی 2026دا، 283 هەزار 351 کەس کە خەڵکی وانن، لە ئیستەنبووڵ دەژین.
لە دیارترین ئەو هۆکارانەی دەبنەهۆی کۆچکردن و جێهێشتنی پارێزگای وان بریتین لە:
• دۆخی ئابووری و بێکاری: سنوورداربوونی هەلی کار لە ناوچەکەدا.
• پیشەسازی و بازرگانی: لاوازی کەرتی پیسەشازی و جووڵەی بازرگانی.
• خوێندن و ژیان: توێژی گەنجان بەدوای پەروەردەی باشتر و ئاستی ژیانی باشتردا دەگەڕێن.
بەپێی ئەو داتا فەرمییەکان لە ساڵی 2025دا ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای وان 1 ملیۆن و 112 هەزار و 13 کەس بووە. بەم جۆرەش بووەتە 22یەمین قەرەباڵخترین پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا.




