شارەوانیی سلێمانی: دابەشکردنی زەوی نەوەستاوە؛ چاوەڕێی گەڕاونەوەی ناوەکانین لە وەزارەتەوە

25-01-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانییەکانی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، تاوەکو ئەمڕۆ "کەمترین فەرمانبەر" زەوییان وەرگرتووە و زۆرینەیان لە چاوەڕوانی وەرگرتنی زەویدان.
 
ئاوات دەباخ، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "جگە لە فەرمانبەرانی شارەوانی سلێمانی، زۆرینەی فەرمانبەرانی دیکە لە بەڕێوەبەرایەتییەکان تاوەکو ئەمڕۆ زەوییان وەرنەگرتووە".
 
لە سنووری پارێزگای سلێمانی نزیکەی 20 هەزار کەس مافی وەرگرتنی زەوییان هەیە، بەڵام ئاوات دەباخ دەڵێت: "نزیکەی هەزار و 100 کەس زەوییان وەرگرتووە و ئەوانی دیکە تاوەکو ئەمڕۆ زەییان وەرنەگرتووە".
 
هەر ئەمڕۆ زەردەشت رەفیق، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دابەشکردنی زەوی رانەگیراوە، بەڵکو ناوەکان لە وەزارەتی شارەوانین و ئێمەش چاوەڕێی رێکارەکانین".
 
گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد: "هەرکاتێک وەزارەتی شارەوانی ناوەکانی گەڕاندەوە، رێکارەکان تەواو بوون و فەرمانی وەرگرتنی زەوی بۆ هەر ناوێک دەرکرد، ئێمەش رێکارەکانی دابەشکردنەکە دەستپێدەکەین".
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ تەنیا بەشێکی فەرمانبەران لە پارێزگاکانی دیکەش زەوییان وەرگرتووە و زۆرینە فۆڕمیان پڕکردووەتەوە و لە چاوەڕوانی وەرگرتنی زەوییەکەیاندان.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان 27ـی ئاداری ئەم ساڵ بڕیاری دابەشکردنی زەوی بۆ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە دا کە سوودمەند نەبوون. بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024 لە ژمارە 219ـی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە.
 
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت؛ دابەشکردنی زەویش بەشێوەی تیروپشک دەبێت، هەروەها بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت و سێ مەرج دیاریکراون کە ئەمانەن: ساڵانی خزمەت، ژمارەی ئەندامانی خێزان و شوێنی نیشتەجێبوون.
 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە