پەرلەمانتارێکی عێراق: ئەمڕۆ هەڵەبجە دەبێتە 19یەمین پارێزگای عێراق

25-03-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەرمانی عێراق کۆببێتەوە. نوێنەرێکی هەڵەبجە لە پەرلەمان دەڵێت، پێشوەختە کۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنەکان کردووە و بەڵێنیان لێوەرگرتوون، کە دەنگ بە پڕۆژە یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بدەن.
 
چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دەنگدان بە پڕۆژە یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە یەکەم بڕگەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانە، ئامادەکاری باشی بۆ کراوە و چاوەڕوانین بە پێنج خولەک دەنگی لەسەر بدرێت".
 
بە گوتەی چرۆ حەمەشەریف، فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەگەڵ شیعە و سوننەی نێو پەرلەمانی عێراق پێشوەختە دانوستاندیان کردووە و ئەوانیش بەڵێنیان پێداون، پشتگیرییان بکەن و دەنگ بە پڕۆژە یاساکە بدەن.
 
بەگوێرەی خشتەی کاری پەرلەمانی عێراق، کۆبوونەوەکە کاژێر 08:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە دەستپێدەکات.
 
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دوێنێ رایگەیاند، "رەزامەندیی بەڕێزان سەرۆکی پەرلەمان و جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانم وەرگرت، بۆ ئەوەی دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە بۆ دانیشتنی سبەی.
 
چرۆ حەمەشەریف ئاماژەی بەوەشکرد، شەوی رابردوو لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق بۆ دەنگدان بە پڕۆژە یاساکە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان لەسەر هێڵ بووە.
 
پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە، خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە و تەنیا دەنگدانی ماوە. بۆ دەنگدان بە پڕۆژەیاساکە، زیاتر لە 120 واژۆی پەرلەمانتاران کۆکراونەتەوە و دراوەتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان.
 
لە ساڵی 2013 نێچیرڤان بارزانی، پڕۆژە یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی پێشکێشی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق کرد و لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسندکرا. 10 ساڵ دواتر و لە کابینەی محەممەد شیاع سوودانی، لە پڕۆژە یاساکە درایەوە پەرلەمانی عێراق.
 
هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان بە فەرمی وەکو چوارەم پارێزگا لە 13-03-2014ـەوە بە بڕیار ناسێندراوە.
 
ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە نزیکەی 120 هەزار کەسە. پارێزگاکە لە دوو قەزا و سێ ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و قەزای خورماڵ، ناحیەکانی بیارە، بەمۆ و سیروان.
 
16ـی ئاداری 1988، رژێمی پێشووی عێراق، شاری هەڵەبجەی کیمیاباران کرد، لە ئەنجامی ئەو تاوانەدا نزیکەی 5 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و بە هەزارانیش بریندار بوون، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی هەڵەبجە لە جیهانیشدا ناسراو بێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی دوێنێ شەوی مەزڵووم عەبدی و ئەنەکەسە.

مەزڵووم عەبدی رۆژی کۆنفرانسیی نەتەوەیی دیاریکرد و ئەنەکەسەش پێشوازی لێدەکات

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە راگەیێندراوێکدا گوتی، رۆژی 26ـی ئەم مانگە لە رۆژئاوای کوردستان کۆنفرانسی "یەکڕیزیی هەڵوێستی کورد" بەڕێوەدەبەن. ئەنەکەسەش دەڵێت، کۆنفرانسەکە بە پشتگیریی سەرۆک مەسعود بارزانی و جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی بەڕێوەدەچێت.