رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران، هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان لە بازنەی نەغەدە و شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستان و دوو بازنەی دیکە لە ئێران ناکرێت.
هادی تەحان نەزیف، گوتەبێژی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران رایگەیاند، "ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری دەستیپێکردووە، رۆژی یەکشەممە 24-11-2024 ئەندامانی لیژنەی ناوەندیی چاودێریکردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەلایەن ئەندامانی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوورەوە هەڵبژێردران."
گوتەبێژی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران گوتی، سەیید محەممەدڕەزا مودەڕیسی یەزدی، عەباس كەعبی نەسەب، سیامەک رەهپێیک، عەباسعەلی کەدخودایی و محەممەدحەسەن سادقی موقەدەم وەک ئەندامانی لیژنەی ناوەندیی چاودێریکردنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری دەستنیشان کران.
بەپێی یاسای هەڵبژاردن لە ئێران، لیژنەی ناوەندیی چاودێریکردنی هەڵبژاردن لەو وڵاتە لە پێنج کەس پێکدێت و لە لایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوورەوە هەڵدەبژێردرێن، دواتر ناوەکانیان رەوانەی وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە دەکرێت کە بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکانی لە ئەستۆدایە.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران دەڵێت، هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان لە بازنەکانی نەغەدە و شنۆ، بەندەر ئەنزەلی و بوستان ئاباد ناکرێت و تەنیا لە بازنەی تەورێز، ئازەرشەهر و ئۆسکو هەڵبژاردنەکە بەڕێوەدەچێت.
تەحان نەزیف گوتی، "بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی وادەی دەستلەکارکێشانەوەی بەربژێرەکان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان کۆتاییهاتووە و پرۆژەیاسای بەپەلەی پەرلەمانتاران لەو بارەیەوە لە پەرلەمان دەنگی پێویستی بەدەستنەهێنا و رەتکرایەوە، تاوەکو ئێستا ناکرێت هەڵبژاردنەکە لە بازنەکانی بەندەر ئەنزەلی، بوستان ئاباد و نەغەدە و شنۆ بەڕێوەبچێت. بۆیە هەڵبژاردنی پێشوەختەی 12ـەمین خولی پەرلەمان تەنیا لە بازنەی تەورێز، ئازەرشەهر و ئۆسکو بەڕێوەدەچێت."
وەزاەتی ناوخۆی ئێران رایگەیاندووە، رۆژی 20-06-2025 هەڵبژاردنی پێشوەختەی 12ـەمین خولی پەرلەمان و شەشەمین ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنەکانی گوند و شارەکان لەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت.
لە هەڵبژاردنی 12ـەمین خولی پەرلەمانی ئێران، عەبدولکەریم حوسێن زادە لە بازنەی نەغەدە و شنۆ وەکو پەرلەمانتار هەڵبژێردرایەوە. دوای ئەوەی عەبدولکەریم حوسێنزادە لە لایەن مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران وەک جێگری سەرۆککۆمار بۆ کاروباری ناوچە پەراوێزخراوەکان دەستنیشانکرا، بازنەی نەغەدە و شنۆ بێ نوێنەر مایەوە و ئێستا لە لایەن پەرلەمانی ئێرانەوە کەمال حوسێنپوور، نوێنەری شارەکانی سەردەشت و پیرانشار لە شوێنی دەستنیشانکراوە بۆ ئەوەی کاروبارەکانی بازنەکە بەڕێوەببات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ