رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک رایدەگەیێنێت، ئەم ساڵ بەهۆی زیادبوونی ژمارەی قوتابییان، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە ملیۆنێک و 200 هەزار کتێبی بۆ رەوانە کردوون؛ 99٪ـشی بەسەر قوتابییاندا دابەشکراوە.
رۆژی شەممە، 26ـی ئەیلوولی 2026، کامەران عەلی، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ساڵانە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن کتێبی خوێندنی بۆ دەناردین، بەڵام ئەم ساڵ چونکە ژمارەی قوتابییان زیادی کردووە، ملیۆنێک و 200 هەزار کتێبیان لە قۆناخی باخچەی منداڵانەوە تاوەکو پۆلی 12ـی ئامادەیی بۆ دابین کردووین، تاوەکو ئێستاش لە 99%ـی ئەو کتێبانە بەسەر قوتابخانەکاندا دابەشکراون."
سەبارەت بە خواستی هاونیشتمانییان بۆ خوێندنی کوردی، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی گوتی: "ئەم ساڵ تاوەکو ئێستا 1000 قوتابی لە خوێندنی عەرەبییەوە گواستراونەتەوە بۆ قوتابخانە کوردییەکانی کەرکووک و پرۆسەی ناونووسین و تۆمارکردنیش بەردەوامە و دەگاتە 1500 قوتابیش".
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە سنووری پارێزگای کەرکووک 562 قوتابخانەی کوردی هەن و ژمارەی قوتابییانیش گەیشتووەتە 105 هەزار قوتابی.
لەبارەی رەوشی باڵەخانەی قوتابخانەکان و کەموکوڕییەکانیان، کامەران دەڵێ: "100 باڵەخانەی قوتابخانەکانمان پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە، کە 40ـیان زۆر کۆنن. لە ساڵی 2017ـەوە حکومەتی فیدراڵ هیچ ئاوڕێکی لە خوێندنی کوردی لە ناوچەکە نەداوەتەوە."
بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک باسی لەوەشکرد، کە ساڵانە لەلایەن چەند دەزگایەکەوە وەک (دەزگای خێرخوازیی بارزانی، روانگە و کوردستان فاوندەیشن) باڵەخانەکان نۆژەن دەکرێنەوە، بەڵام "بە پلەی یەکەم دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوکاریی سەرەکی پێشکەش دەکات."
خوێندنی کوردی لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانە، لە رووی میلاک و دابینکردنی کتێب و پێداویستییەکانەوە، سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.


