رووداو دیجیتاڵ
شەوی 24 مانگ ئێوارەی کریسمسی کریستیانەکانە، لە کوردستانیش هاوشێوەی وڵاتانی دیکە، کریستیانەکان لە کەنیسە و ماڵەکانیان کۆدەبنەوە، بە خواردن دروستکردنی کولیچە و سەروپێ و ئامادەکارییەکانی دیکەوە سەرقاڵ دەبن.
هەروەکو جەژنی موسڵمانان، کریستیانەکانی هەرێمی کوردستان، سەردانی کەسوکار و دراوسێکانیان دەکەن و گەردن ئازادی دەکەن.
لیلیا پەیامنێرە ئۆکراینییەکەی رووداو، مەسیحیە لە ماڵەکەی خۆیدا دارێکی کریسمسی لە ماڵەکەی داناوە، دەڵێت، ئەمە شەشەمین ساڵە داری کریسمس لە هەولێر دەڕازێنێتەوە. دەچێتە ماڵی ماریا سەلمان کە هەموو شوێنێکی ماڵەکەی رەنگی کریسمسی گرتووە، ئەو ژنە تەمەنی 78 ساڵە، جلێکی کولتووری کوردەواری لەبەرکردووە و دەڵێت، "ئێمە ئەم گۆرەوییانە لەپێ دەکەین لەگەڵ مێردەکەم، سەردەمەکە گۆڕاوە ئێستا بە منداڵەکانم بڵێم ئەو گۆرەوییە لەپێ بکەن، پێم پێدەکەنن."
شیلان سلیڤاش، دانیشتوویەکی قەزای شەقلاوەیە، ژنێکی بە سەلیقە و دەسترەنگینە، لە ماڵەکەیدا دەتوانیت سیمای و رەنگ و دار و مۆم و کەرەستە جوانەکانی کریسمس ببینیت. هەر مۆمێکیش لەژێر داری سەری ساڵدا مانای تایبەتی خۆی هەیە.
شیلان سلیڤاش لەو بارەوە دەڵێت، "مۆمی یەکەم دادەگیرسێنین، بەبۆنەی هاتنی جوبرائیل بۆلای حەزرەتی مریەم، دووەم دانە لە بەشارەدا هەڵدەکەین، مۆمی سێیەمیش بەبۆنەی میلادیی و مۆمی چوارەمیش بەبۆنەی سەری ساڵەوە دادەگیرسێنین."
هەروەها شیلان سلیڤاش گوتی، "سەری ساڵ جیاوازە لە رۆژەکانی دیکە، پێکەوە دادەنیشین، وا هەست دەکەین هەموو دنیا بۆتۆیە، هەست دەکەیت گۆڕانکارییەک هەیە لە ژیانتدا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ