زینە دەشتی لە رۆژی ئاهەنگی دەرچوونیدا کۆچی دواییکرد رووداو دیجیتاڵ زینە دەشتی، کچە خوێندکارێکی تەمەن 22 ساڵ، لە رۆژی ئاهەنگی دەرچوونیدا و بەرلەوەی بڕوانامەکەی وەربگرێت، دڵی لە لێدان وەستا و کۆچی دواییکرد. خێزانەکەی دەڵێن، لە منداڵییەوە نەخۆشیی دڵی هەبووە و چارەسەری نەبووە. رۆژی پێنجشەممە 12.11.2026، لەنێو رێوڕەسمی ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی سەڵاحەدین لە یاریگەی فرانسۆ هەریری لە هەولێر، زینە دەشتی، ناسراو بە زیلان، کە خوێندکاری بەشی زانستی ژینگە و تەندروستی بوو، لەهۆش خۆی چوو و لە رێگەی گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا. رەشید عومەر، مامی زینە، بە رووداوی گوت: "لە باوەشی کوڕەکەم و براکەم (باوکی زینە) بوو، دەیانگوت تاوەکو گەیشتووەتە نەخۆشخانە هەناسەی داوە." دەشتی عومەر، باوکی زینە، بە خەمێکی قووڵەوە باس لەوە دەکات کە کچەکەی لە منداڵییەوە نەخۆشیی دڵی هەبووە و بۆ چارەسەر چەندین وڵاتیان کردووە، بەڵام پزیشکان پێیان گوتوون کە نەشتەرگەریی بۆ ناکرێت. باوکی زینە دەڵێت: "سەردانی چەندین پزیشکمان کرد لە هەولێر، سلێمانی و بەغدا. ساڵی پار لە مانگی حوزەیران بردمانە ئوردن و هیندستان، بەڵام هیچ چارەسەرێکی نەبوو و نەشتەرگەرییان بۆ نەکرد." باوکی زینە، باس لە دوا قسەکانی کچەکەی دەکات و دەڵێت: "پێی گوتم، 'باوکە، سەیرکە خۆم ئامادە کردووە و خۆم جوان کردووە'. بە دڵێکی خۆشەوە لەگەڵ دایکی بەڕێکەوت، بەڵام بەداخەوە قەدەری خودای گەورە بوو." گیانلەدەستدانی زینە دەشتی، کە بە هیواوە چاوەڕێی وەرگرتنی بڕوانامە و دەستپێکردنی ژیانێکی نوێ بوو، خەم و پەژارەیەکی قووڵی لەنێو دڵی خەڵکیدا دروستکردووە.
کوردستان13-11-2026بە بەشداریی 26 گرووپ، دەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی سەرشەقام لە کەرکووک دەستیپێکرد
کوردستان13-11-2026دەنگی تەقە لە سنووری پردێ بیسترا؛ "گومان دەکرێ پێکدادان لەنێوان چەکدارانی داعش و هێزە ئەمنییەکان روویدابێ"