لە دهۆک دوو منداڵ بەهۆی تەقینی تانکیی گاز بە سەختی بریندار بوون

10 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە سەربانی ماڵێک لە دهۆک تانکی گاز تەقییەوە و دوو منداڵ بریندار بوون، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک دەڵێت، یەکێکیان 90٪ و ئەوەی دیکەش 25٪ـی جەستەی سووتاوە. 
 
رووداوەکە ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 25-07-2024)  لە گەڕەکی ماڵتای دهۆک روویدا، دوو منداڵی تەمەن هەشت ساڵ و نۆ ساڵ بریندار بوون.
 
بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک لە کۆنفرانسێکی روژنامەڤانیدا رایگەیاند، رووداوەکە کاژێر 11:10 خولەک روویداوە، ژیانی دوو منداڵ کە برای یەکدین لە مەترسیدایە، یەکێکیان 90٪ و، ئەوەی دیکە 25٪ـی جەستەی سووتاوە.
 
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان ئەو دوو منداڵە لە سەربان خەریکی یاریکردن بوونە، 'پێدەچێت دەستکاریی تانکییەکەیان کردبێت و ئاگریان لە نزیکی هەڵکردبێت'. 
 
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک هەروەها دەڵێ ''تانکییەکە هەزار و 400 لیتر گاز دەگرێت، بەڵام پڕ نەبووە و لە ئەگەری هەر گەرمایەک، مەترسیی تەقینی لەسەر بووە."
 
ئێستا منداڵەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە. بەگوتەی بێوار عەبدولعەزیز تەندروستیی یەکێکیان ناجێگیرە و ژیانی لە مەترسیدایە.
 
بەگوێرەی بەرگریی شارستانیی دهۆک ئەمساڵ هەزار و 470 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری پارێزگاکە تۆمارکراون، کە زۆربەیان سووتانی پووش و پاوان و دارستانەکان بوون.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە