عوسمانی حاجی مەحموود ساڵی 2014 دژی رێککەوتنی پارتی و گۆڕان نەبووە

24-12-2018
مەحموود یاسین کوردی
نیشانەکردن عوسمانی حاجی مەحموود
A+ A-

رووداو - هەولێر

لە ژمارە (522)ی رۆژی 24-9-2018ی هەفتەنامەی رووداو بیۆگرافیای عوسمانی حاجی مەحموود، سەركردەی دیاری پێشووی گۆڕان بڵاوكرایەوە‌، لە بەشێكی راپۆرتەكە ئاماژە بەوەكرابوو كە عوسمانی حاجی مەحموود دژی بەشداری بزووتنەوەی گۆڕان بووە لە كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و رێككەوتنی پارتی و بزووتنەوەكە بووە.

سەرچاوەیەک لە پەیوەندییەکدا بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "کاك عوسمان دژی رێككه‌وتنی پارتی و گۆڕان نه‌بوو بۆ به‌شداری گۆڕان له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ساڵی 2014، بەڵكو لەگەڵ رێككەوتن و بەشداریکردن بوو، به‌ڵام به‌پێی چه‌ند مه‌رجێك. ئەو كاتیش كاك نەوشیروان مستەفا بۆچوونی وەرگرتووە و لە كوبوونەوەی گرووپی راوێژكارانی خۆی بە راشكاوانە ئەوەی گوتووە".

سەبارەت بە مەرجەكانی عوسمانی حاجی مەحموود ئەو سەرچاوەیە گوتی "پێشنیازی بۆ كاك نه‌وشیروان كردووه‌ كه‌ گۆڕان له‌ ئاماده‌كردن و نووسینی به‌رنامه‌ی كابینه‌ی هه‌شتەمدا به‌شدار بێت و له‌ناو به‌رنامه‌كەدا‌ چه‌ند خاڵێك بكاته‌ ئه‌وله‌ویه‌ت و سه‌قفی زه‌مه‌نی دابنێت بۆ كاركردن له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ئه‌و خاڵانه‌، ئه‌گه‌ر له‌ ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا كه‌ له‌ ساڵێك زیاتر نه‌بێت، نه‌توانرا به‌شێك له‌و خاڵانه‌ جێبه‌جێبكرێت و ئاسته‌نگ و به‌ربه‌ربه‌ست دروستكرا، ئه‌و كاته‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا به‌ راگه‌یێندراوێك هۆكاره‌كان بۆ رای گشتی بڵاوبكاته‌وه ‌و له‌ حكومەت بكشێته‌وه‌، دوای دروستبوونی كێشە سیاسییەكان كاك نەوشیروان مستەفا گوتبووی خۆزگە بە قسەی عوسمانی حاجی مەحموودمان بكردبایە".


عوسمانى حاجی مەحموود کێیە؟

- ساڵی 1963 له‌ یه‌كێك له‌ گوندەکانی گه‌رمیان له‌دایكبووه‌، به‌ڵام به‌پێی ناسنامه‌ی باری شارستانی‌ له‌دایكبووی ساڵی 1968 تۆماركراوه‌.

- تاوەکو پۆلی سێی ناوه‌ندی خوێندووه‌.

- ساڵی 1980 له‌ ته‌مه‌نی 17 ساڵیدا په‌یوه‌ندی كردووه‌ به رێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان.

- سه‌ره‌تای ساڵی 1981 ژماره‌یه‌ك له‌ هاوڕێكانی رێكخستنی له‌ لایه‌ن ده‌زگاكانی بەعسەوە‌ ده‌گیرێن و هه‌وڵی گرتنی عوسمانی حاجی مه‌حموود و چه‌ند كه‌سێكی دیکەی ناو رێكخستنه‌كان ده‌ده‌ن، هه‌مانكات خوێندن به‌جێده‌هێڵێت و په‌یوه‌ندی ده‌كات به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان.

- ساڵی 1982 لەگەڵ چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ك له‌لایه‌ن حکومەتی عێراقەوە به‌پێی پلانی ژماره‌یه‌ك هاوكاری بەعس ده‌گیرێن، به‌ڵام پێش بڕیاردان له‌ سزادانیان به‌ڕێكه‌وت به‌ هۆی لێبووردنی گشتییه‌وه‌ ئازادده‌كرێن.

- له‌ ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیدا شەش جار برینداربووه‌.

- له‌ پاش ئه‌نفال و نه‌هێشتنی گوند و ئاوه‌دانی، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك فه‌رمانده‌ و كادر و پێشمه‌رگه‌ له‌ گه‌رمیان ماونه‌ته‌وه‌ و سه‌رپه‌رشتی به‌شێك له‌ پارتیزانه‌كانی كردووه‌ تاوەکو راپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی 1991.


- ڕۆژی  11-3-1991 باوك و برایه‌كی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك خه‌ڵكی ده‌وروبه‌ری كفری و كه‌لار له‌لایه‌ن هێزه‌كانی موجاهدینیی خه‌ڵق له مه‌فره‌قی ‌سلێمان به‌گ، سه‌ر رێگای كه‌ركووك به‌غدا له‌لایه‌ن هێزه‌كانی موجاهدینی خه‌ڵق دەکوژرێن. به‌ڵام شه‌ڕه‌كه‌ی به‌جێنه‌هێشتووه‌.

- له‌ پاش راپه‌ڕین كه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان رێكخراوه‌ته‌وه‌، عوسمانی حاجی مەحموود كراوه‌ به‌ فه‌رمانده‌ی هێزی دووی قه‌ره‌داغ.

- پاش هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و دامه‌زراندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و یه‌كخستنی هێزی پێشمه‌رگه‌ و پێكهێنانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه،‌ بووه‌ به‌ فەرماندەی سنوور‌ی كه‌ركووك.

- ساڵی 1991 ئه‌ندامی كۆنگره‌ی 1ی یه‌كێتیی نیشتیمانی كوردستان بووه‌ و خۆی هه‌ڵبژاردووه‌ بۆ سه‌ركردایه‌تی و ده‌نگی پێنجه‌می هێناوه‌.

-  ساڵی 1995 بووه‌ته‌ لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی 2ی كه‌ركووك.

-  ساڵی 1996 فه‌رمانده‌ی له‌شكری كه‌ركووك بووه‌.

- ساڵی 1998 بووه‌ به‌ ئه‌ندامی فه‌رمانده‌یی گشتی هێزی پێشمه‌رگه‌.

- ساڵی 1999 بووه‌ به‌ لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی راپه‌ڕینی یەکێتی.

- سه‌ره‌تای ساڵی 2001 له‌ كۆنگره‌ی دووه‌می یه‌كێتی دیسان ده‌نگی پێنجه‌می هێناوه‌ و بووه‌ به‌ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی.

- له‌ ساڵی 2003دا فه‌رمانده‌ی ئازادكردنی باشووری كه‌ركووك- حه‌مرینی پێسپێردراوه‌.

- مانگی  6ی 2003 بووه‌ به‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی.

- كۆتایی ساڵی 2003 بووه‌ به‌ وه‌زیری ناوخۆ.

- یه‌كێك بووه‌ له‌ دامه‌زرێنه‌ران و ئه‌ندامانی باڵی ریفۆڕم له‌نێو یه‌كێتیدا له‌ ساڵی 2004دا.

- مانگی2ی 2009 وازی له‌ مه‌كته‌بی سیاسی و وه‌زیری ناوخۆ هێنا و له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فا و هاوڕێكانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیان دامه‌زراند.

- ئه‌ندامی دامه‌زرێنه‌ری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بوو، به‌ڵام دواتر وازی له‌ ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی له‌ بزووتنه‌وه‌كه‌ هێنا

- خێزانداره‌ و باوكی كوڕێك و سێ كچە.



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە