ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی گرووپێکی داعش رادەگەیێنێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
دیمەنی ئەو ڤیدیۆیەی ئاسایش لەبارەی گرووپەکە بڵاویکردەوە.
دیمەنی ئەو ڤیدیۆیەی ئاسایش لەبارەی گرووپەکە بڵاویکردەوە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایش لە سلێمانی دەستگیرکردنی "گرووپێکی مەترسیداری داعش" رادەگەیێنێت و دەڵێت، "ویلایەتی کوردستان"ـی هەڵوەشاندووەتەوە و تۆڵەی شەهیدانی قەرەداخ و ناوشوانی کردووەتەوە.
 
گرووپەکە لەژێر ناونیشانی "ویلایەتی کوردستان" کاریان کردووە، بەپێی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکان، یەکێک لە ئیشەکانیان رفاندنی بازرگانان بووە بەمەبەستی کۆکردنەوەی پارە و ناردنی پارەکە بۆ گرووپەکانی دیکەی داعش و سەرکردە باڵاکانیان.
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش - سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە، لە راگەیێندراوێکدا ئەمەی راگەیاند.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش، لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە رۆژی 9-8-2024 تاوەکو 22-11-2024 بە بڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش توانیان چەندین ئۆپەراسیۆنی کێوماڵکردن بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر و هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان و دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق ئەنجام بدەن".
 
ئەوەش هاتووە، "لە درێژەی چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایش، بەشێوەی بەردەوام لەپێناو دەستگیرکردنی ئەندامانی گرووپی تیرۆریستی داعش و هەڵوەشاندنەوەی (ویلایەتی کوردستان)، چەندین ئۆپەراسیۆنیان ئەنجامداوە لە سنووری سلێمانی، کەرکوک، هەڵەبجە، رانیە، تەکیەی جەباری، تەکیەی کاکەمەند، ناوچەی شارەزوور، ناڵپارێز، دەربەندیخان، پیرەمەگروون، قۆپییەکانی قەرەداخ، ناوچەی سەنگاو، جەبەل بۆر، چیای زەمبوور، ناوچەی ناوشوان، گوندی ژاژ لە نزیک قەزای چەمچەماڵ، تەقتەق و شاخی قەرەسرد".
 
ئاسایش پیلان و بەرنامەکانی ئەو گرووپەی بەم شێوەیەی خوارەوە پۆلێن کردووە:
 
- بەستنەوەی پەیوەندی شانە نووستووەکانی داعش لە کوردستان و عێراق لەگەڵ تیرۆریستان لە وڵاتانی تورکیا و ئێران.
- جموجۆڵی بەردەوامیان لە ناوچەکە هەبێت.
- دانانی بازگەی کاتی بە جلوبەرگی سەربازی.
- رفاندنی بازرگانان بۆ کۆکردنەوەی پارە و ناردنی بۆ رێکخراوی تیرۆریستیی داعش.
- کردنە ئامانجی دەزگا ئەمنییەکان و بەرپرسی حکومی و حیزبی و هاووڵاتیان و بازگە و سەربازگەکان.
 
ئاسایش دەڵێت، "لە کۆی ئەم پڕۆسەیەدا دەزگای ئاسایشی هەرێم سێ شەهیدی بە ئارامی و ئاسایشی کوردستان بەخشیوە، دوو شەهیدی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی بەناوەکانی (هونەر تالیب و شەماڵ مەحموود) و شەهیدێک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایش بەناوی (محەممەد رەشید قادر) لەگەڵ سێ بریندار، هەروەها سێ کارمەندی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بریندار بوون. لە کۆی ئەم پڕۆسەیەدا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ویلایەتی کوردستان پێنج تیرۆریستی داعش کوژران و 14 تیرۆریست دەستگیرکران و دەستیشگیراوە بەسەر ژمارەیەک چەک و تەقەمەنی و پشتێنی خۆکوژی و دووربینی سەربازی (حەراری)، سەرجەم مۆڵگەکانیان خاپوور کران".
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپراسیۆنەکان باس لەوەش دەکات، ژمارەیەک گومانلێکراویان لە ماوەکانی رابردوو دەستگیرکردووە و دوای "چاکسازیکردن تێیاندا" ئازادیان کردوون، "لە ماوەی رابردوودا بۆ رێگریکردن و پارێزگاری لە هاووڵاتیان لە بیری توندڕەوی و تیرۆر، لە چوارچێوەی (وڵاتپارێزی و خەڵکپارێزی)، هەڵمەتێکمان لە ناوچەی شارەزوور بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک گومانلێکراو ئەنجامدا و لە دوای دەستگیرکردنیان و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەکان، پلانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایش سەرکەوتوو بوو، توانرا دەستگیرکراوەکان (ئیسڵاح - چاکسازی) بکرێن و بگەڕێنەوە ناو خێزانەکانیان".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و داودئۆغڵو لە دهۆک لە 22-11-2024.

ئەحمەد داودئۆغڵو پەسنی هەڵوێستەکانی سەرۆک بارزانی دەدات

ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئاییندە کە پێشتر وەزیری دەرەوە و سەرۆکوەزیرانی تورکیا بووە، رۆژی یەکشەممە 24-11-2024 لە نووسینێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ستایشی سەرۆک بارزانی کرد.