لە کەرکووک پێشمەرگە بۆ دۆزینەوەی چەکدارانی داعش دەستی بە ئۆپەراسیۆنێک کرد

25-10-2020
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
بەشێکی هێزەکانی ثێشمەرگە لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا / وێنە: رووداو
بەشێکی هێزەکانی ثێشمەرگە لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا / وێنە: رووداو
نیشانەکردن کەرکووک داعش
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە ناوچەی شێخ بزێنێی شارۆچکەی شوانی سەر بە پارێزگای کەرکووک هێزەکانی پێشمەرگە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ کێوماڵکردنی ناوچەکە دەستپێکرد کە بۆ دۆزینەوەی ئەو چەکدارە نەناسراو و داعشانەیە کە چەند رۆژێکە جموجووڵیان هەیە و لە ماوەی رابردووشدا سێ گەنجی کوردیان شەهید کرد. 
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو لە کەرکووک، رۆژی یەکشەممە 2020/10/25 هێزەکانی پێشمەرگە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش لە ئۆپەراسیۆنێکدا کێوماڵی ناوچەی شێخ بزێنێی سەر بە شارۆچکەی شوانیان لە پارێزگای کەرکووک کرد و بڕیارە بۆ ماوەی چەند رۆژێک بەردەوام ببێت.
 
رۆژی 17ی مانگی تشرینی یەکەم چەکدارانی داعش سێ گەنجی کوردیان لە گوندی شەوگێر شەهید کرد کە دوو برا و ئامۆزایەک بوون. چەند رۆژێکیش لەمەوبەر داعش بەرپرسیاریێتیی ئەو کردەوەیەیان لە ئەستۆ گرت و، شەوی رابردووش هەندێک وێنەی کردەوەکەیان بڵاوکردەوە.
 
لیوا هیوا عەبدوڵڵا، فەرماندەی میحوەری کەرکووک لەبارەی ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، " ئەو سنوورانە سنووری هاوبەشن لەنێوان ئێمە و هێزەکانی عێراقدا، بەڵام لەو سنوورە هاوئاهەنگییەکی باش لەنێوان ئەو هێزانەدا نییە بۆ ئەوەی بتوانین کۆنترۆڵی بارودۆخەکەکان بکرێت."
 
هەروەها فەرماندەی میحوەری کەرکووک گوتی، ئەمڕۆ هێزەکانیان لە سنوورەکە کێوماڵێکی هەموو ناوچەکانیان کردووە، "بەڵام بە داخەوە هیچ شوێنەوارێکی وا نەدۆزراوەتەوە کە شوێن و جێگەی حەوانەوەی ئەو چەکدارانە بێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵەکانمان بەردەوام دەبن."
 
لیوا هیوا عەبدوڵڵا پێکهێنانی ژووری هاوئاهەنگیی هاوبەش لەگەڵ هێزەکانی عێراق بە پێویست دەزانێت و دەڵێت، "ئومێدەوارین لە ئایندەدا بتوانین ئەو ژوورە هاوئاهەنگییە هاوبەشانە لەگەڵ هێزەکانی عێراقدا دابنێین بۆ ئەوەی ئەو بارودۆخە جارێکی دیکە دووبارە نەبێتەوە."
 
هیوا عەبدوڵڵا گومانی خۆی لەوە ناشاردەوە کە خەڵکی جگە لە کورد لە ناوچەکەدا هاوکاریی ئەو چەکدارانە دەکەن و گوتیشی، "تیرۆریستان هەوڵ دەدەن لە کوێ سەدایەکی گەورەی هەبێت، دەست بووەشێنن و خەڵک شەهید بکەن. ئەم ناوچەیەش هەم ناوچەیەکی فراوانە و هەم خەڵکێکی زۆریشی تێدایە کە کورد نین و هاتوون لەم شوێنانە کار دەکەن، رەنگە بتوانن لە رێگەی ئەوانەوە هاوکارییان پێبگات".
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نمایشێکی هێزەکانی پێشمەرگە. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

وەزارەتی پێشمەرگە: هێزەکان لە ناوچەکانی سەرکردایەتیدا رێکدەخرێنەوە

وەزارەتی پێشمەرگە بڕیاریدا، دوو ناوچەی سەرکردایەتیی بۆ رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ژێر سەرکردایەتیی وەزارەتی پێشمەرگەدا دابمەزرێندرێت کە بە "دەستپێکی قۆناخێکی نوێ" بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان پێناسەی دەکات.