رووداو دیجیتاڵ هێشتا نزیکەی دوو مانگ بۆ وەرزی زستان ماوە، بەڵام سەرما و سۆڵە بووەتە مێوانی دانیشتووانی ناوچەکە. لێرە گوندی روستە لە دەڤەری باڵەکایەتی؛ گوندێک کە جوانیی سروشت و دارستانەکانی بەشێکن لە ناسنامەکەی، بەڵام لەم رۆژانەدا لە بەرپەنجەرەی هەر ماڵێک کۆمەڵێک داری بڕدراو دەبینرێن. ماوەی 15رۆژە خەڵکی گوندەکە بخارییان داگیرساندووە و خۆیان بۆ سەرما و سەختیی وەرزی زستانی سنوورەکە ئامادە دەکەن. کوێستان سەعید، هاونیشتمانییەکی گوندی روست لەبارەی ئامادەکارییەکانیان بۆ وەرزی سەرما بە رووداوی راگەیاند: "نزیکەی مانگێکە باری سەرما رووی تێکردووین و بخاری کۆنەپەڕمان داناوەتەوە؛ کەشوهەوای ئێرە زۆر سارد بووە، بەتایبەت لە شەواندا. دار گوێز، سپیندار و خۆخ لە ناو باخەکانماندا کاتێک وشک دەبن، دەیانبڕین و دەیانسووتێنین. تاوەکو بۆمان بکرێت داری تەڕ نابڕین؛ کەسێکیش داری نەبێت، خەڵکی دیکەی گوند هاوکاری دەبن و دارێکی پێ دەدەن تاوەکو بۆ خۆی بیبڕێت." ئەو دارانەی لە بەرپەنجەرەی ماڵەکان کۆکراونەتەوە، لە دارستان و پاوانی نزیک گوندەکە بڕدراون؛ زۆربەیان داری وشکن، بەڵام داری تەڕیشیان تێدایە. خەڵکی ناوچەکە لە ناچاریدا دار لەبری نەوت بەکاردەهێنن. هیچ کەسێک لە گوندی ڕوست و گوندەکانی دیکەی سنوورەکە، بڕە نەوتێکی ئەوتۆ لە ماڵەکانیاندا نییە. لە ترسی بەرزیی تێچووی بەکارهێنانیش، کارەبا بۆ زۆربەی خەڵک جێگرەوەیەکی ئاسان و گونجاو نییە. خۆشەوی محەممەدئەمین، هاونیشتمانییەکی دیکەی گوندەکەیە و بە رووداوی راگەیاند: "ساڵانی رابردوو بەرمیلێک نەوتمان پێ دەدرا، بەڵام بۆ ئەم ساڵ دیار نییە ئەو بەرمیلە نەوتەشمان پێ دەدرێت یان نا. لەم ناوچە شاخاوییە ساردەدا، بەرمیلێک نەوت زۆر کەمە؛ بە خودا سێ بەرمیلیش بێت هەر تێڕانەکات." هاوکات، ئەحمەد ڕوستایی، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی گوندەکە بە رووداوی راگەیاند: "نرخی کارەبا زۆر گرانە، ئەگینا لەبری سووتەمەنی کارەبامان بەکاردەهێنا. لە ماڵەوە شەوان کاتێک گڵۆپێک داگیرسێنین، دەبێت گڵۆپێکی دیکە بکوژێنینەوە دا بڕی پارەکەی زۆر دەرنەچێت." لە دەوروبەری گوندەکەدا بە ئاسانی گوێبیستی دەنگی ئامێر و مشاری بڕینی دار دەبیت. لە لایەکەوە، خەڵک لە ترسی سەرما و باری قورسی ژیان، بەدوای سووتەمەنییەکی هەرزانتردا دەگەڕێن؛ لە لایەکی دیکەشەوە، دارستانە سروشتییەکان باجی ئەو بارودۆخە دەدەن و بەهۆی بڕینی بەردەوامەوە بەرەو لەناوچوون دەچن.