رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ئەگەر عێراق چەکی گرووپە چەکدارەکان و بەتایبەتی پەکەکە لە شنگال کۆنترۆڵ بکات، ئەوا تورکیاش "قۆناخ بە قۆناخ" بوونی سەربازیی خۆی لە عێراق کەم دەکاتەوە و کۆتایی پێدەهێنێت.
ئەمڕۆ شەممە، 26ـی ئەیلوولی 2026، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە نیویۆرک وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی وڵاتەکەی دایەوە. باسی لە کۆبوونەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد و رایگەیاند، "کۆبوونەوەیەکی باش بوو، یەکێک لە بابەتە گرنگەکان کە گفتوگۆی لەبارەوە کرا، پرسی شنگال بوو."
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، "بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە دەبینین کە لایەنی عێراقی ئامانجێکی سیاسیی داناوە بۆ کۆنترۆڵکردنی چەکی هەموو گرووپە چەکدارەکان لە وڵاتەکەدا. ئەمە دیدگایەکە کە پشتگیریی دەکەین. لەکاتی ئەنجامدانی ئەمەدا، بەتایبەتی لێسەندنەوەی چەک لەم شوێنانەی لەژێر کۆنترۆڵی پەکەکە و گرووپەکانی سەر بە ئەودان، لە سەرووی هەمووشیانەوە شنگال، کە وەک ئامانجێک بۆ خۆی داناوە، کارێکی گرنگە."
فیدان، لەبارەی بوونی هێزی سەربازیی وڵاتەکەی لە عێراق گوتی، "سەربازگەی باشیک بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لەگەڵ عێراقییەکان و لەسەر بانگهێشتی ئەوان کرایەوە. ئێستا، هەر کە نەخشەڕێگاکەی عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە تیرۆر و گرووپە چەکدارەکان بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، تورکیاش بیر لەوە دەکاتەوە بوونی خۆی لەوێ قۆناخ بە قۆناخ کەم بکاتەوە و کۆتایی پێ بهێنێت."
هاکان فیدان جەختی لەوە کردەوە سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئیرادەی وڵاتەکەی لەمبارەیەوە نیشان داوە و گوتی، "ئینشائەڵڵا دوای ئەوەی کۆتایی بە بوونی گرووپی تیرۆریستی لە سنجار (شنگال) هێنرا، بێگومان ئێمەش هەندێک هەنگاو دەنێین."


