رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری گشتیی بەرەی یەکگرتووی کورد لە یەکێک لە گرتووخانەکانی کرماشان مانی لە خواردن گرتووە. بەرەی یەکگرتووی کوردیش لە راگەیێنراوێکدا دەڵێت؛ تاوەکو ئەو کاتە داواکارییەکانی جێبەجێ نەکرێت، لە مانگرتن بەردەوامدەبێت.
دوای دوو رۆژ لە دەستگیرکردنی سیاوەش حەیاتی، شەوی رابردوو رێگەدرا سکرتێری بەرەی یەکگرتووی کورد پەیوەندی بە کەسوکارەکەیەوە بکات. سیاوەش حەیاتی بە کەسوکارەکەی گوتووە، لە دوای دەستگیرکردنی، گوازراوەتەوە پۆلیسی پاراستنی ئاسایش لە کرماشان، بەڵام ئەو وەکو ناڕەزایەتییەک لە دژی دەستگیرکردنەکەی مانی لە خواردن گرتووە.
بەرەی یەکگرتووی کورد لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی مانگرتنەکەی سیاوەش حەیاتی دەڵێت، "تاوەکو ئەو کاتەی لە گرتووخانە بێت و گوێ لە داواکارییەکانی نەگیرێت، لە مانگرتنەکەی بەردەوام دەبێت".
بەرەی یەکگرتووی کورد وێڕای ئاماژەدان بە دۆخی تەندروستیی سیاوەش حەیاتی، راشیدەگەیێنێت، "ئەو کەسانەی بڕیاری دەستبەسەرکردنی ناوبراویان داوە، بەرپرسن لە لێکەوتەکانی مانگرتنی سیاوەش حەیاتی".
سیاوەش حەیاتی، سکرتێری بەرەی یەکگرتوویی کورد رۆژی پێنجشەممە لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی یەکێک لە خۆپێشاندەرەکان لە قەسری شیرین گوتارێکی پێشکێشکرد و رەخنەی لە شێوازی هەڵسوکەوتی هیزە ئەمنییەکان لەگەڵ خۆپێشاندەران کرد. دوای پێشكێشکردنی گوتارەکەی، سیاوەش حەیاتی بەرەبەیانی رۆژی هەینی 23/08/2022 لە گوندێکی شارۆچكەی داڵاهۆ لە پارێزگای کرماشان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا و گوازرایەوە شوێنێکی نادیار.
خۆپێشاندان لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە دژی شێوازی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بەردەوامە. بەپێی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، تاوەکو ئێستا 17 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەستداوە و 435 کەسیش بریندارن. هەروەها 570 کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەرکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ