رووداو - هەولێر
دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران بەڕووی ئاڵوگۆڕی بازرگانی کرانەوە و بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە مەرج رێگە بە هاتنە ناوەوەی بارهەڵگرە ئێرانییەکان دەدرێت.
ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، تەنیا ماوەی 24 کاژێر دەروازە سنوورییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان داخراون و لە کاژێر 4ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆوە دەروازەکان بەڕووی ئاڵوگۆڕی بازرگانی کرانەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، تەنیا رێگە بە تانکەری سووتەمەنی و ترانزێتەکان دەدرێت بێنە ناو هەرێمی کوردستان، بەو مەرجەی نەیەنە ناو شارەکان و تەنیا دەتوانن تاوەکو کۆگاکانی دەرەوەی شارەکان بڕۆن.
ساماڵ عەبدولڕەحمان جەختی لەوە کردەوە، لە دەروازە سنوورییەکان هەموو رێوشوێنێکی تەندروستی دەگیرێتەبەر و پشکنین بۆ شۆفێرەکان دەکرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ ئاماژەی بەوەش کرد، هەموو بارهەڵگرەکان لەژێر چاودێریی هێزە ئەمنییەکان هاتووچۆ دەکەن و بە هیچ شێوەیەک رێگەنادەن شۆفێری بارهەڵگرە ئێرانییەکان تێکەڵی خەڵک ببن.
بەپێی زانیارییەکان رووداو، کردنەوەی سنوورەکان لەگەڵ ئێران بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەژێر چاودێرییەكی وردی پشكنینی تەندروستی دەبێت.
ماوەی چەند رۆژێکە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران بڵاوبووەتەوە، 95 حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە تۆمارکراون و 15 کەس گیانیان لەدەستداوە، بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەش حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند رێوشوێنێکی گرتووەتەبەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ