رووداو دیجیتاڵ
دوو خێزانی خەڵکی سلێمانی کە نیشتەجێی ئەڵمانیان و بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان دەگەڕانەوە کوردستان، لە بولگاریا تووشی رووداوی هاتووچۆ بوون، لە ئەنجامدا سێ ئەندامی یەکێک لە خێزان گیانیان لەدەستدا و پێنج کەسی دیکەش بریندار بوون.
رووداوەکە دەوروبەری کاژێر 07:35ی ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، لەسەر رێگەی خێرای "ماریتسا" لە بولگاریا بە ئاراستەی دەروازەی سنووریی تورکیا روویداوە. دوو ئۆتۆمبێلی دوو خێزانی کورد کە ئامۆزای یەکدین و هەڵگری پاسپۆرتی ئەڵمانین، بەیەکیاندا کێشاوە و کەوتوونەتە نێو دۆڵێکەوە.
رەنج پشدەری، چالاکڤانی بواری کۆچبەران لە ئەورووپا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "قوربانییەکان ئەندامانی یەکێك لە خێزانەکانن؛ باوکەکە ناوی (حەمە دوزی - 40 ساڵ)، دایکەکە ناوی (باخان - 39 ساڵ) و منداڵێکیان بە ناوی (جان - 11 ساڵ) گیانیان لەدەستداوە. تەنیا کچێکیان بە ناوی (یەڵما - 16 ساڵ) ماوەتەوە کە ئێستا لە نەخۆشخانەیەکی شاری پڵۆڤدیڤ لە ژێر چاودێریی چڕدایە و تەندروستیی ناجێگیرە.
سەبارەت بە خێزانی دووەم کە ئامۆزای ئەوانن، هیچ کامیان گیانیان لەدەست نەداوە بەڵام پێنج کەسیان بە سەختی بریندار بوون. بریندارەکان کە ژنێکی 34 ساڵ و سێ منداڵی (7، 10 و 5 ساڵان)ـن، لە نەخۆشخانەی شاری "هاسکۆڤۆ" لە ژێر چارەسەریدان و یەکێک لە منداڵەکان تووشی هەژانی مێشک بووە.
میدیای فەرمیی بولگاریا و پۆلیسی ئەو وڵاتە بڵاویانکردەوە، شۆفێری یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و دوای بەرکەوتنیان، هەردوو ئۆتۆمبێلەکە پەرژینی پارێزەری سەر رێگەکەیان بڕیوە و کەوتوونەتە نێو دۆڵێکی تەنیشت رێگەکە و پاش بەرکەوتنیان بە دارێک، یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان ئاگری گرتووە.
سەبارەت بەوەی بۆچی ئەو دوو خێزانە رێگەی وشکانییان بۆ گەڕانەوە هەڵبژاردووە، رەنج پشدەری بە رووداوی گوت: "ئەوان بڕیاریان دابوو بە فڕۆکە بگەڕێنەوە سلێمانی، بەڵام بەهۆی ئەوەی چەند جارێک گەشتە ئاسمانییەکانیان هەڵوەشاوەتەوە، ناچار بوون بە ئۆتۆمبێلی خۆیان بەڕێبکەون."



