رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەکی خەڵکی برادۆست لە سنووری ئەرمینیا-ئێران چوار رۆژە بەهۆی "بوونی وێنەیەکی ئاڵای کوردستان لەسەر تیشێرتێک" دەستبەسەرە. لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق هۆکارەکەی بۆ بوونی"دەرمان" لەلایەن ئەو هاونیشتمانییە دەگەڕێنێتەوە. کۆنسووڵخانەی ئەرمینیا لە هەولێر دەڵێت، لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە دەکەین.
هەژار رەشید برادۆستی، لەگەڵ خێزانێکی دیکەی برادۆست لە کاتی تێپەڕبوون بە دەروازەیەکی سنووری ئەرمینیا رادەگیرێن. دوای سێ رۆژ خێزانە پێنج کەسییەکە ئازاد دەکرێن.
هەژار برادۆستی چوار رۆژە چاوەڕێی ئازادبوون دەکات، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی: "سووکایەتی زۆریان پێکردووم، برینداریان کردووم، سووکایەتییان بە ئاڵای کوردستانیش کرد. چوار رۆژە لە ژوورێکدا دەستبەسەرم."
هەژار لە مۆسکۆ نیشتەجێیە و هاوژینەکەی رووسییە و باوکی منداڵێکە، بۆ "سەردان" چووەتە ئێران و لەکاتی گەڕانەوەی لە دەروازەی نۆردووس لەلایەن پۆلیسی ئەرمینیاوە دەستبەسەرکراوە.
کۆنسووڵخانەی ئەرمینیا لە هەولێر ئاگاداری دەستبەسەرکردنی ئەو هاونیشتمانییە و خێزانە پێنج کەسییەکەیە. ئەندرانیک هاروتوونیان، کۆنسووڵی ئەرمینیا لە هەولێر بە رووداوی گوت: "لە دوێنێوە ئاگادارکراوینەتەوە و لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە دەکەین. بەیانی لەگەڵ حکومەتی وڵاتەکەم لەوبارەوە پەیوەندی دەکەم."
لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ کێشەکە لەسەر هێڵە. موسەنا ئەمین، ئەندامێکی ئەو لیژنەیە، لە بەرپرسیار هۆکاری دەستبەسەرکردنی هەژار برادۆستی بۆ بوونی "دەرمان" گەڕاندەوە، بەڵام ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت: "رەچەتەی پزیشکی ئێرانم لایە و بەمەبەستی چارەسەر لامە."
د. موسەنا ئەمین گوتی: "شەممە و یەکشەممە دەوامی فەرمی لە ئەرمینیا نییە. سبەی دووشەممە وەڵامی کێشەکەمان لە کۆنسووڵخانەی ئەرمینیا لە هەولێر و باڵیۆزی عێراق لە یەریڤان دەستدەکەوێت."
ئەو هاونیشتمانییە بۆ بەهاناوەچوون، پەیوەندیکردووە بە باڵیۆزی عێراق لە یەریڤان، بەڵام پێیان گوتووە "ئەو بابەتە پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە". د. موسەنا ئەمین، ئەو هەڵویستە بە "شەکرشکاندن" ناودەبات و دەڵێت: "ئەگەر بەڵگەمان دەستکەوێ لەسەر ئەو قسەیە، سکاڵا دەکەین. سووکایەتیکردن بە ئاڵای کوردستان تاوانە و دەبێ لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێ."
هاوکات، 18 هاونیشتمانیی سنووری سلێمانی و راپەڕین بەمەبەستی گەیشتن بە ئەورووپا لەڕێگەی کۆچی نایاساییەوە لە تونس دەستگیر کراون و چاوەڕێی دادگاییکردنن لەو وڵاتە.
د. موسەنا ئەمین، هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو هاونیشتمانییانە بۆ بوونی "مادەی هۆشبەر" دەگەڕێنێتەوە. "دوو کەسی توونسی لەگەڵیان گیراوە کە تلیاکیان پێبووە."
عومەر بەرزنجی، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ کاروباری یاسایی و پەیوەندییە فرە لایەنەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "باڵیۆزخانەی عێراق لە تونس لەگەڵ لایەنی حکومیی ئەو وڵاتە لەسەر هێڵە و رۆژی دووشەممە چارەنووسی گیراوەکان یەکلایی دەبێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ