رووداو دیجیتاڵ
هێشتا لە دونیای منداڵیی خۆیدابوو، جەستەی بە تێزاب سووتێندرا، نووری تەمەن دوو ساڵان "دۆخی تەندروستیی خراپە" و لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدایە.
رووداوەکە کاژێر 9:30 خولەکی شەوی دووشەممە لە گەڕەکی ئاشتی لە ناحیەی رزگاری سەر بە قەزای خەبات روویداوە.
بێریڤان عەلی، دراوسێی ماڵی نوورە و دەڵێت، "لە هاوار و دەنگی نوور هاتینە دەرەوە، بینیمان هەموو جەستەی سووتاوە، نەمانزانیوە کێ ئەو کارەی کردووە."
ئەحمەد محەممەدیش خاڵی نوورە، ئەویش ئاماژە بەوە دەکات، نازانن کێ تێزابی بە نووردا کردووە، "سکاڵامان تۆمارکردووە تاوەکو پۆلیس بۆمان روونبکاتەوە کێ ئەو کارەی کردووە."
باوک و دایکی، نوور و برا بچووکەکەیان لەلای داپیرەیان بەجێهێشتبوو و هاتبوونە هەولێر بۆ ئەوەی سەردانی نەخۆشێک بکەن، لەگەڵ گەیشتنیان هەواڵی سووتانی نووریان پێگەیشتووە.
بەپێی راپۆرتی پزیشکی، 36٪ـی جەستەی نوور بە تێزاب سووتاوە. دیار هەرکی، خاڵی نوورە و دەڵێت، "دۆخی تەندروستیی نوور خراپە."
باوکی نوور سکاڵای تۆمارکردووە و لێکۆڵینەوەکانیش لە رووداوەکە بەردەوامن، بەڵام تاوەکو ئێستا کەس لەسەر رووداوەکە دەستگیرنەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ