رووداو دیجیتاڵ
هەرێمى کوردستان چوار بەرپرس پێشنیاز دەکات بۆ ئەوەى ببنە ئەندام لەو لیژنە هاوبەشەى لەگەڵ بەغدا پێکدەهێندرێت بۆ یەکلاکردنەوەى پرسی ئاوارەکان. گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران دەڵێت، "لە هاوئاهەنگیداین بۆ ئەوەى نوێنەرانى حکومەتى فیدراڵی بۆ ئەو لیژنەیە دیاری بکەین".
بەگوێرەى نووسراوێک کە ناوەندى هاوبەشی هاوئاهەنگى قەیرانەکان لە وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان لە 22ى تەممووز ئاڕاستەى نوێنەرانى حکومەتى هەرێمى کوردستانى لە بەغدا کردووە، ناوى چوار بەرپرسی بۆ ناردوون کە دەبنە ئەندامى لیژنەیەکى هاوبەش لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەرى پرسی ئاوارەکان.
ئەو بەرپرسانە بریتین لە سامى جەلال، راوێژکار لە وەزارەتى ناوخۆ، ئیڤان مستەفا، نوێنەرى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەری، سروە رەسوڵ حەمە، بەڕێوەبەرى گشتیى ناوەندى هاوبەشى هاوئاهەنگى قەیرانەکان و شیلان خەلیل جونەید، بەڕێوەبەرى گشتیى پلاندانانى پەروەردەیی لە وەزارەتى پەروەردە.
عەلى جیهانگیر، گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: پێکهێنانى ئەو لیژنەیە بەگوێرەى بڕیارێکى دیوانى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقە.
بڕیارەکەى دیوانى ئەنجوومەنى وەزیران لە 2ى تەممووز دەرکراوە، لیژنە هاوبەشەکە بە سەرۆکایەتیى ئیڤان فایەق، وەزیرى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق دەبێت، لەلایەن حکومەتى فدراڵیەوە نوێنەرانى، ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى، نووسینگەى سەرۆکوەزیران، وەزارەتەکانى ناوخۆ و دارایی، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، راوێژکارێتیى ئاسایشى نەتەوەیی، هەردوو دەزگاى هەواڵگرى، ئاسایشى نیشتمانى بەشدار دەبن.
عەلى جیهانگیر گوتى: "ئەوەى پەیوەندارە بە دیاریکردنى نوێنەرانى وەزارەت و دامەزراوەکانى حکومەتى فیدراڵى لە هاوئاهەنگیداین لەگەڵ ئەو شوێنانە بۆ ئەوەى نوێنەرانى خۆیان بۆ ئەو لیژنەیە دیاری بکەن و دەستبەکار ببن".
بە گوێرەى بڕیارەکە، ئەو لیژنەیە ئەرکى دانانى پلانێکى هاوبەشی مرۆییە بۆ کۆتایی هێنان بە دۆسیەى ئاوارەکان بە هاوکارى لەگەڵ ئاژانسە نێودەوڵەتییە تایبەتمەندەکان، کارێکى دیکە لیژنەکە تاوتوێکردنى ئەو پێشنیازانەیە کە وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان بۆ ئەو مەبەستە پێشکێشی کردووە.
نزیکەی 26 هەزار و 500 خێزانی ئاوارە لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان ماون، نزیکەی 22 هەزاریان لە دهۆک و ئەوانی دیکە لە هەولێرن. لە پارێزگای سلێمانی هیچ کەمپێک نەماوە.
وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران 30ى تەممووزى دیاری کردووە وەک دوا وادە بۆ داخستنى سەرجەم کەمپى ئاوارەکان، تاوەکو ئەو کاتە هەر خێزانێکى ئاوارە بۆ زێدى خۆى بگەڕێتەوە چوار ملیۆن دینار، تەباخ، بەفرگر و تەلەڤیزیۆنێکیان پێدەدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ