رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بە مەبەستی پێشخستنی ناوچە کەم گەشەسەندووەکان، ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنەران دەکرێت و پڕۆژەکانی ئەو ناوچانە لە هەندێک رسومات دەبەخشرێن.
رۆژی دووشەممە، 24ـی شوباتی 2025، د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو ناوچانەی کەم گەشەسەندوون وەکو هەڵەبجە، شەقڵاوە، دەوروبەری دهۆک، راپەڕین، سۆران، شێلادزێ و دەوربەری هەولێر، لەکاتی پڕۆژەی وەبەرهێناندا لە هەندێک رسومات دەبەخشرێن."
هەر پڕۆژەیەک 1%ـی کرێی خزمەتگوزاری لێ وەردەگیرێت. د. محەممەد شوکری دەڵێت، "پڕۆژەی ناوچە کەم گەشەسەندووەکان لەو بڕیارە دەبەخشرێن."
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان گوتی، "ئەم لێخۆشبوونە بۆ پڕۆژەکانی کشتوکاڵی، پیشەسازی و گەشتوگوزارە لە ناوچە کەم گەشەسەندووەکان."
هەر لەو چوارچێوەیەشدا، لە ماوەی رابردوودا دەستەی وەبەرهێنان رایگەیاند، پێداچوونەوە بە مۆڵەتی وەبەرهێنان دەکات بە مەبەستی ئاسانکاری لە هەنگاوەکانی پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنان.
ئێستا پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنان ساڵێک تاوەکو سێ ساڵ دەخایێنێت. سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت: "لە هەوڵداین نەخشەڕێگەیەک بۆ پڕۆسەی پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنان دابنێین، ژینگەیەکی لەبارتر و ئاسانکاریی زیاتر بۆ وەبەرهێنان ئامادەبکەین، پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنان کات و هەنگاوی کەمتری بوێت."
ساڵانە لە دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەت بە کۆمەڵێک پڕۆژە لە هەموو سێکتەرەکان دەدرێت. بەپێی ئامارەکانی دەستەی وەبەرهێنان، پار لە هەرێمی کوردستان مۆڵەت بە 183 پڕۆژە دراوە.
هەر بەپێی ئامارەکانی دەستەی وەبەرهێنان، لە 1-8-2006ـەوە تاوەکو 23ـی کانوونی یەکەمی 2024، هەزار و 394 پڕۆژە لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتیان پێدراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ