رووداو - هەولێر
جارێکی دیکە گرژی و دەمەقاڵی لە پەرلەمانی کوردستان دروستبوو، ئەمجارە گرژییەکان لەنێوان پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکانی زەرد و سەوز وەکو دوو پێکهێنەری حکومەت بوو.
لە کۆبوونەوەی رۆژی 25ی ئایاری پەرلەمانی کوردستان، کە خاڵی سەرەکی لەسەر کوشتن و خۆکوشتن بوو، مشتومڕێکی گەرم لەبارەی لێبڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دروستبوو، پەرلەمانتارانی پارتی و یەکێتی لەسەر ئەو پرسە یەکتریان تۆمەتبارکرد.
پەرلەمانتارێکی پارتی لە جانتاکەی چەندان بەڵگەی دەرهێنا بۆ سەلماندی ئەوەی کە زۆربەی داهاتی خاڵە سنوورییەکانی سلێمانی ناگەڕێتەوە خەزێنەی حکومەت، ئەوەش هۆکارە بۆ لێبڕینی مووچە و دروستبوونی کێشە لە مووچەی ئەم مانگەدا، بەجۆرێک ئەم مانگە لە کۆی 80 ملیۆن دۆلار، تەنیا 38 ملیۆنی سنوورەکانی سلێمانی و هەڵەبجە گەڕێندراونەتە.
هێڤیدار ئەحمەد، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت "ئێستا فشارێکی زۆر لەسەر یەکێتی و ئیدارەی سلێمانی هەیە، کە پارەی تەواو بگەڕێننەوە خەزێنەی حکومەت بۆئەوەی مووچە بدرێت، تەنیا 50 ملیار دیناریان ناردووە دەکاتە 38 ملیۆن دۆلار، لەکاتێکدا دەبێت مانگانە 80 ملیۆن دۆلار بنێرێت، بەڕێز قوباد تاڵەبانی و تیمی یەکێتی لە ئەنجوومەنی وەزیران گوتوویانە، ئەنجوومەنی وەزیران چۆن بڕیارتان داوە هەموو 25ی مانگێک مووچە دابەشدەکرێت، لەکاتێکدا ئێمە ناتوانین هەموو مانگێک ئەو پارەیە بۆ خەزێنەی حکومەت بنێرین".
لە بەرامبەردا پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان تۆمەتەکانیان رەتکردەوە و پارتییان بە هۆکاری بەردەوامیی لێبڕینی مووچە تۆمەتبارکرد، بەهۆی ناڕوونی لە داهاتی نەوت و داهاتی خاڵە سنوورییەکانی هەولێر و دهۆک.
لوقمان وەردی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت "تەنیا لە مانگی چواردا 153 ملیار دینار لە سنووری سلێمانی گەڕاوەتەوە وەزارەتی دارایی، نامانەوێت ئەو بابەتە زەق بکەینەوە، بەڵام ناچارکراین، بۆیە لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا ئێمە بە وردی چاودێریی تەواوی داهاتی خاڵە گومرگییەکان و باج و ناوخۆمان لە سلێمانی و هەڵەبجە کردووە و داهاتەکان هاتوونەتەوە وەزارەتی دارایی".
فراکسیۆنی گۆڕان کە وەزیری دارایی لە حیزبەکەیانە، لەو نێوەندەدا ئەنجامنەدانی چاکسازی و گرژییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بە هۆکار دەزانن بۆ بەردەوامیی لێبڕینی 21%ی مووچە.
عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان ئاماژەی بەوە کرد "ئەو داهاتانەی پێویستە بگەڕێندرێنەوە خەزێنەی گشتی نەگەڕێندراونەتەوە، بۆیە خاوە خاو کەوتووەتە پرۆسەی دابەشکردنی مووچە، ترس هەیە هەموو مانگێک ئەو خاوە خاوە درێژتربێتەوە، ئەوکات بە لێبڕینیشەوە مانگانە نەدرێت".
ئۆپۆزیسیۆن هۆشداری دەدەن کە حوکمڕانی لە لووتکەی شڵەژاندایە. شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو دەڵێت "ئەوە دانپێدانانی بەرپرسانی پارتی و یەکێتییە لە پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمان لەسەر گەندەڵییەکانیان، کە حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان بەداخەوە لە شڵەژاوترین دۆخی حوکمڕانییەتی".
پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکانی پێکهێنەری حکومەت، ئەمجارەیان بۆ یەکلاییکردنەوەی تۆمەتەکان لە هۆکاری لێبڕینی مووچە واژۆی ئەو یاداشتەیان کردووە کە کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمان لەسەر مووچە بێت، بەشێوەیەک کە نوێنەرانی حکومەت ئامادەبن یاخود نا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ