رووداو - سلێمانی
بەپێی بەدواداچوونی رووداو، پرۆسەی هاوسەرگیریی مسیار لە هەرێمی کوردستان روو لە زیادبوونە. هاونیشتمانییەک دەڵێت، هاوژینی یەکەمی رێگەی نەداوە بە ئاشکرا ژنی دووەم بهێنێت، بۆیە پەنای بۆ هاوسەرگیریی مسیار بردووە و لە هەفتەیەکدا دووجار دەچێتە لای.
ئەو هاونیشتیمانییە دەڵێت، تاوەکو ئێستا هاژینی یەکەمی ئاگاداری ئەو هاوسەرگیرییە نییە و دەشڵێت: "چوار ساڵ لەمەوبەر هاوسەرگیریی یەکەمم کرد بەشێوازێکی ئاسایی. ماوەی ساڵێکیشە لەگەڵ ئافرەتێکی دیکە هاوسەرگیریی مسیارم کردووە، ئەو ئافرەتەم ناسی و یەکمان خۆشویست. هاوژینەکەی کۆچی دواییکردووە و سێ منداڵیشی هەیە. ئەوانیش ئاگادارن، ئیتر بڕیاری هاوسەرگیریمان دا. ئێستا من خانوویێکم بۆ ئەو بە کرێ گرتووە و هەفتەی دوو رۆژ دەچم بۆ لای و، پێنج رۆژیش لای هاوژینی یەکەمم دەبم".
مامۆستایەکی ئایینی دەڵێت، لە مەزهەبی ئیمامی ئەبوو حەنیفە، لەپێناو کەمکردنەوەی بەدڕەوشتی و کێشەی خێزانی، رێگە بە هاوسەرگیریی مسیار دراوە و لە دوای ساڵی 2010ـەوە ئەو هاوسەرگیرییە زیاتر بووە، بەڵام بەگوتەی ئەو، هەریەکە لە مەزهەبەکانی شافیعی، مالیکی و حەنبەلی دژی ئەو جۆرە هاوسەرگیرییەن.
عیرفان محەممەد، مامۆستای ئایینی بە رووداوی گوت: "من یان هەر مامۆستایەکی ئایینیی دیکە کە ئەم هاوسەرگیرییەمان کردبێت بۆ خەڵک، هەر لە خۆمانەوە نەبووە، بەڵکو بە پشتبەستن بووە بە مەزهەبی ئیمامی ئەبوو حەنیفە، ئەم هاوسەرگیریی مسیارە ئەو کەسانەی کە ئارەزووی دەکەن زۆرینەیان خەڵکی سەرمایەدار یا سیاسی یان پەرلەمانتار یا دەوڵەمەندن. کەسانێکن کە دۆخی ئابوورییان باشە، یاخود زۆر جار هاوسەرەکە خۆی دۆخی دارایی باشە و هیچ مەرجێک ناخاتە سەر هاوسەرەکەی".
لەبەرئەوەی ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە بە نهێنییە و لە دادگەکان تۆمار ناکرێن، هیچ ئامارێکی فەرمی نییە لەسەر ژمارەیان.
مامۆستایەکی ئایینیی دیکە کە نەیوست ناو و وێنەی نیشان بدرێت گوتی: "ناتوانین ئامارێکی فەرمی بدەین، بەڵام ئەوەندەی ئێمە ئاگادارین ساڵانە لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 200 کەس گرێبەستی هاوسەرگیریی مسیار دەکەن، هەروەها نزیکەی 30 مامۆستای ئایینی کاری مارەبڕینەکە دەکەن".
شێخ عەلادین محەممەد، ئەندامی لیژنەی فەتوای سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە لە لیژنەی فەتوای سلێمانی تاوەکو ئێستا رێگەمان بەو هاوسەرگیرییە نەداوە و بە کەسیشمان نەگوتووە کە بیکات، چونکە لەبەر پابەندی بە کولتووری نەتەوەیی و دابوونەریت، نامانەوێت کەس ئەو هاوسەرگیرییە بکات و کولتووری کوردیش رێگەی بەو هاوسەرگیرییە نەداوە".
تاوەکو ئێستا لە پرسی هاوسەرگیریی مسیاردا یاساکانی باری کەسێتیی عێراق و هەرێمی کوردستان، بە رێگەپێدان یان پێنەدان خۆیان بەدوورگرتووە.
ئارام حوسێن، یاساناسە لە دادگەی سلێمانی و باس لەوە دەکات: "لە یاسای باری کەسێتیی عێراقی و یاسا هەموارکراوەکان لە پەرلەمانی کوردستان، بە هیچ شێوەیەک باسی هاوسەرگیریی مسیار نەکراوە کە ئایا رێگەپێدراوە یان رێگە لێگیراوە، بەڵکو بەپێی یاساکان ئەگەر کوڕ و کچێک بیانەوێت هاوسەرگیری بکەن و بچنە بەردەم هەر دادوەرێک لە دادگەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، ئەوا تەنیا بە ئامادەبوونی دوو شاهێد دەتوانن کاری مارەبڕینەکە ئەنجام بدەن و هیچ مەرج نییە دایک و باوکیان ئامادە بێت".
بەپێی ئاماری ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو 54 هەزار و 837 پرۆسەی هاوسەرگیری لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە و لە بەرامبەریشدا 11 هەزار و 699 داوای جیابوونەوەیان لە دادگە تۆمارکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ