رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە ماوەی مانگێکدا دەست بەسەر زیاتر لە تۆنێک مادەی هۆشبەردا گیراوە و 115 بازرگان و فرۆشیاری ئەو مادانەش دەستگیرکراون.
ئەمڕۆ دووشەممە، 27-07-2026، محەممەدڕەزا هاشمی فەر، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای لوڕستان رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکاندا، لە ماوەی مانگی رابردوودا لە سنووری پارێزگاکە دەستیان بەسەر یەک تۆن و 193 کیلۆگرام مادەی هۆشبەری جۆراوجۆردا گرتووە.
لەو ئۆپەراسیۆنانەدا، پۆلیسی لوڕستان دەستی بەسەر 40 ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلدا گرتووە کە بۆ گواستنەوە و دابەشکردنی مادە هۆشبەرەکان بەکارهێندراون.
فەرماندەی پۆلیسی لوڕستان ئاماژەی بەوەش کرد، جیا لە دەستگیرکردنی 115 فرۆشیاری مادە هۆشبەرەکان، کۆمەڵێک ئالوودەبووش لە سنووری پارێزگاکە کۆکراونەتەوە و بە مەبەستی چارەسەرکردن، رەوانەی بنکەکانی شیاندنەوە کراون.
بەهۆی پێگە جوگرافییەکەی و هاوسنووری لەگەڵ پارێزگاکانی وەک خوزستان، چوارمەحاڵ و بەختیاری، مەرکەزی، هەمەدان و ئیسفەهان، هەروەها هەردوو پارێزگای کرماشان و ئیلام، لوڕستان وەک ناوچەیەکی ترانزێت بۆ گواستنەوەی مادەی هۆشبەر بەرەو نێوخۆی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەکاردەهێندرێت.
بەگوێرەی ئامارەکانی پۆلیسی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان، ساڵانە لە سنووری پارێزگای لوڕستان دەست بەسەر زیاتر لە 15 تۆن مادەی هۆشبەری جۆراوجۆردا دەگیرێت.




